ئاهەنگی نەورۆز لە قەندیل دەستیپێکرد
بە بەشداری هەزاران کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە و ژمارەیەکی بەرچاو ئازادییخوازی نێونەتەوەیی، ئاهەنگی گەورەی نەورۆزی ڕێبەرێتی ئازاد، لە چیای قەندیل دەستیپێکرد.

ناوەندی هەواڵ
ئێستا لە چیای قەندیل، ئاهەنگی گەورەی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆزی ڕێبەرێتی ئازاد و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، بە درووشمی “بە ڕۆحی نەورۆز ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین، کۆمەڵگەی دیموکراتیک بونیاد دەنێین” دەستیپێکرد، مەیدانی ئاهەنگەکە بە وێنەی شەهیدان و ئاڵای پەکەکە و وێنەی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان ڕازێنراوەتەوە، هەموان بە جۆش و خرۆشەوە بە یەک دەنگ درووشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ” و “بێ سەرۆک ژیان نابێ” و “ژن ژیان ئازادیی” و “نەورۆزی ڕێبەرێتی پیرۆز بێت” دەڵێنەوە.
لە سەرەتای ئاهەنگەکەدا، وەک نەریتی ساڵانەی ئاهەنگی گەورەی نەورۆزی قەندیل، لەلایەن بنەماڵەی شەهیدانەوە ئاگری نەورۆز کرایەوە.
وابڕیارە ئاهەنگەکە تا ئێوارەی ئەمڕۆ بە جۆش و خرۆشەوە بەردەوام بێت، لە درێژەی ئاهەنگەکەدا پەیامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی کەجەکە بخوێندرێتەوە، لەگەڵ چەندین پەیامی دیکەی گرنگ.
هەروەها گرووپی “ئاوازی چیا” بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی قەندیل دەکەن لەگەڵ چەندین گرووپ و هونەرمەندی تر، بە گۆرانی و موزیکی کوردیی و شۆڕشگێڕی ئاهەنگەکە ڕازاوە دەکەن.