یاریزانانی هیلال بەهۆی نیشاندانی هاوسۆزی لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە
کارگێڕی یانەی تۆپی پێی ژنانی هیلال ڕێوشوێنی دیسپلینی بەسەر چەند یاریزانێکی کورددا سەپاند، دوای ئەوەی بە هاوسۆزی لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی ڕۆژئاوای کوردستان داوای دواخستنی ئاهەنگی نازناوی خولی نایابی سووریایان کرد.
ناوەندی هەواڵ
یانەی تۆپی پێی ژنانی هیلال یەکێکە لە تیپە دیارەکانی ژنانی ناوچەکە، لە ساڵانی ڕابردوودا توانیویەتی ئامادەیی خۆی لە پێشبڕکێ ناوخۆییەکان جێگیر بکات و زنجیرەیەک نازناو بەدەستبهێنێت کە وایکردووە ببێتە هێزێک کە لە خولی ژنانی سووریادا حسابی بۆ بکرێت.
کارگێڕی یانەی تۆپی پێی ژنانی هیلال ڕێوشوێنی سزای بەسەر چەند یاریزانێکی کورددا سەپاند، لە ١٨ی ئایار دوای ئەوەی بە هاوسۆزی لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی ڕۆژئاوای کوردستان داوای دواخستنی ئاهەنگی نازناوی خولی نایابی سووریایان کرد.
لە ڕاگەیاندراوێکی کارگێڕی یانەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سزاکان بریتی بوون لە دوورخستنەوەی یاریزانان لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیا کە بڕیارە ناوەڕاستی مانگی تەمووز ئەنجام بدرێت، ئەمە جگە لە ڕاگرتنی پارەی داراییان، کارگێڕی ئەم هەنگاوانەی بە وەڵامێک بۆ هەڵوێستی مرۆیی یاریزانان زانی.
ئاماژە بەوە کراوە، کە تیپەکە هەوڵیداوە نوێنەرایەتی هەرێم بکات بە شێوەیەک کە لەگەڵ مێژووەکەی و بەرخۆدانی گەلەکەی لە کاتی پاڵەوانێتیەکەدا بگونجێت، هەروەها یاریزانەکان سەرەڕای ئەوەی کە بە "فشار و سنووردارکردن" پێناسەیان کردووە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بوون لە کارکردن، توانیان هەردوو نازناوی خولی ژنان و لاوان بەدەستبهێنن.
جەخت لەوە کراوەتەوە، کە پشتگوێخستنی مافەکانی یاریزانان و هەوڵدان بۆ "گەڕاندنەوەی دەستکەوتەکان بۆ ئەوانی دیکە" بێڕێزیکردنە بە کەرامەت و ساڵانێک ماندووبوون و خۆبەخشییان، هەروەها گەورەکردنی دەنگیان بۆ خەڵک بووەتە شتێکی بنەڕەتی.
ڕوونیشی کردەوە، کە داواکاریی یاریزانان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بۆنە ئاهەنگەکان لە پاڵنەرە مرۆییەکان و ڕێزگرتن لە شەهیدان و زیندانییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەم هەڵوێستە گوزارشت لە "وەرزشگەری و ویژدانی کۆمەڵگە" دەکات، وەڵامی یانەکە بۆ "دەرکردن و داگیرکردنی مافەکانی پاڵەوانانی خولەکە" بووە، سەرەڕای ئەوەی ئەو دەستکەوتە لە ڕێگەی هەوڵ و بەرخۆدانی یاریزانەکانەوە بووە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە، کە وەرزشی ژنان ئامرازێک نییە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی کەسی یان سەرنجی میدیاکان، هەروەها یاریزانان هاوبەشی بنچینەین لە دروستکردنی سەرکەوتن و شایستەی دانپێدانانن نەک پەراوێزخستن.
شایانی باسە تیپی ژنانی یلال لە شاری قامیشلۆ بۆ سێیەم جار لەسەریەک نازناوی خولی ژنانی سووریای بۆ وەرزی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ بەدەستهێنابوو، دوای ئەوەی لە یارییەکەدا، کە لە مانگی نیسان لە دامەزراوەی وەرزشی شاری حومس بە ١-٠ لە تیپی ژن یانەی حومسی بردەوە.