ئاو لە ١٠٠ گوند و ٤ شاری پارێزگایەکی ئێران بە تەواوی بڕا

وشکەساڵی بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەی شارەکان ئاوەکانیان بە تەواوی بپچڕێت لە هاوینی ئەمساڵدا، ١٠٠ گوند و چوار شار بۆ کۆی گشتی شار و گوندە بێ ئاوییەکانی ئێران زیادکران.

 

ناوەندی هەواڵ

لەم دواییانەدا جێگری وەزیری کار و گەشەپێدانی ئاوی پارێزگای چەهەر مەحەل و کۆمپانیای ئاوی بەختیاری و سێورایگ لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندندا وتی: "هەتا ساڵی ڕابردوو بە تانکەر ئاوی خواردنەوە بۆ نزیکەی ١٠٠ گوندی پارێزگاکە دابیندەکرا، کە بەهۆی وشکەساڵی هاوینەوە ئەو ژمارەیە بۆ ٢٠٠ گوند زیادیکرد".

 

هۆکاری زیادبوونی ئەو ژمارەیەشی گەڕاندەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و وشکبوونی کانی و بیرە وەرزییەکان، هەروەها بەپێی وتەی بەرپرسانی شارەکانی، لۆردگان، ئەرداڵ، کیار، کۆهرانگ، شەهرەکورد و چەند شارێکی دیکەش وشکە ساڵی و بێ ئاوی کاریگەری لەسەریان هەبووە بە کردنەوەی ئەو پرۆژانەی لە پلاندایە چارەسەر نابێت.

 

کەمی بارانبارین، دروستکردنی بەنداو بە بێ بەرنامە و سیاسەتی چەوتی رژێمی ئێران لە دابینکردنی ئاو، بووە هۆی لەدەستدانی ئاوی خواردنەوە بۆ ژمارەیەکی زۆری دانیشتووان لە زۆربەی شار و گوندەکانی ئێران.

 

ت.پ