ئاگربەست لە غەززە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
دوای ١٥ مانگ شەڕی توند، ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕاگەیەندرا، بڕیارە لە ڕۆژی یەکشەممەوە ئاگربەستەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ناوەندی هەواڵ
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی قەتەر، دوێنێ ڕایانگەیاند، ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە ئەنجامدراوە، هەروەها ڕاگەیەندرا کە یەکشەممەی داهاتوو ڕێککەوتنی ئاگربەست جێبەجێ دەکرێت.
جۆ بایدن ئاماژەی بەوەدا، ئەمریکا بەشێک دەبێت لە یەکەمین پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان و فەلەستینییەکان دەتوانن بگەڕێنەوە گەڕەکەکانی خۆیان لە کەرتی غەززە، ڕوونیشیکردەوە کە لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت تا دانوستانەکان بەردەوام بن و وتی: ئیسرائیل لە ماوەی ٦ هەفتەی داهاتوودا دانوستان لەسەر قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە دەکات.
ئاگربەستەکە لە ١٩ی کانوونی یەکەمەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای دوو کۆبوونەوەی جیاواز لە دۆحە لەگەڵ شاندەکانی حەماس و ئیسرائیل ڕایگەیاند: قەتەر و میسر و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە خۆشحاڵییەوە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە غەززە ڕادەگەیەنن.
ئاماژەی بەوەدا، ڕێککەوتنەکە لە ڕۆژی ١٩ی کانوونی دوووەم، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و وتیشی: بەپێی ڕێککەوتنەکە حەماس ٣٣ بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکات کە منداڵ و ژن و بەتەمنیان تێدایە، لە بەرامبەردا ئیسرائیل زیندانییە فەلەستینییەکان ئازاد دەکات.
بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەست، لە قۆناغی یەکەمدا کە ٤٢ ڕۆژ دەخایەنێت، ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵات دەکشێتەوە و دوور لە ناوچە نیشتەجێکان، دیل و بارمتە و تەرمەکان پێکەوە دەگوازرێنەوە، پەنابەران دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هەوڵەکان بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی زیاد دەکرێن، هەروەها پێویستە نەخۆشخانە و تاقیگە و بەرگری شارستانی و کەمپەکانی پەنابەران چاک بکرێنەوە.
هەموو بارمتەکان ئازاد دەکرێن
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە سەرەتا سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن، دواتر تەرمی بارمتە کوژراوەکان دەگەڕێندرێتەوە.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاند، حەماس لە ماوەی ٦ هەفتەدا بارمتەکان ئازاد دەکات، هەر هەفتەیەک سێ بارمتە ئازاد دەکرێن، بەر لە کۆتایی هاتنی قۆناغەکە، بارمتە گیراوەکانی تر ئازاد دەکرێن، لە قۆناغی دووەمدا هەموو بارمتەکان ئازاد دەکرێن بە سەربازانی ئیسرائیلیشەوە، ئاگربەستی هەمیشەیی دادەمەزرێنرێت و سەربازانی ئیسرائیل بە تەواوی دەکشێنەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بەپێی ئاگربەستەکە لە ڕۆژانی ئاگربەستدا ڕۆژانە ٦٠٠ بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی و ٥٠ تانکەری سووتەمەنی دەچنە ناو غەززە، هەروەها ٣٠٠ بارهەڵگر بۆ باکووری غەززە تەرخان کراوە.