ئێران: ژنانی دووگیان مافی بڕیاردانیان نیە

بەهۆی نەبوونی مافی کۆتایهێنان بە دووگیانی، ژیان و سەلامەتی دایکان لە ئێران دەخاتە مەترسییەوە

ئاگرین حسێنی

 

دیواندەرە- لە یاسای دانیشتووانی لاوان، کە بە گرنگترین بەرنامەی حکوومەتی ئێران دادەنرێت بۆ هاندانی خەڵک بۆ زیادکردنی ژمارەی دانیشتوان، ئەگەری ڕێگریکردن لە دووگیانی و لەباربردنی منداڵ سنووردار و قەدەغەیە، هەروەها دەستڕاگەیشتن  بە دەرمان و پێداویستی ڕێگریکردن و کۆتایهێنان بە دووگیانی قەدەغەیە.

 

ئەو ژنانەی لە ناوچە دوورە دەستەکان و گوندنشینەکان دەژین، پێشتر کێشەیان لەگەڵ قورسی دەستڕاگەیشتن و بەرزبوونەوەی نرخی دەرمانەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی لە دەرمانخانەکاندا هەبووە، بەڵام ئێستا دەرمان و پێداویستی ڕێگری لە دووگیانی بە گشتی قەدەغە کراوە.

 

ئەنجامی ئەرێنی پشکنینی بێتا " پشکنینی دووگیانی" بۆ هەموو ژنێک لە ئێران دوای پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای "گەنجی دانیشتووان" بە واتای تۆمارکردنی پڕۆفایلەکەیانە لە "سیستەمی گشتگیری دووگیانی"، لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا دەستیپێکرد.

 

تۆمارکردنی زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە ژنانی دووگیان لە ئێران لە دۆخێکدایە کە پێشتر وەزیری تەندروستی ئێران "بەهرام عەینوڵاهی"، هەڕەشەی لە ژنان کردووە کە دووگیانیەکانیان لەباربەرن، تەنانەت دووگیانییەکی نەخوازراو یان مەترسیدار کۆتای پێبهێندرێت ژنان وەک "تاوانبار" مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت بە تۆمەتی "لەباربردن".

 

ئەم کارە "پۆلیسییە"ی کۆماری ئیسلامی بە وتەی پزیشکان کە گوایە بە مەبەستی "زیادکردنی دانیشتوانی" ئەنجام دەدرێت، تەندروستی ژنانی ئێران دەخاتە مەترسییەوە، لە کاتێکدا مافی هەموو ژنێکە کە بتوانێت بڕیاری ئازادانە دەربارەی منداڵبوون و جەستەی خۆیبدات.

 

بەهۆی نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە ڕێگریکردن لە دووگیانی بە شێوەیەکی سەلامەت و ئاسان و ئازاد، یان ئەگەری کۆتایی هێنان بە دووگیانی، ژنان زیاتر تووشی دووگیانی نەخوازراو دەبن و ڕوو لە شێوازە ژێرزەمینییەکان و ناپارێزراوەکانی لەباربردنی منداڵ دەکەن کە تەندروستی جەستەیی و دەروونیان دەخاتە مەترسییەوە.

 

یەکێک لەو ژنانەدا کە بەم دواییە بە شێوازێکی نا سەلامەت دووگیانییەکەی کۆتای پێهێناوە بە ناوی ژ.ع وتی: " کچێکم هەیە، تەمەنی ٦ ساڵە، کاتێکیش بە بێ ویستی خۆم دووگیان بووم، زۆر فشارم لەسەر بوو چونکە بەڕاستی مەرجی دارایی و سۆزداری پەروەردەکردنی منداڵێکی ترم نەبوو، بە مافی خۆمم دەزانی کە بڕیار لەسەر جەستەی خۆمبدەم، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە پشکنینی خوێنی بێتام کرد و پۆزەتیڤ بوو، ناومیان لە سیستەمەکەدا تۆمار کرد."

