وریشە مورادی لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی بێبەش كرا

وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کورد لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی بێبەشكراوەو پێشتریش لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەو پارێزەرەکانی بێبەش کرابوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی هەواڵیی هەرانا، سەبارەت بە بارودۆخی وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە زیندانی ئێڤین ڕاگیراوە، ئاماژەی بەوەکرد، لە ئەمڕۆوە وەک سزایەک، ڕێگریی لە دەستڕاگەیشتن و بەکارهێنانی تەلەفۆنی زیندان لە وریشە مورادی کراوە.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هاتووە کە وریشە مورادی لە حەوشەی پیاسەکردنی زیندانی ئێڤیندا، دروشمی ناڕەزایەتیی دژی جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان وتووەتەوە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، وریشە مورادی پێشتریش لە چاوپێکەوتنی بنەماڵەو پارێزەرەکانی بێبەش کرابوو و ئەم قەدەغەکردنەش هێشتا بەردەوامە.