گۆگڵ یادی کەریمە موختار دەکاتەوە کە شۆڕشی لە سینەمای میسریدا بەرپاکرد

هەرچەندە ڕێگری لەبەردەم بوون بە ئەکتەری کەریمە هەبوو، بەڵام هەوڵەکانی ئەویانکرد بە یەکێک لەو هونەرمەندانەی ڕێگە لە بواری هونەریدا بۆ نەوەکانی داهاتوو بکاتەوە، ئەمڕۆش لەپای کارەکانی گۆگڵ یادی دەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونیدا، گۆگڵ یادی کەریمە موختار دەکاتەوە، کە شۆڕشی لە بواری سینەمادا لە وڵاتی میسر بەرپا کردووە.

 

کەریمە موختار لە ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٣٤ لە شاری سەحل سەلیم لە میسر لەدایک بووە، بەر لەوەی کاری هونەری بکات بەکالۆریۆسی لە شانۆدا تەواو کردووە، لە ڕادیۆیەک کاری پێشکەشکاری بەرنامەی تایبەت بە منداڵانی بە ناوی " بابا شارۆ" کردووە.

 

کەریمە لەلایەن خێزانەکەیەوە ڕێگری لێدەکرا بۆ ئەنجامدانی کاری نواندن، بۆیە کاری پێشکەشکاری دەکرد، بەڵام لە پاش هاوسەرگیریکردنی لەگەڵ ئەکتەر و دەرهێنەر نور ئەل دێمەرداش، چووە نێو جیهانی سینەماو شانۆییەوە، یەکەم ڕۆڵی سینەمایی لە فیلمی تامان ئێل هۆرێیا بوو، نزیکەی ٤٠ کاری نواندنی بڵاوکراوەتەوە و دواهەمینینان لە ساڵی ٢٠١٤ بوو، جگە لەوە ٢٠٠ کاری نواندن و پێشکەشکاری هەیە.

 

لە دیارترین بەرهەمەکانی کەریمە بریتییە لە "ئەمیرە خۆشەویستیم، شەیتان بانگەشەی بۆ دەکات" هەروەها زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان لەوانە "سەرفرازی گەورە بێت، خۆشەویستی یەکەمی، شانۆنامەکان، منداڵەکان گەورە بوون"، کەریمە لە ساڵی ٢٠٠٧دا خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە فێستیڤاڵی میدیای عەرەبی قاهیرە وەرگرت.

 

"ڕێگەی بۆ نەوەکانی داهاتوو خۆشکرد"

کەریمە موختار لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٧دا، چەند ڕۆژێک پێش تەمەنی ٨٣ ساڵەی بە نەخۆشیەکی لەناکاو کۆچی دوایی کرد، لە پاش کۆچکردنی ئەو ژنە بەتوانایە میراتێکی پڕ هێز و سۆزی بەجێهێشت و بووەتە یارمەتیدەر بۆ پێشخستنی فیلمی میسری، ڕێگەخۆشکەر بۆ نەوەکانی داهاتوو.

 

لەبەر تەواوی شۆڕشەکانی ئەم ژنە هونەرمەندە لە بواری سینەما و شانۆیدا، گوگڵ ئەمڕۆ یادی لەدایکبوونی کردەوە.