ئاشتی ڕەفیق: ژنان لە بەڕێوەبردندا سەرکەوتوون تۆوی ڕێز دەچێنن
ئاشتی ڕەفیق، بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كۆیە، سەبارەت بە پێگەی ژن لە پۆستەكانی بەڕێوەبردندا دەڵێت: ژنان زۆر سەرکەوتوون لە بەڕێوەبردن، پێویستە پۆستەكانی قائیمقامیەت بدرێت بەژن.
شلێر کۆیی
کۆیە_ گرنگی وەرگرتنی پۆستە باڵاکان لەلایەن ژنانەوە وەرگرتنی پۆستە باڵاکان و بەشداریکردنی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا، تەنها بابەتی یەکسانیی جێندەری نییە، بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک، کاتێک ژنان دەگەنە لوتکەی دەسەڵات و بەڕێوەبردن، دیدگا و ئەزموونی جیاواز دەهێننە کایەوە کە دەبێتە هۆی دەرکردنی بڕیاری گشتگیرترو ژیرانەتر. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ئەو دامەزراوانەی ژنان تێیدا سەرکردەن، زۆرجار لێهاتوویی و بەرهەمهێنانیان زیاترە، چونکە ژنان توانایەکی بەرزیان هەیە لە دروستکردنی هاوسەنگی و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوازی دیپلۆماسی، جگە لەوەش، بوونی ژنان لە پۆستە باڵاکاندا دەبێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ نەوەی نوێ و ژنانی گەنج تا بڕوایان بە تواناکانی خۆیان هەبێت و خەون بە گۆڕانکاریی گەورەوە ببینن. بە کورتی، کۆمەڵگەیەک کە ژنان فەرامۆش بکات، ناتوانێت بە تەواوی گەشە بکات و بەردەوام دەبێت لە دەستدانی دەرفەتە زێڕینەکان.
لە ئێستادا جێی خۆشحاڵیە کە دەبینین ژنان لە زۆربەی بەڕێوەبەرایەتیەکان پۆستی باڵایان هەیەو بەڕێوەبەرن لە شارێکی وەک کۆیە، زیاتر لە حەوت بەڕێوەبەری ژن هەیە، جگە لە بەڕێوەبەری خوێندنگەو و باخچەکان، یەکێک لەو بەڕێوەبەرە سەرکەوتووانە ئاشتی ڕەفیق، بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرەجوانەکانی شەهید جەعفەری کۆیەیە، کە ماوەی شەش ساڵە بەسەرکەوتووانە کارەکانی بەڕێوە دەبات.
"پێویستە ژنان بە ویژدان و باوەڕییەوە کار بکەن"
ئاشتی ڕەفیق، بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرەجوانەكانی كۆیە، سەبارەت بە پێگەی ژن لە پۆستەكانی بەڕێوەبردن دا، بۆ ئاژانسی نوژنها وتی: وەكی ژنێكی سەركەوتوو لە بەڕێوەبردن ئەوەی دەبینم ژنان زۆر سەركەوتوون لە بەڕێوەبردن لەهەر شوێنێک بێت، بۆیە لەڕێگەی ئاژانسەكەتانەوە داوادەكەم لە حكومەتی هەرێمی كوردستان باڵانسی جێندەری ڕابگرن لە نێوان پێاوان و ژنان، گرنگی بەڕۆڵ بدرێت بە ژنان، چونكە ژنان زۆرسەركەوتوون لە بەڕێوەبردندا، ئەو هۆكارانەی وادەكات ژنان سەركەوتووتربن لە بەڕێوەبردندا ئەوەیە کە ژنان زیاتر وردترن لە كارەكان، هاوكات ژنان بەوە زیاتر سەركەوتوون كە تۆوی ڕێزو خۆشەویستی دەچێنن وهەوڵدەدەن پێگەی خۆیان بچەسپێنن و میهرەبانتر بن، خاڵێكی دیكە بۆ ئەوەی ژنان سەركەتووبن پێویستە بە ویژدان و باوەڕییەوە كاربكەن وچۆن لەناو خێزان ومنداڵەكانی دادپەروەرە دەبێت لە كارەكەشی وابێت.
مامۆستا ئاشتی جەختیشی لەوەکردەوە کە ژنان زیاتر لە ئەركی خۆیان كاردەكەن و ماندوو دەبن و خزمەت بە پێگەو شارەكەیان دەكەن، ژنان دەتوانن پۆستە باڵاكانیش وەربگرن و وتی: زۆر جار دەوترێت ژنان تەنها بۆ پۆستە پەروەردەییەكان باشن، بەڵام بەبۆچونوی من بۆ هەر پرسێك بێت ژنان توانایان هەیە سەركەوتوو بن، وەك لە پۆستەكانی پەروەردەو خوێندنی باڵا و قایمقامیەت، زۆر پێویستە قایمقامیەت ژن بێت چونكە ژنان زیاتر کارگێڕی ترن وكەمو كورتییەكان زیاتر دەبینن، لەهەمانكاتدا ژنان دەتوانن لە پۆستەكانیان نوێگەری وداهێنان و چاکسازی بكەن، چونكە خوای گەورە ژنی زۆربەگەورەیی درووستكردووە و كەسایەتیەكی جدیی و وردی هەیە، و رۆڵی دایك دەبینێت، بۆیە پی وتراوە بەهەشت لە ژیر پێی دایكانە، گەر بپرسین بۆچی ژنان سەرکەوتووترن، بە بۆچوونی من چونکە ئێمەی ژنان لە منداڵیەوە وا ڕاهاتوین ماڵداری بکەین کاری بەڕێوەبردن بکەین، بۆیە ئەوە لە مێشکمان چەسپاوە کە چۆن ئیدارەی کارەکانمان بکەین، هاوکات دەبێت ژنان پارێزەری خۆیان بن و پێگەی خۆیان بپارێزن ، ئارام بن و کەسایەتی خۆیان بپارێزن بەتایبەت لە ئێستا دا، چونکە کارکردن قورسبووە و بۆ ژنان دە هێندەی پیاوان ئەرکیان زۆر ترە ، لەگەڵ ئەوەشدا بەربەرەکانی هەیە لەگەڵ ژنان و کەسانێک دژی دەوەستن، من هەموو کات دەڵێم تۆ ئەو کەشتیە بە کە ئاوەکەی بەهەردوو دیوی خۆی لادەدات و خۆی ڕێڕەوی خۆی وەردەگرێت.
لەکۆتایی قسەکانیدا مامۆستا ئاشتی وتی: وگەرباسی سەرکەوتنی خۆم بکەم وەک ژنێک هەر لە ساتی دەستبەکاربونم تیشکم نەخستە سەر تەنها کارەکانی بەڕێوەبردن، جگە لە نۆژەنکردنەوەو سازکردنی چەندن فێستیڤاڵ و کاری جوان بە پاڵپشتی مامۆستایان و خوێندکاران، لەزۆر شۆێنی دیکەی ئەو شارە خزمەتم کردووەو خەڵکی شاڕەکەم دان بەوە دادەنێن کە وەک ژنێک چەند کاری پیرۆزم پێشکەش کردووە، هیوادارم زیاتر خزمەت بکەم.