ئاماری ئیبۆلا بەرز دەبێتەوەو ٥٨٠ گیان لەدەستدانی لێکەوتەوە

کۆماری کۆنگۆی دیموکرات بەرزترین ئاستی نوێی تووشبوون بە ئیبۆلای تۆمارکردووە و گەیشتووەتە هەزار و ٧٠٨ کەس، لەنێویاندا ٥٨٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیبۆلا لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە و زیادبوونی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە، کە ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ فراوانبوونی ئاستی بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا سەرەڕای هەوڵە تەندروستییە بەردەوامەکان بۆ سنووردارکردن و کۆنترۆڵکردنی.

 

دەسەڵاتدارانی کۆماری کۆنگۆی دیموکراتیک ٨ی تەمووز ڕایانگەیاند، کە ژمارەی تووشبووانی ئیبۆلا بۆ هەزار و ٧٠٨ کەس بەرزبووەتەوە کە ٥٨٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش لە دوایین ئامارە فەرمییەکان کە ڕەنگدانەوەی بەردەوامی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە وڵاتەکەدایە.

 

بەگوێرەی داتاکانی حکومەت، کۆنگۆ بەبەراورد لەگەڵ ئامارەکانی پێشووتر ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بەرزبوونەوەی نوێی تۆمارکردووە، لەکاتێکدایە دەسەڵاتدارانی تەندروستی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردن و سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

 

بڵاوبوونەوەی ئێستای ئیبۆلا لە کۆنگۆ هێشتا لە فراوانبووندایە و نەگەیشتووەتە قۆناغێکی جێگیر، بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، کە ئاماژەی بەوە کردووە وڵاتەکە ڕووبەڕووی جددیترین بڵاوبوونەوەی تۆمارکراوی جۆری دەگمەنی بوندیبوگیۆ بووەتەوە، کە تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی سەلمێنراو و دەرمانێکی پەسەندکراوی بۆ نییە، کە وەڵامدانەوەی تەندروستی زیاتر ئاڵۆزتر دەکات.

 

پزیشک ئان ئانسیا، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات ڕوونیکردەوە، کە دۆخی کۆنگۆ بەردەوامە لە پەرەسەندنی خێرا، هەندێک لە ناوەندەکانی چارەسەرکردنی ئیبۆلا لە زۆرترین توانای خۆیان نزیکبوونەتەوە، ڕێژەی داگیرکردن دەگاتە نزیکەی ٩٠٪، فشارێکی بەرچاو دەخاتە سەر سیستەمی تەندروستی و توانای جێگیرکردنی حاڵەتی زیاتر سنووردار دەکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکان گواستنەوەی کانگەرە تووشبووەکانە لە شارۆچکەی مۆنگبالۆوە بۆ ناوچەکانی دیکە بۆ چارەسەرکردن، کە بەشدارە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بۆ ناوچە نوێیەکان، جگە لەوەش، جوڵەی دانیشتووان، نائەمنی بەردەوام و لاوازی ژێرخانی تەندروستی هەموو هۆکارێکن کە ڕێگری لە هەوڵەکان دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی پەتاکە و سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی.

 

شایەنی باسە ئیبۆلا نەخۆشییەکی توندی ڤایرۆسییە و دەبێتە هۆی تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی، لە ئاژەڵە کێوییەکانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و دواتر لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێن یان شلەی جەستەی کەسێکی تووشبوو یان مردوو یان لە ڕێگەی بەرکەوتن لەگەڵ کەلوپەل و ڕووکارەکانی پیسبوو بەم فایرۆسە لەنێو مرۆڤەکاندا بڵاودەبێتەوە.