یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی و مافی کرێکاران لەکەرتی تایبەت لەهەڵەبجە تاوتوێ کرا

لە هەڵەبجە لە وۆرکشۆپێکدا یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی و مافی کرێکاران لەکەرتی تایبەت تاوتوێ کرا، ئامانج لێی ئاشناکردنی کرێکاران بوو بە مافەکانیان.

ڕێژنە سەلام 

 

هەڵەبجە- دوێنێ ٣٠ی نیسان، لە هۆڵی رێکخراوی نوێ لە پاریزگای هەڵەبجە، هەریەک لە سەنتەری راهینان و پیشەیی و بەریوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی ودەستەی هاوئاهەنگی ریکخراوەکانی هەڵەبجە، وۆرکشۆپیاکیان سەبارەت بە  دەستەبەری کۆمەڵایەتی و مافی کریکاران لەکەرتی تایبەت بەڕێوەبرد. 

 

لە وۆرکشۆپەکەدا ژمارەیک لە کرێکاران و سەندیکای کریکارانی کوردستان ئامادەبوون، لەو بارەیەوە تارا عەبدوڵا، بەرێوەبەری سەنتەری راهینان و پیشەیی هەڵەبجە وتی: ئەم چالاکیەی ئەمرۆمان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کریکارانەوە بوو، بەهەماهەنگی لەگەل سەکۆی هاودەنگی رێکخراوەکان و سەندیکای کریکاران و بەرێوەبەرایەتی دەستبەری کۆمەڵایەتی، ئامانجی ئەم چالاکیەو ئەم گفتوگۆ کراوەیە ئەوەبوو کە ئەولایەنانەی بەرپرسن لە سنووری پاریزگای هەڵەبجەو خاوەن کاران و کرێکاران ئاشنابن بە کارو چالاکیەکانی کاروباری کۆمەڵایەتی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی بە مافەکانیان و ئەرک و ئیمتیازەکانیان ئاشنا بن.

 

ئاماژەی  بەوەشکرد، ئەم جۆرە چالاکییانە گرنگی زۆری هەیەو هەردوو بەڕێوەبەرایەتیەکان  تازە لەهەڵەبجە کراونەتەوەو کارا بوون، ڕێژەیەکی کەم  لەکرێکاران ئاگایان لە ئەرک و مافەکانی خۆیان هەیە وتی: بە پێویستمان زانی کە چالاکییەکی لەم جۆرە بکەین لەم ڕۆژەداو  بەهاودەنگی و پاشانیش ڕاسپاردەیەکمان دەبیت لەسەر چالاکییەکەی ئەم رۆژە  کە چۆن وابکەین زۆرترین کرێکار لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەدا هۆشیار بکەینەوە بەرامبەر بەمافەکانیان و خاوەن کار هۆشیار بکرینەوە کە ئەرکیان چییە بەرامبەر بە کرێکار، چۆن بتوانن گرێبەستێکی یاسایی و شێوەی یاسایی هەبێت، مافی کرێکارو پشوەکانی لە ناو گرێبەستی کاردا هەبێت، ئەم گرێبەستە وادەکات کە کرێکار مافەکانی بۆ بگەڕێتەوە.


سەبارەت بەوەی ئایا بەردەوام لە خزمەت کرێکاران و گلەیی و گازندەکانیاندان؟ یان شێوازی کاری ئەم بەڕێوەبەرایەتییانە چۆنە؟ تارا عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدا کە بەردەوام لیژنەیان هەیە، بۆ چاودێری کردنی شوێن کار، بەردەوام سەردانی کردنی خاوەن کاران لە ئەرکەکانی ئێمەن و لە حاڵەتێکدا ئەگەر کریکار سکاڵای هەبوو لە ڕێگەی هۆبەی یاساییەوە سکاڵاکەی دەگەیەننە دادوەرو لە ئیستاشدا ١٩ کەیس لە دادگایە، کاتی زۆر و موچەی کەم و چەندین کەیسیش هەیە کە تاوەکو ئێستا ماوەوتەوە دۆسیەش هەیە داخراوەو مافی خۆی وەرگرتووە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بەپێی بەدواداچوونەکانمان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتیکی نەخوازراو بەرامبەر کرێکاران لەسەر کار ڕووینەداوە، ئەوەی هەیە تەنها لەسەر بیمەی کۆمەڵایەتی و شایستە داراییەکان بووە.