ئامارگی ئوموت: کەس ناتوانێت پێش بە شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی” بگرێت
لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی” دا، ئامارگی ئوموت جەختی لەوەکردەوە، کە سەرەڕای فشارەکانی ڕژێمی ئێران هێشتا ژنان سەری خۆیان دانانەوێنن و پێویستە پاراستنی و پەروەردە تێکۆشانی خۆیان بەهێزتر بکەن.
چەکیژین دەمھات
ناوەندی هەواڵ-شۆڕشی شۆڕشگێڕانەی ”ژن، ژیان، ئازادی”لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چوار ساڵە بەردەوامە، شۆڕشەکە لە ١٦ی ئەیلوولی٢٠٢٢ی، دوای کوشتنی ژنێکی گەنجی کورد بە ناوی ینا ئەمینی خەڵکی شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد، ژینا ئەمینی کە بە بیانووی نەپۆشینی حیجاب لەگەڵ بنەماڵەکەی لە تاران لە لایەن پۆلیسی بەناو "ڕەوشت”ی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، تا ئەشکەنجە درا، دوای ئەو ڕووداوە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شۆڕش سەریهەڵدا.
شۆڕشەکە کە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە سەرەتادا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دواتر لە سەرانسەری ئێران بڵاوبووەوە، گۆڕا بۆ یەکێک لە گەورەترین بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دژ بە رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەم شۆڕشە جارێکی تر ڕۆڵی پێشەنگی ژنانی کورد و ژنانی ئێرانی لە تێکۆشانی ئازادی و یەکسانی لە مەیدانی نێونەتەوەیی نیشاندا.
سەرەڕای فشار، دەستبەسەرکردن و توندوتیژی قورسی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، ڕۆحی ئەم شۆڕشە و کاریگەرییەکەی لەسەر هۆشیاری کۆمەڵایەتی هێشتا بەردەوامە و لە ناو ژیانی ڕۆژانەدا خۆی نیشان دەدات.
ئامارگی ئوموت، ئەندامی هێزەکانی پاراستنی ژنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "هەپەژە" بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی شۆڕشەکە و ئەو پرۆسەیەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تێیدا تێپەڕدەبن، بۆ ئاژانسەکەمان قسەیکرد.
”کەس ناتوانێت پێش بە ژنان بگرێت”
ئامارگی ئوموت ڕایگەیاند، کە ستەم و توندوتیژیی سیستماتیکی ڕژێمی ئێران لە دژی ژنان بووە هۆی شۆڕشی "ژن، ژیان، ێازادی" لە نێو ژناندا، وتی: لەگەڵ قووڵبوونەوەی توندوتیژییەکانی ڕژێم، ژنان چیتر بەرگەی ئەو چەوساندنەوەیەی ڕژێمیان نەدەگرت کە بە بەرزترین ڕێژە لەسەر ژنان بەڕێوە دەچوو، کاتێک مرۆڤ بە گشتی سەیری شۆڕش دەکات، دەبینێت ڕژێم لە ڕێگەی لەسێدارەدان و گرتن و شێوازی چیاوازی دیکە هەوڵیداوە شکست بە شۆڕشەکەی بهێنێت، بەڵام ژنان ئیتر تاقەتی ئەو شێوازانەیان نەماوە، گرنگ نییە چی دەکەن، کەس ناتوانێت ڕێگری لە ژنان بکات.
”ئێمە وەک هەپەژە خاوەندارێتی لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەکەین”
ئامارگی ئوموت ئەوەی خستەڕوو کە ژنان بەرامبەر بە هۆشیاری پیاوسالار تێکۆشانێکی زۆر بەهێز بەڕێوەدەبەن، دەیانەوێت ئەم هۆشیارییە بگۆڕن، دەیانەوێت ژنان بگەن بە جەوهەری خوداوەندایەتی خۆیان و وتی: شۆڕشەکە کاریگەرییەکی بەو شێوەیەی دروستکرد کە ژنان بە ڕۆڵی پێشەنگ هەستان، ئێمە وەک هێزەکانی پاراستنی ژنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (هەپەژە) دمانەوێت لەم شۆڕشەدا ڕۆڵێکی گرنگ ببینین و پێشەنگی بە کۆمەڵگە بکەین، بەتایبەتیش ئێمە وەک ژنان دمانەوێت ڕۆڵی سەرەکی خۆمان بۆ شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی” ببینین و ببینە وەڵام بۆ ئەم شۆڕشە.
