وریشە مورادی، ئەندامی کژار بە هەڵگرتنی چەک تۆمەتبار دەکرێت

وریشە مورادی، ئەندامی کژار کە لە ١ی ئابی ٢٠٢٣ لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە ڕفێندرابوو، دوای ٦ مانگ لە دەستگیرکردنی بە هەڵگرتنی چەک تۆمەتبار کرا.

ناوەندی هەوال

 

وریشە مورادی، چالاکوانی مافەکانی ژنان و ئەندامی کژار، لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئێرانەوە لە نزیک شاری سنە ڕفێندرابوو، تا ئێستا لە زیندان دەستگیرکراوە و ڕێگەی پێنەدراوە خیزانەکەی سەردانی بکەن.

 

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دەربارەی ڕەوشی وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی کوردسدتان "کژار" کە تۆمەتبارکراوە بە هەڵگرتنی چەک و وەستانەوە دژی دەوڵەت بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

 

بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک و وەستانەوە لە دژی دەوڵەتی ئێران تۆمەتبار کرا

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ٦ مانگ دوای دەستگیرکردنی وریشە مورادی، ئەو بە فەرمی لەلایەن لقی پێنجەمی نوسینگەی داواکاری گشتی دادگای شۆڕش لە تاران تۆمەتبارکرا بە هەڵگرتنی چەک و وەستانەوە دژی دەوڵەتی ئێران.

 

هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند لەم هەفتەیەدا دوو جار لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە دەستیپێکردووە سەبارەت بە وریشە مورادی.

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند؛ کەیسەکەی وریشە مورادی دوای ئەوەی تۆمەتبارکرا بە لهەڵگرتنی چەک و وەستانەوە دژی دەوڵەت، ڕەوانەی لقی ١٥ی  دادگای گشتی شۆڕشی ئیسلامی تاران کرا.