وێنەگری کورد ئەڤین عەباسی لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیدا بووە فیناڵیست
ئەڤین عەباسی، وێنەگری کوردی خەڵکی بانه بە بەرهەمەکەی بە ناوی "چوونەژوورەوە قەدەغەیە" لە نێوان سەدان هەزار داواکاری لە ۱۲٤ وڵاتەوە، بووە یەکێک لە ٤١ فیناڵیستی کۆتایی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی LensCulture 2026.
ناوەندی هەواڵ
ئەڤین عەباسی، وێنەگرێکی دیاری کوردی خەڵکی بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەڤین لە پەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆی ڕایگەیاند کە بەرهەمەکەی بە ناوی "چوونەژوورەوە قەدەغەیە" گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی پێشبڕکێی LensCulture بۆ ساڵی ۲۰۲٦، کە لە نێوان سەدان هەزار وێنەگری بەشداربوو لە ۱۲٤ وڵات و پێنج کیشوەرەوە هەڵبژێردراوە.
ئەڤین عەباسی وێنەیەکی بەرهەمەکەی بڵاوکردەوە و گەیشتنی بە نێو ٤١ فیناڵیستی کۆتایی وەک شانازییەک پێناسە کرد.
پێشبڕکێی LensCulture یەکێکە لە دیارترین و بەپێزترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی وێنەگەری، کە ساڵانە بە بەشداری وێنەگرە پێشەنگەکانی جیهان بەڕێوەدەچێت.
بەرهەمە هونەرییەکان سەرنجی خەڵک ڕادەکێشن
ئەڤین عەباسی لە ساڵانی کارکردنیدا لە بواری وێنەگەریدا، سەرنجی خستووەتە سەر بابەتە کۆمەڵایەتی، مرۆیی و ناسنامەیییەکان، و بەرهەمەکانی لە ڕووداو و پێشانگە جیاوازەکاندا سەرنجیان ڕاکێشاوە. ئەو یەکێکە لەو وێنەگرانەی کە ئەزموونەکانی ژیان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە وێنەکانیدا دەخاتە ڕوو.