”پێویستە ژنان بە هەموو ڕێبازێک خۆیان پەروەردە بکەن”
ئامارگی ئوموت سەرنجی خستەسەر بۆ ئەوەی ڕێکخستنەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهێز ببن، پێویستی بە یەکبوون و ڕێکخستنبوونێکی بەهێز هەیە و ڕایگەیاند: پێویستە هەموو دەزگا و ڕێکخستنەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژ بەو فشار و توندوتیژییەی لەسەر ژنان بەڕێوەدەچێت ببنە یەک، کۆمێنەکانی خۆیان دابمەزرێنن و لەسەر دامەزراندنی کەسایەتی ئازادی ژنان گفتوگۆ بکەن، هەروەها ژنان بە هەموو ڕێبازێک خۆیان پەروەردە بکەن و بتوانن بەرامبەر بە هەموو جۆرە توندوتیژییەکی دەروونی و چەستەی لەسەر ژنان بەڕێوەدەچێت پاراستنی خۆیان بکەن.
"پێویستە هەر ژنێک خۆی بپاراستێت”
ئامارگی ئوموت، تیشکی خستەسەر ڕێبازی رژێمی ئێران لە مزگەوتەکاندا پەروەردەکردنی ژنان بۆ بەکارهێنانی چەک و دیاریکرد کە ئەم پەروەردەیە بە هۆشیاری پیاوسالار بۆ ژنان دەدرێت، وتی: ئێمە باشتر دەزانین کە ئەم پەروەردانە بە هۆشیاری پیاو و بە ئامانجی خزمەتی هۆشیاری پیاو دەدرێن، پێویستە هەر ژنێک بە هەر شێوازێک پاراستنی خۆی بکات، بەڵام پێویستە بزانرێت کە پەروەردەکانی چەکی ڕژێم خزمەتی چی دەکەن؟ ئایا ئەم پەروەردانەی کە دەدرێن خزمەتی ڕاستی ئازادی ژنان و ناسنامەکەیان دەکەن یان نا؟
”ئێمە بە هیچ شێوازێک لەسێدارەدان، دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەکردنی ژنێک قبوڵ ناکەین”
ئامارگی ئوموت، دیاریکرد کە بە هیچ شێوازێک لەسێدارەدان، دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەکردنی ژنێک قەبووڵ ناکەن و ئێستا لە کۆمەڵگەدا لەسەر ژنان بە هەر شێوازێک فشارێکی گەورە هەیە و وتی: هیچ ژنێک ناتوانێت بینەری ئەشکەنجەکردن و لەسێدارەدانی ژنێک بکات، ئێستا سیستم بە هەر جۆرە ڕێبازێک کۆمەڵگە و ژنان دەباتە پێش و بە پێی خۆی پەروەردەی دەکات، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەمە بەکارهێنانی ژنانە.
”پێویستە هەموو ژنانی جیهان خاوەندارێتی لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بکەن”
ئامارگی ئوموت، لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، کە پێویستە هەموو ژنانی جیهان خاوەندارێتی لە شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی”، کە دەستی پێکردووە بکەن، باوەشی بۆ بکەنەوە و وتی: پێویستە هەموو ژنان ببنە دەنگی ئەو ژنانەی لە زیندانەکانی ڕژێمی ئێراندا دەکوژرێن، لەسێدارەدەدرێن و ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبنەوە، پێویستە ئەو کارانەی کە دەیبینین بە چەند قسە و ڕاگەیەندراوێک سنووردار نەبێت، پێویستە بۆ ئەمنیەت و ئاسایشی هەموو ژنان تێکۆشای و رەنج بدرێت، پێویستە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆیان ڕێکخستن بکەن و ئێمە بەم ڕێکخستنانەوە پێكەوە تێکۆشان بەڕێوەدەبەین، لە حەوت ساڵییەوە تا ٧٠ ساڵی ئەرکی هەموو کەسێک ئەوەیە ببێتە ڕەنگ و دەنگی شۆڕش وەک ڕێکخستنی ژنان و وەک هەپەژە ئێمە تێکۆشانی خۆمان بەهێزتر دەکەین، دەبینە دەنگی شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی”.