"ئاگربەست تەنها قسەیە"

سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بارودۆخی کۆمەڵایەتی لە هەندێک ناوچەی ئێران و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا ئاڵۆزە. کەشوهەوای توندی ئەمنی و خاڵە پشکنینە بەربڵاوەکان و دەستگیرکردنە ئامانجدارەکان، ئەزموونە تاڵەکانی ساڵانی شەستەکان دەهێننەوە یاد.

سۆما کەرەمی

 

جوانڕۆ -دوای ٢٦ ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا لە کەشێکی نائارام و بێزاریدا،دەژین. پارێزگاکانی کرماشان، سنە، ئیلام و ورمێ کە هەر لە سەرەتای ڕۆژانی ململانێکانەوە لە چەقی مەیدانی  هەڕەشەی ڕاستەوخۆدا بوون، ئێستا لە سایەی دڵەڕاوکێ، بێمتمانەیی و سنووردارکردنی باری ئەمنیدا دەژین. لە شاری جوانڕۆ، بوونی هێزی سەربازی لە دەروازەکانی شار نەک کەم نەبووەتەوە، بەڵکو لە هەندێک حاڵەتدا چڕتر بووەتەوە. دانانی کامێرای چاودێری لە ناوچە جیاجیاکانی شارەکە، دانانی بازگە بەبێ ئاگادارکردنەوەی فەرمی و کۆنترۆڵکردنی بەردەوامی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، بەتایبەتی پیکاب و نیسانی شین و ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە تابلۆی دەرەکیان هەیە، نیگەرانییەکانی خەڵکیان زیاتر کردووە.

گوڵرۆخ ئەحمەدی، دانیشتووی شاری جوانڕۆ، لە بارەی دۆخی ئەم ڕۆژانەی شارەوە ئەمانەی خوارەوە وتی: شەوانە کە منداڵەکان لە ڕۆتینی ڕۆژانەیان بێزار  دەبوون، ئێمە بە ئۆتۆمبێل دەمانبردنە گەڕان  بۆ ئەوەی باری دەروونیان بگۆڕینم بەڵام ئێستا ئەگەر بە گۆڕەپانی ،،قلعە،،شدا تێپەڕیت بۆ پڕکردنەوەی بەنزین،  ئەوە لەلایەن کەسانی چەکدار و دەمامکدار وشەڕانگێزەوە چاودێریمان دەکرێ. بەڕاستی پرسیار دەکەم بۆچی دەموچاویان دادەپۆشن ئەگەر کارێکی دروست دەکەن؟ منداڵەکانم کاتێک دەیانبینن دەترسێن و هەر جارێک لێم دەپرسن ئایا شەڕ دەستی پێکردووەتەوە؟ وە من نیگەرانی لە چاوەکانیاندا دەبینم، وەک ئەوەی ئاگربەستەکە تەنها وشەیەک بێت لەسەر کاغەز، بیرمە باوکم هەمیشە لە شەستەکانەوە دەیگوت کەس لە ترسی سوپای پاسداران شەوانە بە گڵۆپێکەوە ناوێرێت بچێتە دەرەوە. ئێستا هەمان ترس لە جوانڕۆ دەبینین

فشاری ئابووری، سەرانەی بێ کۆتایی 
تارا، ژنێکی خەڵکی جوانرۆیە، بەڵێنە شکاوەکانی بەرپرسان دەگێڕێتەوە: لە سەرەتای شەڕەکەدا، میدیا فەرمییەکان ڕایانگەیاند کەبەهۆی درەنگ دانەوەی قەرزەکان سزا نادرێن. ئێمەش، ناچار بووین پاشەکەوتە کەمەکانمان لەو ڕۆژانەدا خەرج بکەین کە لە کار و داهات بێبەش بووین، متمانەمان بەم بەڵێنە هەبوو. بەڵام ئێستا بەبێ هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختە، بانکی، ،،میهر،، وەک سزا بڕە پارەیەکی لە هەژمارەکەمان وەرگرتووە. ئەمەیە کە ئێمەی بێهیوا کردووە؛ لێرەدا هەمیشە وا بووە، کە هیچ دامەزراوەیەک بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ ناکات. هەروەها لە سەردەمی شەڕدا ئەو بڕە پارانەی کە بە کلیدی کارت، سەر بە بانکی ،،سێپا،، دەدرا هەرگیز نەدەگەڕانەوە بۆ هەژمارەکانمان. چەند جارێک چووینە بانک و هەموو ڕۆژێک تەنیا یەک وەڵاممان دەبیست.


