یادی دامەزراندنی ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ بۆ خزمەت کرایەوە

ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ بۆ خزمەت کرایەوە و کۆمەڵێک چالاکی ئەنجامدرا، هەروەها دۆخی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە گشتی و ژنان بە تایبەت خرایە ڕوو.

سلێمانی

 

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ، ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ بۆ خزمەت، بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوەکە لە بەرواری ١٦ی کانوونی یەکەم، لە هۆڵی سەنتەری ڕۆشنایی بە دروشمی "قەیرەیی قەیرانەکان بۆ قەیرێکیش قیفمان ناکات لە خزمەت و داهێنان" مەراسیمێکیان ڕێکخست.

 

مەراسیمەکە بە بەشداری ژمارەیەک لە نابینایان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، دواتر بە چەندین وتار و هۆنراوە درێژەیان دا بە چالاکییەکە.

 

کەنار بێباک، هۆنەر، هۆنراوەیەکی خوێندەوە و  دوو ژنی خاوەن پێداویستی تایبەتیش لەسەر مێزێک کۆمەڵێک کاری دەستیان نمایشکرد، کەلە ڕێیەوە بژێویی ژیانیان دابین دەکەن.

 

"دۆخی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت خراپە"

ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ بۆ خزمەت لە ساڵی ٢٠١٩ەوە دامەزراوە، ماوەی دوو ساڵە کار دەکات بۆ خزمەتکردنی خاوەن پێداویستی تایبەت بە تایبەتی نابینا، جەیلان خدر، بەرپرسی ژنان لە ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ بۆ خزمەت، دەربارەی کاروچالاکی ڕێکخراوەکەیان وتی: "کاروچالاکیمان زۆر بووە لەماوەی دوو ساڵی کارکردنمان، وەک دروستکردنی چاپاڵێو بۆ ئەو کەسانەی نابینان کە بە شێوەی دەنگی کەسەکە ئاگادار دەکاتەوە لە پڕبوونی پیاڵەیەک، هەروەها کاتژمێری دەنگیمان دروستکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین خولی جیاوازمان کردووەتەوە".

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد چەندین جار لە ڕێگای کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە نوسراویان ئاڕاستەی حکومەت کردووە و خۆیان بە کرداریانە نوسراویان بۆ پەرلەمانی کوردستان ناردووە بۆ ئەوەی ئاوڕ لە کەموکورتییەکانیان بدرێتەوە بەڵام تا ئێستا هەوڵێکی جدی نەدراوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان.

 

جیلان دەڵێت: "ژنان لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەگەر خاوەن پێداویستی تایبەتیش نەبن ڕۆژانە ڕووبەڕووی کێشەوگرفتی جۆراوجۆر دەبنەوە وە ئەگەر لەگەڵیدا خاوەنپێداویستی تایبەت بن زیاتر توشی کێشەوگرفت دەبن، بۆیە ئەو دۆخەی بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت بە گشتی و ژنان بەتایبەت هەیە لە هەرێمی کوردستان دۆخێکی خراپە چونکە زۆرینەیان نەک ڕێگەیان پێنادرێت کاربکەن، بەڵکو ڕێگەیان پێنادرێت بێنە ناو ڕێکخراوەکانیشەوە".

 

هەر بۆیە داوا لە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەکات بە هانای توێژی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە بچن و زەمینەیەکی گونجاویان بۆ دابینبکەن، ساڵانە یادیان بکەنەوە و ئەرکەکە نەخەنە سەر شانی ڕێکخراوەکان.

 

خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان، دەرفەتی هەلی کاریان لە کەرتی تایبەتیشدا بۆ ناڕەخسێت

دەشتی جەلال، خاوە پێداویستییەکی تایبەت، بە نمایشکردنی کارە دەستییەکانی بەشداری لە یادی ڕێکخراوەکەدا کردبوو، دەربارەی دۆخی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان دەڵێت "لە پێناو سەلماندنی تواناکانمان و خراپی دۆخی ئابووری خاوەن پێداویستی تایبەت، وەک کۆمەڵێک ژن هەستاوین بە ئەنجامدانی چەندین کاری دەستی و پلانمان هەیە لە داهاتوودا بیکەینە پیشەیەک بۆخۆمان".

 

باسی لەوەکرد، زیاد لە جارێک داوایان بەرزکردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و باشترکردنی باری ئابووریان بەڵام بێ وەڵام بووە.

دەشتی دەرچووی بەشی کۆمەڵناسە و لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دامەزراندن نییە و خاوەن پێداویستی تایبەتیشە، هەلی کاری بۆ ناڕەخسێت.

 

"سەرەکیترین کێشەی نابینایان، خراپی باری داراییە"

ئیمان حەمید، خاوەن پێداویستییەکی تایبەت، لە شاری هەولێرەوە وەک میوانێک بەشداری لە مەراسیمەکەدا کردبوو، پیرۆزبای خۆی ئاڕاستەی هەموو خاوەن پێداویستیەکان کرد و وتی: "لە شاری هەولێرەوە بێ جیاوازی هاتووین و بەشداری دەکەین لە مەراسیمەکەدا، بە هەمان شێوە لە شاری هەولێر ڕێکخراوی ڕۆشنایی هەیە بۆ نابینایان".

 

بەهۆی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانەوە، کۆمەڵگا بە گشتی و خاوەن پێداویستی تایبەت بەتایبەتی دۆخی ژیانیان خراپبووە، ژنان لە هیچ لایەکەوە هەلی کاریان بۆ ناڕەخسێت و تەنانەت دەرچوانی کۆلێژەکانیش ساردبوونەتەوە لە خوێندن.

 

ت.پ