وۆرکشۆپەکە تیشک دەخاتە سەر گرنگی دامەزراندنی پێکەوەژیان لە سووریا
لە میانەی وۆرکشۆپێکدا ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە پارێزگای ڕەققە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەختی لە ڕۆڵی ژنان لە چەسپاندنی چەمکی پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریادا کردەوە، بەتایبەتی بە ڕۆشنایی پێشێلکارییەکانی دژی مەزهەبەکان.

ڕەققە – بەشداربووانی وۆرکشۆپێک بەناونیشانی "پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتەکان: بنەمای بونیادنانی کۆمەڵگە" جەختیان لەوە کردەوە کە پێکەوەژیان لەسەر بنەمای بەهاکانی ڕێزگرتن و فرەچەشنی دامەزراوە، کلیلی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو و دیموکراتییە.
لەنێوان پەرەسەندنی گرژییە تائیفیەکان و نائارامییە سیاسییەکانی ئەم دواییە لە سووریا، ئەنجومەنی ژنانی سووریا ڕۆژی ٩ی تەمموز وۆرکشۆپێکی لە شاری ڕەققە بە تەوەری "پێکەوە ژیان لەنێوان پێکهاتەکاندا: بنەما بۆ بونیادنانی کۆمەڵگە" ئەنجامدا، لە وۆرکشۆپەکەدا ژمارەیەک کەسایەتیی ژن و سیاسی، چالاکوانی مەیدانی، چالاکوانی سەربەخۆ بەشدارییان کرد، کە تیایدا گرنگی چەسپاندنی چەمکەکانی پێکەوەژیان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کولتووری و کۆمەڵایەتی لەنێو پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سووریادا باسکرا.
سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە گفتوگۆ و بونیادنانی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیدا، بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە ژنان بەردی بناغەی بونیادنانی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی پێکدەهێنن و ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە بەهێزکردنی گفتوگۆ و یەکگرتوویی نێوان پێکهاتەکان، بەتایبەتی بە ڕۆشنایی ئەو ئاڵەنگاری و هەڕەشەیانەی ڕووبەڕووی وڵات دەبێتەوە.
وۆرکشۆپەکە بە پێناسەکردنی چەمکی پێکەوەژیان وەک ئەوەی لەسەر بنەمای بەها مرۆییەکان و هاوکاری دامەزراوە، دوور لە جیاکاری نێوان پێکهاتە و نەتەوەکان دەستیپێکرد، بە بناغەیەکی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و بەشێکی دانەبڕاو لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو دادەنرێت، ڕێزگرتنی یەکتر بەرەوپێش دەبات و بنەمای فرەچەشنی دەچەسپێنێت.
هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە ئەم چەمکە تەنیا لە تیۆریدا سنووردار نییە، بەڵکو لە پراکتیکدا لە خێزان و پەروەردە و کار و کولتووردا ڕەنگ دەداتەوە، لە ڕێگەی ناسینی فرەچەشنی کۆمەڵایەتییەوە پاڵپشتی شوناسی نەتەوەیی دەکات.
سەبارەت بە ئامانجەکانی وۆرکشۆپەکە، وەک لە لایەن بەشداربووانەوە ئاماژەی پێکراوە، ئیعتیماد ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی سووریا، وتی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕووداوە سیاسیی و ململانێی تائیفی کە وڵات تووشی دەبێت، وەک ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە دژی پێکهاتەی عەلەوییەکان ئەنجامدرا و تەقینەوە خۆکوژییەکەی کڵێسای سانت ئیلیاس، کە لە ئەنجامدا لێکهەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتی ڕوون و ئاشکرای لێکەوتەوە، بڕیارماندا وۆرکشۆپەکە لەم کاتەدا ئەنجام بدەین، بۆیە هەوڵماندا ڕۆڵی ژنان لە پێشکەشکردنی پێشنیاری کردەیی بۆ چەسپاندنی چەمکی پێکەوەژیان و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و ئەخلاقی بە پێشەنگایەتی ژنان بخەینەڕوو.
حەنیفە حەبەش، ڕێکخەری کۆنگرەی ستار لە شەهبا-عەفرین ڕوونی کردەوە کە ژنان نوێنەرایەتی بەردی بناغەی بەهێزکردنی متمانە و گفتوگۆ لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا دەکەن، ئاماژەی بە سەرکەوتنی ئەزموونی ژنان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد، کە ڕۆڵیان لە ڕێگەی سیستەمی کارگێڕییەوە کە لەسەر بنەمای هاوسەرۆکایەتی دامەزراوە، کە بەشدارییەکی بەرجەستەی کرد لە بەشداریکردنی کاریگەرانەی کۆمەڵگە، وتاردەران ئاماژەیان بەوەدا کە شۆڕشی ڕۆژئاوا کە لەسەر بنەمای پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک دامەزرا، پێکەوەژیانی وەک پایەیەکی بنەڕەتی گرتەبەر، ئەرمەنەکان، مەسیحییەکان، سریانیەکان، عەرەبەکان و کوردەکانی کۆکردەوە، مۆدێلێکی ناوازەی دانا کە دەبێت وەریبگرن، داوایان کرد ئەم ئەزموونە بگوازرێتەوە بۆ تەواوی سووریا بە ئامانجی پتەوکردنی یەکێتی نەتەوەیی.