سبەی دادەنرێت بەڵام ئەو سبەی هەرگیز نەهات
تارا بەردەوامی بەقسەکانی داو وتی:  چۆن مرۆڤ لە دوای جەنگدا لەم دۆخە پڕقەیرانە ئابووری وگرانیەیئێستا بەم جۆرە سەرکوت کردنە بەردەوام بێت؟ شەڕ کۆتایی دێت کاتێک مرۆڤ تامی ئاسایش و ئارامی و ئومێد بکاتەوە. بەڵام ئەگەر مرۆڤەکان هێشتا بەدەست دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی و هەژاری و نائارامی و دەروونی و بێمتمانەییەوە دەناڵێنن تەنانەت لە نەبوونی  دەنگی فیشەکدا، ئەمە واتای ئەوەیە کە هێشتا شەڕەکە بەردەوامە؛ شەڕێکی بێدەنگ بەڵام وێرانکەرتر، خەمۆکی، کۆچکردن، بێکاری، هەڵاوسان، ڕووخانی دەروونی، دابەشبوونی کۆمەڵایەتی، ئەمانە نیشانەی بەردەوامبوونی قەیرانێکن کە هەرچەندە بە "ئاگربەست" ناوی دەبەن، بەڵام برینێکی قووڵی لە دڵ و مێشکی مرۆڤەکاندا بەجێهێشتووە. هێشتا خەڵک لەگەڵ ئەو وێرانکارییە دەجەنگن کە لە ناوەوە بەرەوداڕمانی بردوون

بۆچی یادەوەری شەڕی دەروونی ١٩٧٩هێشتا ماوە؟
ئەو شەڕە دەروونییەی کە لە ساڵی ١٩٧٩ لە دژی خەڵک دەکرا، هەرگیز ناوەستێت؛ تەنها گۆڕانکارییەکی کرد. دروستکردنی ترس و بێمتمانەیی و نائەمنی دەروونی لە دڵی کۆمەڵگادا. خەڵکی ئەو ساڵانە بە دەنگی دەرگای نیوەشەو ڕادەچڵەکین ، ترسی دەستگیرکردنی لەناکاو و یادەوەری دەموچاوە دەمامکدارەکان و فەرماندە چەکدارەکان. حکومەت هەمان نەخشە کۆنەکانی بە شێوەیەکی نوێ بەرهەمهێنایەوە لەبری ئەوەی برینەکان چاک بکاتەوە، بە بەردەوامبوونی فەزای نائارام و سەرکوتکردنی ناسنامە ناوخۆییەکان و ئاگادارکردنەوەی تاک لایەنە، تەنانەت نەوەکانی دواتر ئەم دڵەڕاوکێیەیان لە دایک و باوکیان بە میرات بۆدەمێنێتەوە. ئێستا، پێنج ڕۆژ دوای ئاگربەست، دووبارەکردنەوەی هەمان دیمەنەکانی شارەکانی وەک جوانرۆ، لە ئامادەبوونی بوێرانەی هێزە دەمامکدارەکانەوە تا بەڵێنە ئابوورییە ناپێویستەکان، ئەوە نیشان دەدات کە ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات هەمان شەڕی دەروونییە. شەڕێک کە ڕەنگە بێدەنگ بێت، بەڵام برینەکانی هێشتا تازەن. ئاگربەست ئەگەر لە سەنگەردا ڕوویدا، هێشتا لە بواری ژیانی خەڵکدا ڕانەگەیەندراوە.


