ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی دوازدەهەمین ساڵیادی (یەپەژە)
یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە شاری حەسەکە لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە بۆنەی١٢ساڵەی دامەزراندنیان، نمایشێکی سەربازییان ئەنجامدا.

ناوەندی هەواڵ- یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ٤ی نیسانی ٢٠١٣وە لە دامەزراندنیانەوە بۆ پاراستنی بوون و دەستکەوتەکانی ژنان خەباتیان کردووە، ئەم یەکانە لەسەر بنەمای مێژوو و خەباتی ژنان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پێکهێنراون و ئەمڕۆش بوونەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ هەموو ژنان لە سەرانسەری جیهاندا.
یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە ١٢ ساڵەی دامەزراندنیاندا، نمایشێکی سەربازییان بە دروشمی "ڕێکخراوی ژنان گەرەنتییە بۆ ژیانێکی ئازاد" ئەنجامدا. لە مەراسیمەکەدا، نەورۆز ئەحمەد، یەکێک لە فەرماندەکانی ئەو یەکانە، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: "ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لەدایکبوونەوەیەک بوو بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە توانیان لەڕێگەی هزر و فەلسەفەکەیەوە خۆناسین بەدەستبهێنن و دژی هەموو ئەو سیستەمە سەرمایەدارییانە بجەنگن کە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە و بوونی ژنان دەدەن".
ناوبراو لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالانی بە لەدایکبوونی ژنێکی ئازاد و کۆمەڵگەیەکی ئازاد دادەنێت و دەڵێت: فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی بووەتە هێمای خەباتی ژنان لەسەر ڕێگای ئازادی و دیموکراسی.
نەورۆز ئەحمەد هەروەها ڕایگەیاند کە یەکینەکانی پاراستنی ژنان هێزێکی سەربازی و ئایدیۆلۆژییە کە ژنانی هەموو چین و توێژەکان لەخۆدەگرن و بۆ پاراستنیان لەدژی دەسەڵاتە پاوانخواز و توندڕەوەکان دەجەنگن. جەختیشی کردەوە کە شەڕ دژی هەموو ئەو هێرشانە بە ئامانجی دابەشکردنی سووریا و دروستکردنی سیستەمێکی ناوەندی و توندڕەوی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان بەردەوام دەبێت. داوای لە هەموو ژنان کرد کە یەکگرتوو بن و بە هاودەنگی بوەستن بۆ بنیاتنانی سووریایەکی ئازاد و دیموکراسی.
بەرنامەکە بە نمایشی هونەری لەلایەن گروپی مۆسیقای شەهید "هەیفا" لە کانتۆنی عەفرینەوە بەردەوام بوو. هەروەها گرووپی هەڵپەڕکێی شەهید "ئارژین" و شەهید "زیلان" لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان، سەمای فۆلکلۆریان پێشکەش کرد کە گیانی هاودەنگی و سۆزیان لە نێو خەباتەکاندا دەرخست.
هەروەها هونەرمەند یاسمین عەسکەر پارچە مۆسیقای پێشکەش کرد و وێڕای یادکردنەوەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان و یادی لەدایک بوونی عەبدوڵا ئۆجالان، پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی ئەو بۆنانە کرد.
لە میانی مەراسیمەکەدا، ڕێکخەران چەندین پەیامی پیرۆزبایی لە وڵاتانی جیاوازەوە پێگەیشت، کە تیایدا ئیرادەی یەکەکانی پاراستنی ژنان بەرز ڕاگیرا و ئەو یەکانە وەک سەرچاوەیەکی هێز بۆ هەموو ژنان لە سەرانسەری جیهان وەسف کران.