یەکەمین خولی دروومان بۆ ٧٠ ژن کرایەوە

خولێکی دروومان بۆ ٧٠ ژن کرایەوە و تیایدا ژنان بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ فێری دروومان دەکرێن و هان دەدرێن خۆیان لەسەر پێی خۆیان بوەستن.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە کارگەی مافووری شاری سلێمانی، یەکەمین خولی دروومان بۆ ژمارەیەک لە ژنان کرایەوە و ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. ئامانجی خولەکە فێرکردنی کاری دروومانییە بۆ ٧٠ لەو ژنانەی کە بێکارن و خولیای کارکردن و فێربوونیان هەیە.

 

خولەکە لەلایەن ژمارەیەک لە بەرگدرووەوە دەوترێتەوە، شنۆ جەمیل، یەکێکە لە ڕاهێنەرەکان و وانەی دروومان بە بەشداربووان دەڵێتەوە، بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و وتی: ژمارەی ئەو ژنانەی کە بەشدارییان کردووە ٧٠ ژنن، سەرجەمیان بێکارن و ئامانج لێی فێرکردنیانە و خستنەسەر کاریانە، بۆ ئەوەی بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن و خاوەن کاری خۆیان ببن.

 

ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتی ڕۆشنبیری هاوکاری کردوون لە کردنەوەی خولەکە، هەروەها بێ بەرامبەرە و زۆرینەی بەشداربووەکانیش ژنانی دەرەوەی کارگەی مافوورەکەن، لە دوای کۆتایهاتنی ئەم ١٠ ڕۆژە سەر لە نوێ خول بۆ ژمارەیەکی دیکە لە ژنان دەکەنەوە.

 

وتیشی: "ژنان زۆرن کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن، بەڵام بێکارن بەهۆی دانەمەزراندنەوە، بۆیە دەرفەتێکی لەم شێوەیە دەتوانێت هاوکاریان بکات لە باشکردنی دۆخی ژیانیان، هەروەها ئاشنای کاریان بکات، تێبگەن لەوەی کە پشت بە حکومەت و دامەزراندن نەبەستن و خۆیان هەوڵبدەن".

 

"با چیتر ژن پشت بە کەس نەبەستێت و خۆی کار بکات"

پەروین قادر، کارمەندی کارگەی مافوورەکەی شاری سلێمانییە و بەشداری کردووە لە خولەکەدا ئاماژە بەوەدا کاری چنین و چەندین کاری دەستی دیکە دەزانێت بەڵام دەرفەتی فێربوونی دروومانی نەبووە، بۆیە بەشداریکردووە و وەک هەلێک دەیەوێت لەم خولەوە فێری دروومان ببێت.

 

باسی لەشوەکرد، ژن هەر بەهرە و کارێک فێرببێت، دەتوانێت سودی لێوەربگرێت و لە ژیانیدا دووبارەی بکاتەوە، بۆ ئەوەی پشت بە هیچ کەس و لایەنێک نەبەستێت و خۆی کار بکات، بۆیە کردنەوەی ئەم خولانە بە کارێکی سودبەخش و گرنگ دەزانێت.