ڕەیحان حەیدەر، ژنێک لە تەمەنی هەشتاکاندا، بە گۆچانێکەوە و نیگایەکی قورس کە ساڵانێکی زۆرە ئازار دەچێژێت، باس لە سەردەمێک دەکات کە هێشتا بۆ ئەو و زۆر کەسی دیکە کۆتایی نەهاتووە وتی: ترسی خەڵکی ئەمڕۆ بۆ ئەو نامۆ نییە؛ چونکە چەندین ساڵ لەمەوبەر هەمان ترس لە دڵ و ژیانی خەڵکدا هەبوو. دوای شۆڕش شەڕەکە تەنیا لە سنوورەکان نەبوو. حکومەت ترسی خستە ناوماڵەکانیش، شوێن گومانلێکراوەکان بکەون، شوێن پێچەوانەکەی بکەون،ئابەم جۆرە شەوانە، هێرشیان کردە سەر ماڵەکان و هەندێکیان برد و هەرگیز نەگەڕانەوە، بۆ ئێمەی، کوردەکان، تەنانەت دەربڕینی داواکارییەکانی وەک مافی بوونمان یان ناسنامەی نەتەوەییمان،  بە دوژمنایەتی دادەنران. لەو ساڵانەەوە بۆمان دەرکەوتووە کە بێدەنگی ناچاریەبۆ مانەوەمان، بیرمە چۆن گەڕەکەکان بە تەواوی لەلایەن کۆمیتە و هێزەکانی سوپاوە کۆنتڕۆڵ دەکران و هاتوچۆی ئێمە لە ژێر چاودێریدا بوو. لە نێو ئێمەدا کەسانێک هەبوون وەکو سیخوڕ، کە لە بەرژەوەندی حکومەتدا ڕاپۆرتیان دابوو. تەنانەت بچووکترین قسەش  دەیتوانی سبەی ببێتە هۆی دەستگیرکردن. لەو کاتەدا ترس لە چوون و لێکۆڵینەوە بەشێک بوو لە ژیانی ڕۆژانە. بەداخەوە ئەمڕۆ سەرەڕای گۆڕانکارییە ڕواڵەتییەکان، هێشتا کەسانێک هەن کە ڕۆڵی لەو جۆرەیان لە نێو خەڵکدا هەیە.


پاشان بەردەوام بوو لەقسەکانی و ئاماژە بە سەرەتای جەنگی ئێران - عێراق دەکات وباسی  فشاری توند لەسەر خێزانەکان کردو وتی: لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگدا، خزمەتکردنی سەربازی ئیجباری توندتر بوو. زۆرێک لە گەنجان بە ناچاری لە پێشەوە بوون. جارێک ناچار بووم کوڕەکەم لە،،کایەن،،دا،، شوێنی خواردنی ئاژەڵەکان ،،بشارمەوە تا لەگەڵی نەبن. داوایان لێکردین هانی منداڵەکانمان بدەین کە شاهێدی بدەن. دژایەتی ئەم پرۆسەیە بکەن لەکاتێدا ئەوە بۆئێمە خیانەت بوو،
ئەمڕۆ نیشانەکانی گەڕانەوەی هەمان سیاسەتەکان هەیە. لەم دواییانەدا وتوویانە ئەگەر کەسێک بگاتە تەمەنی یاسایی و نەچوبێتە سەربازی ، و لە شوێنی کار یان دوکان ببینرێ ، ئەوا خاوەنکار یان خاوەن دوکانەکە غەرامە دەکرێت. بەم شێوەیە بەبێ ڕاگەیاندنی فەرمی، بە شێوەیەکی دیکە بەردەوامن لە ئیجباریسەربازی، یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکان بۆ ئەنجامدانی شەڕی دەروونی دروستکردنی ترسێکی هەمیشەیی بوو لە ئەشکەنجەدان و لێکۆڵینەوە و" لە سێدارەدانی". تەنانەت ئەگەر کەس هیچ چالاکیەکی نەبوایە، هەمیشە هەستێکی نائارامی  لە ماڵەوە و قوتابخانە و شەقامدا هەبوو، ئەم دۆخە پڕلەبێ متمانەیی ونائارامیە خۆی کۆنتڕۆڵێکی ڕاستەوخۆیە. ئەمەیە کە لەم ڕۆژانەدا بە ڕوونی دەبینرێت، لە ڕواڵەتدا جەنگ کۆتایی هات؛ بەڵام ئەوەی لە مێشک و ژیانی خەڵکدا ڕوودەدات، درێژەی دۆخی پێشوترە ، ترس، فشار و بێمتمانەیی. ئەوەی نەگۆڕاوە ڕێگەی مامەڵەکردنە لەگەڵ خەڵکدا.