ئامەد، گەل لە ڕێپێوانی ئازادی بەردەوامە و پۆلیسی تورک ئاستەنگ دروستدەکات

ئەمڕۆ لە ئامەد، بەرفراوانترین گردبوونەوەی ئازادی، بۆ داواکاریی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵگرتنی گۆشەگیریی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە ڕێگەی دیموکراسی بەڕێوەدەچێت و سەرەڕای ڕێگرییەکانی پۆلیس، گەل بە هەڵپەڕکێ ڕێپێوان دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە ئامەد، بەرفراوانترین گردبوونەوەی ئازادی، بۆ داواکاریی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵگرتنی گۆشەگیریی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە ڕێگەی دیموکراسی بەڕێوەدەچێت.

 

هەزاران کەس لە ئامەدی باکووری کوردستان لە دەوری ناوچەی ئۆفیس و شەقامی گۆچمەنلەر بۆ بەشداری کردن لە گردبوونەوەی "ئازادیی" کۆبوونەتەوە، پێش دەستپێکردنی چالاکیی "ئێمە دژی پیلانگێڕیی دەوەستینەوە، بۆ ئازادیی لە ئامەد کۆدەبینەوە" بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی دامودەزگا دیموکراتییەکان، چەندین ناوچەی ئامەد لەلایەن پۆلیسی دەوڵەتی تورکەوە گەمارۆدرابوون و گیرابوون.

 

بۆ بەشداریکردن لە گردبوونەوەکە چالاکوانان لە چەندین ناوچە کۆبوونەتەوە، کە پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە ناو گەلدان و لە کۆڵانی گۆچمەنلەر لە گەڕەکی فاتیح لە ناوچەی ڕێزانی ئامەد بە ڕێپێوان بەرەو شوێنی گردبوونەوەکە، کە ناوچەی ئۆفیسە بەڕێکەوتوون، و هەرچەندە پۆلیس هەوڵی ڕێگرییکردنی ڕێپێوانەکەی دا، بەڵام چالاکوانان وتیان:  هەرچیەک بکەن گەل ڕێپێوانی خۆی دەکات، ئێوە ناتوانن ببنە بەربەست.

 

گەل بەردەوام دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن، ژیان، ئازادی" دەڵێنەوە و لە زۆر شوێنی شارەکەوە رێپێوانی ئازدی دەستپێدەکات.

 

لە شارەکانی دیکەوە ڕوو لە ئامەد کراوە

گەل لە ماردین و شرناخ، وان و دیلۆکەوە بە مەبەستی بەشداربوون لە رێپێوانی ئازادی بەڕێکەوتوون، گەیشتوونە ناوچەی خانا ئاخپاری ئامەد، لە بەرامبەر ئاستەنگ و بەربەستەکانی پۆلیس، رێپێوان بەرەو ناوەندی ئامەد دەستیپێکردووە و بە دەم وتنەوەی گۆرانی کوردی درێژە بە رێپێوانەکە دەدەن.

 

گوڵجان کاچماز سایگیتیش، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، لەسەر ئاستەنگیەکان کاردانەوەی نیشاندا و وتی: کورد و دۆستانیان لە دژی ئێوە سەردانانوێنن، ئێوە خۆپیشاندانتان لە ئامەد قەدەغە کرد، بەڵام بۆ ئێمە هەموو شوێنێک ئامەدە و هەموو شوێنێک ناوەندی بەرخۆدانە.

 

لە ئیلحی باکووری کوردستانیشەوە خەڵک بە مەبەستی بەشداریکردن لە گردبوونەوەی "ئازادیی"، کە بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەدەچێت، بەرەو ئامەد بەڕێکەوتن، سەرەڕای ڕێگرییەکانی پۆلیسی تورک خەڵک بە جۆشەوە بەردەوامن لە ڕێپێوان و چالاکی دانیشتنیان بەڕێوەبرد،

 

ئەو گروپانەی لە سێرتەوە بەڕێکەوتن، لە کاتی چوونە دەرەوەیان لە شار لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگرییان لێکرا. هەروەها هاوڵاتیان بەرامبەر ئاستەنگیەکان بە سەمای "ئازادی" دەستیان بە چالاکی کرد.