لە ڕۆژهەڵات و ئێران ژنان لە شەقامەکان ناکشێنەوە

ئەو خۆپیشاندانانەی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، وەک ڕاپەڕینی گەل بە پێشەنگایەتی ژنان بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

خۆپیشاندان دژی کوشتنی ژینا ئەمینی کە لە لایەن "پۆلیسی ڕەوشت"ی ئێران بە بیانوی ئەوەی حیجابی بە باشی نەکردبوو ئەشکەنجەدراو گیانی لەدەستدا، وەک ڕاپەرینی گەل بە پێشەنگایەتی ژنان بەردەوامی هەیە.

 

لە زۆرێک لە ناوچەکانی تاران خەڵک بە پێشەنگایەتیی ژنان لە کۆڵانەکان و شەقامەکانن، هێزەکانی ڕژێم کە دەیانەوێت خۆپیشاندانەکان سەرکوت بکەن بێ ئەوەی ڕەچاوی ژن و منداڵان بکەن هێرش دەکەنە سەر چالاکییەکان، بەهۆی سنووردارکردنی پەیوەندیەکانەوە تا ئێستا ژمارەی دەستگیرکراوان و برینداران و کوژراوانی ئەو وڵاتە ڕوون نەکراوەتەوە، دەوترێت کە ژنان و منداڵانی دەستبەسەرکراو ئەشکەنجە دەدرێن.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بەدەستیخستووە، ٨٣ کەس لە خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری ئێران کوژراون و زۆربەی کوژراوەکان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە، لەلایەکی ترەوە سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاند کە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئەنجامی هێرشەکانی هێزەکانی ڕژێم گیانیان لەدەستداوە زۆر زیاترە لەو ئامارەی کە باسکراوە.

 

لە هەموو شارەکاندا چالاکی بەڕێوەدەچێت

چالاکییەکان دژی قەدەغەکردنی ئینتەرنێت لە وڵات لەسەر هەژماری میدیا هاوبەش دەکرێن، ڤیدیۆکان ئەوە نیشان دەدەن کە لە کاتێکدا خۆپیشاندەران لە ناوچەی گوهەردەشت -ی سەر بە شاری کەرەجی پارێزگای ئەلبۆرز ڕێپێوان دەکەن، شۆفێرانی ئۆتۆمبێلەکانیش بۆ پشتیوانیکردن هۆڕن لێدەدەن، لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا لە مەشهەد خۆپیشاندەران بەدروشمی هاوار ئۆتۆمبێلی پۆلیسیان تێکشکاند، دیسان بە نزیکەیی لە هەموو شارەکانی وڵات چالاکوانان بە هاوارکردنی دروشم بەردەوامن لە چالاکییەکانیان دژ بە حکومەت، بایکۆتکردن لەلایەن خوێندکارانی زانکۆ لەگەڵ مامۆستاکانیان بەردەوامە.

 

پشتیوانی لەلایەن یانەی تۆپی پێی ئێران

هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران بەردەوامە لەپشتیوانیکردن لەخۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە و لە یاری ئامادەکاریدا بە لەبەرکردنی چاکەتی ڕەش یاریەکەیان بەجێهێشت، هەروەها یاریزانان لەسەر هەژماری خۆیان تیشکیان خستەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی.

 

دەستبەسەرکردن و گرتن

لە بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتەدا، بە دەستبەسەرکردن و گرتن هەوڵی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران دەدرێت، بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، ٧٣٩ کەس لە گیلان و ٤٥٠ کەس لە مازەندەران و١٨٠ کەس لە ئیلام دەستبەسەرکراون، سەندیکای خوێندکارانی زانکۆی تاران بڵاویکردەوە کە بەلایەنی کەمەوە ٣٠ خوێندکار و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی تارانیش ڕایگەیاندووە کە ٢٠ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون، هەروەها ژمارەی دەستبەسەرکراوەکان لە وڵاتدا هەزاران کەس دەبێت.