لەگەڵ نزیکبوونەوەی زستان، نیگەرانییەکانی کۆچبەرانی ئیدلب لە زیادبووندایە

بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی شام و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا ژمارەیەکی زۆر خێزان لە ئیدلبەوە کۆچ دەکەن، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، نیگەرانییەکانی ئەو خێزانانەی لە کامپەکاندا دەژین لە زیادبووندایە.

لینا خەتیب

 

ئیدلب- پێکدادانەکانی نێوان حکومەتی شام و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لە ٥ی تشرینی یەکەمەوە زیادی کردووە و ئەو کەسانەی کە زیانبەرکەوتووی سیاسەتەکانی جەنگن ناچارکراون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و لە کامپەکان نیشتەجێ بن، خەڵکی ئیدلب  بە هۆی ئەو شەڕ و پێکدادانانەوە تووشی کارەسات و ئازارێکی گەورە بوون، بەبێ دەستوەردانی نێودەوڵەتی بۆ کەمکردنەوەی سکاڵاکانی ئەو کەسانەی کە بەهۆی شەڕەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، نیگەرانییەکانی ئاوارەکان لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستاندا لە زیادبووندایە.

 

"زستان نزیک دەبێتەوە و نیگەرانییەکانمان زیاتر دەبن"

ئایشە ئەلحەلوم، تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی جسر ئەلشوغور، ئاماژەی بەوەکرد کوڕەکەی لە بۆردومانە قورسەکەی شارەکەدا بریندار بووە و وتی: کوڕەکەم لە کاتی گەڕانەوەی لە قوتابخانە بەهۆی گولـلەیەکەوە قاچی برینداربوو، ئەو قوتابخانەی بەجێهێشت و هێشتا چارەسەر وەردەگرێت، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان بەهۆی بۆردومانەوە کۆچیان کردووە، خەڵک بەهۆی هەژاری و کرێی خانووەوە دەناڵێنن، زستان نزیک دەبێتەوە و نیگەرانین، هیچ هاوکارییەک لە لایەن ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە نییە.

 

سەلما عەواد، تەمەن ٥٠ ساڵ، خەڵکی ئیرحە، کە بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی شارەکەوە ناچارکرابوو لەگەڵ خێزانەکەی هەڵبێن، وتی: بارودۆخەکە کارەساتە و بۆردومانەکان بەردەوامن، شەو و ڕۆژ بۆردومان هەیە و ئەم دۆخە لە هەموو ساتێکی ژیانماندا بەردەوامە، ناچار بووم کۆچ بکەم وەک خێزانەکانی تر. ١٨ ساڵ لەمەوبەر کوڕەکەمم لەدەستدا و چیتر ناتوانم ئەو دەردە ڕابگرم.

 

"کامپ پڕە لە کۆچبەران"

سەلما عەواد، کە لەگەڵ خێزانەکەیدا چووبوون بۆ کامپێکی نزیک شارۆچکەی هیزانۆ لە باکووری ئیدلب، وتی: کامپەکە پڕە لە کۆچبەران، سەرەڕای کەمی و نەبوونی ئاو، نەخۆشییەکان بڵاو دەبنەوە، پێویستمان بە یارمەتی بەپەلە هەیە، لەوانە خۆراکی منداڵان، پێداویستییەکانی وەک پاکوخاوێنی، ئاو و چاودێری تەندروستی، ئەو خێزانانەی بەهۆی بۆردومانەوە شارەکەیان جێنەهێشتووە، دەیانەوێت لە هەرێم بمێننەوە بۆ ئەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان کۆبکەنەوە.

 

"چاوەڕێی دروێنەی زەیتوون بووین، بەڵام بەهۆی بۆردومانەکەوە نەمانتوانی"

ئەمەل حوسری، تەمەن ٤٢ ساڵ، خەڵکی شارۆچکەی بلیۆن لە ناوچەی جەبەل زەڤییە، وتی: خێزانێکی ٩ کەسیین و سەرەڕای بۆردومانەکان کۆچمان نەکردووە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە ناتوانین خانوویەک بە کرێ بگرین، بۆیە باشترە بمرین و لە ماڵەکانمان بمێنینەوە، وەرزی دروێنەی زەیتوون بەڕێوەچوو خێزانەکەم چاوەڕێی دروێنەکردنی زەیتوون بوون، چونکە ئەگەر بتوانین زەیتوون چاندن بکەین، دەتوانین بەشێک لە تێچووەکانمان دابین بکەین، بۆردومانەکان کاریگەری لەسەر هەموو شتێک هەیە، کاریگەری لەسەر بازاڕ هەیە، ژیان ئیفلیج دەکات، لەگەڵ هەموو دەنگێک کە دەبیسترێت، خەڵک دەترسن و منداڵان دەگرین.

 

بەهۆی تۆپبارانەوە خوێندنگەکان وێران بوون و دەیان هەزار قوتابیش لە خوێندن بێبەش بوون

ڕێکخەرانی دەستوەردانی سووریا ڕووداوە گشتییەکانی ناوچەکەیان تۆمارکردووە لە دەستپێکی گرژییە سەربازییەکان لە ٥ تشرینی یەکەم. لە ئەنجامدا زیاتر لە ٤٢ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا ٩ ژن و ١٢ منداڵ و زیاتر لە ٢١٤ هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، لە ٥ی تشرینی یەکەمەوە ٦٦ منداڵ و ٣٧ ژن گیانیان لەدەستداوەو دوو کارمەندی فریاگوزاری مرۆیی و چوار کەسی دیکە لە ئەنجامی هێرشەکەدا بریندار بوون.

 

لەڕووی بینا و ژێرخانەوە، زیاتر لە ٥١ دامەزراوە ڕاستەوخۆ یان نزیک ناوەندەکە کرانە ئامانج، لەوانە زیاتر لە ١١ خویندنگە، ٧ کامپ و ١٥ ناوەندی تەندروستی. هەروەها سەنتەرەکانی تری خزمەتگوزاریش هەن، زیاتر لە ٤٠٠هەزار خوێندکار بەهۆی ئامانجکردنی قوتابخانەکانەوە لە خوێندن بێبەش کراون و ناوەندە تەندروستییەکان ناتوانن خزمەت بکەن، زیاتر لە دوو ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی داخستنی ناوەندە تەندروستییەکانەوە بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە.