وەزیری خوێندنی باڵا، کورسی زیاد دەکرێت بۆ ئەو خوێندکارانەی ناویان نەهاتووەتەوە
دوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی زانکۆلاین، ژمارەیەکی زۆر خوێندكارانى پۆلى ١٢ى ئامادەیی ماوەی پێنج ڕۆژە لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان دژی ئەنجامەکانی زانکۆلاین ناڕەزاییان دەربڕی، ئەمڕۆش وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بە زیادکردنی کورسی.
ناوەندی هەواڵ
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خوێندکارانى پۆلى ١٢ى ئامادەی بەهۆی دەرەنجامی زانکۆلاین، ئەمڕۆ ٣١ی تشرینی یەکەم، لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵا بە بەشداری وەزیری خوێندنی باڵا، لە پەرلەمانى هەرێم کۆبوونەوە و دواتر ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسى ئەنجامدا.
لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند: ئەو خوێندکارانەى کە ناویان لە زانکۆ و پەیمانگاکان نەهاتووەتەوە ناوییان دێتەوە و کورسی خوێندنیان بۆ دابین دەکەین و کارێک دەکەین، کە گرفتەکە بەشێوەیەکى باش چارەسەر بکرێت.
"لەگەڵ ئەندامانى لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە پەرلەمانى هەرێم گفتوگۆمان لەبارەى هەموو ئەگەرەکان کرد و خۆشبەختانە کێشەى خوێندکارانى پۆلى ١٢ى ئامادەیی هێندە ئاڵۆز نییە، کە نەتوانین چارەسەرى بکەین، چارەسەرەکەى ئاسانە و داوا لە خوێندکاران دەکەین بچنەوە ماڵەکانیان، چونکە ئێمە ڕێگە نادەین ستەمیان لێبکرێت."
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دڵنیایی دەدەینە خوێندکاران کە گرفتەکەیان بەشێوەیەکى باش چارەسەر دەکەین، هەروەها ئەو خوێندکارانەى کە ناویان نەهاتووەتەوە ناوییان دێتەوە و کورسی خوێندنیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ دابین دەکەین.
وەزیری خوێندنی باڵا، ئەوەشی ڕوونکردەوە، بەشێک لە سەرۆک زانكۆكان ڕێگریی دەكەن لە وەرگیرانی زۆرینەی دەرچووانی پۆلى ١٢ى ئامادەیی و بەجۆرێک ئەگەر فشارى ئێمە نەبوایە، ئەوا کۆنمرەى ٩٩.٨ لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەرنەدەگیران.
لە کۆتایدا بەڵێنیدا کارێک دەکەن، کە گرفتى ئەو خوێندکارانە بەشێوەیەکى باش چارەسەر بکرێت و بریارێک دەدەن لەبەرژەوەندى گشتى دەبێت.
ت.پ