 

وتیشی: " بە سەختییەکی زۆر و بە هاوکاری یەکێک لە هاوڕێکانم کە لە دەرمانخانەیەک کاری دەکرد، توانیم حەبی لەباربردن بەدەست بهێنم کە لە ماڵەوە بەکارمدەهێنا، هەرچەندە من و هاوسەرەکەم لەسەر لەباربردنی منداڵەکە ڕێککەوتین، بەڵام ئەو فشارەی کە ناوم لە سیستەمەکەدا تۆمارکراوە و وەک تاوانبار ناوم لێنراوە زۆر بێزاری کردم، دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەک کۆرپەلەم لەبار برد، بارێکی دەروونی و جەستەیی خراپم هەبوو، چەند جارێک لە بنکەی تەندروستیەوە تەلەفۆنیان بۆ کردم، وە بەبێ ئەوەی بچمە نەخۆشخانە دۆسیەی دووگیانییان بۆ تۆمار کردم، وتم کە منداڵەکەم لەبارچووە، لەم کۆمەڵگەی ژنکوژەدا، تا ئەو دیکتاتۆریەت و پیاوسالارییە لە ئێراندا بوونی هەبێت، بە بڕوای من پلانی زیادکردنی ژمارەی دانیشتوان یەکسانە بە بڵاوبوونەوەی هەژاری."

 

نادڵنیایی و متمانەی ژنان بە سیستەمی تەندروستی

ڕازیە عەلائی، مامانێکی باڵای گشتی پسپۆڕی تەندروستی منداڵبوون، دانیشتووی دیواندەرە، لە گفتوگۆیەکدا سەبارەت بەم بابەتە وتی: " یەکێک لە ئەرکەکانی سیستەمی تەندروستی لە هەر وڵاتێکدا بە ئێرانیشەوە، گرنگیدان بە تەندروستی ژنان، دایکان و کۆرپەیە، چونکە یەکێک لە گرنگترین پێوەرەکانی تەندروستی لە هەر وڵاتێکدا لە ڕوانگەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە ئەو ئامارانەیە کە پەیوەستن بە مردنی دایکان و کۆرپەی خوار تەمەنی یەک ساڵ و منداڵی مردوو و لەباربردنی منداڵ و هتد، بەڵام پەسەندکردنی یاسا نوێیەکە، بە شێوەیەکی کردەیی دەبێتە بەهۆی نەبوونی متمانەی ژنان بەم سیستەمە، لە پرۆسەی چارەسەرکردن و تەندروستی دووریان دەخاتەوە."

 

ژنانی ناوچە دوورە دەستەکان مافی هەڵبژاردنیان نییە

ڕازیە عەلائی ئاماژەی بە ژنانی دانیشتووی پارێزگا دوورەدەستەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاننی وەک سنە و گوندەکانی دەوروبەری، کە بە هۆی نەبوونی پێداویستی خۆپارێزی و تەندروستی، زیادبوونی دووگیانی نەخوازراو زیادیکردووە، وتی: " ئەم ژنانە، کە مافی هەڵبژاردنی ڕێگریکردنی منداڵبوونیان نییە، و بۆ سەردانێکی سادە بۆ لای پزیشک، ناچارن بێنە ناوەندی شار یان بچنە شارێکی دیکە و ئەگەر بەرەنگاریش ببنەوە، ڕووبەڕووی توندوتیژی و ڕەتکردنەوەی خێزان دەبنەوە، هەروەها پیاوان ئامادەنین بەشداری ڕێگریکردن لە دووگیانی بکەن، دابەشکردنی دەرمانی ڕێگریکردن لە دووگیانی چەند مانگێک لەمەوبەر بەهۆی نەبوونی پارەوە وەستا، ئەم سنووردارکردنانە ژنانی گوندنشین بە سادەیی بەرەو دووگیانی نەخوازراو و هەندێکجار مەترسیدار ڕادەکێشرێن."

 

وتیشی: "هەفتەی ڕابردوو پرسیارم لە یەکێک لە ژنانی گوندی کەتەک کرد کە دووگیانیەکەی هەشت مانگە و هێشتا کاری قورس لە گوندەکەدا دەکات، چەند جار پشکنینی بۆ کراوە؟، ئاماژەی بەوەکرد، بنکەی تەندروستی دوورە و لەم هەشت مانگەدا تەنها جارێک سەردانی مامانەکەی کردووە، ئازاری درێژخایەنی پشتی هەبووە و هەروەها هەوکردنی زێ و لاوازییەکی زۆر و بێهێزی هەبووە، ڕەنگی دەموچاوی زەرد بوو و سەرم سوڕنابێت ئەگەر بیستم لە لەدایکبوون ڕزگاری نەبووە."

 

گەندەڵیەکانی ڕژێمی ئێران ساڵانێکە ژنانی ڕووبەڕووی سەختی کردووەتەوە، لە کاتێکدا لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا، تەندروستی منداڵبوون و سێکسی، ڕێگریکردن و کۆتایهێنان بە دووگیان، دوور لە هەر زۆرکردن و جیاکاری و توندوتیژییەک، بە یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی ژنان دادەنرێت، ئەو مافانەی کە لە ئێران پشتگوێ دەخرێن.