ڕوناهی حوسێن: ساکینە جانسز فەلسەفەی "ژیان تێکۆشانە"ی کردە مانیفێستی ئازادی بۆ ژنانی جیهان

ڕوناهی حوسێن، چالاکوانی سیاسی وێڕای دەربڕینی پێزانین و سەردانەواندن بۆ گیانی پاکی شەهید ساکینە جانسزو هەڤاڵانی ئاماژەی بەوەدا کە ڕێبازی ئەوان نوێنەرایەتی حەقیقەتێکی بێ کۆتایی دەکات.

بناری قەندیل 

 

٩ـی کانوونی دووەم، ١٣ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی شەهید ساکینە جانسز و هەڤاڵانی "لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان"، تێدەپەڕێت کە بە دەستی دووژمنانی کورد و چاوساخانی دداگیرکەر لە فەڕەنسادا کرانە ئامانج.

 

ڕوناهی حوسێن، چالاکوانی سیاسی لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە ساڵیادی تیرۆرکردنی ساکینە جانسز و هەڤاڵانی لە پاریس، قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو جەختی لەوەکردەوە کە میراسی تێکۆشانی ساکینە جانسز تەنها ڕووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵکو بووەتە هێڵێکی ستراتیژی و مانیفێستێکی زیندوو بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادکردنی ئیرادەی ژنان لە هەرچوار پارچەی کوردستان و جیهاندا.

 

"سیمبولی بەرخۆدان لە زیندانەوە بۆ جیهان"

ڕوناهی حوسێن تیشکی خستە سەر ژیان و خەباتی ساکینە جانسزو ئاماژەی بەوەکرد، هەڤاڵ سارا وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە قۆناغێکی سەختدا و لەناو کۆمەڵگایەکی عەلەوی و ڕەنجدەردا گەشەی کرد. سەرەڕای دەستگیرکردنی لە تەمەنی لاویدا و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەشکەنجەی دڕندانە لە زیندانەکانی تورکیا، نەک هەر چۆکی دانەدا، بەڵکو بەرخۆدانەکەی بووە مەشخەڵێک و دەنگدانەوەیەکی جیهانیی لێکەوتەوە وتیشی: "ئەو دەنگەی لە زیندانەکانەوە هەڵقوڵا، دواتر لە شەقامەکانی ئەوروپا بووە هاوارێکی بیستراوی ئازادی و هێڵێکی ڕوونی بەرخۆدان.

 

"مانیفێستی ژیان و هێزی شاراوەی ژن"

سەبارەت بە کاریگەریی فەلسەفەی ساکینە جانسز لەسەر تەڤگەری ژنان، ڕوناهی حوسێن وتی: ئەمڕۆ لە باشوور، باکوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو ڕۆحیەتەی بەرخۆدان دەبینین کە میراسی شەهید سارایە، ئەو بۆ ئێمەی ژنان بووەتە مانیفێستی ژیان، وەک خۆی لە کتێبی یادەوەرییەکانیدا دەڵێت 'ژیانی من هەمووی تێکۆشان بوو'، ئەمڕۆش مرۆڤایەتی بۆ خوڵقاندنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک، پێویستی بەم ئاستە بەرزەی تێکۆشان هەیە.

 

هەروەها ئاماژەی بە تێڕوانینی ساکینە جانسز کرد بۆ وزەی ژنان و وتی: شەهید سارا باوەڕی وابوو کە ژن خاوەنی هێزێکی شاراوەی مەزنە، ئەگەر ئەم هێزە دەربهێنرێت و ئاراستە بکرێت، ژن دەبێتە پێشەنگێکی سەرکەوتوو. بۆیە ئەرکی ئێمەیە سود لە ئیلهام و تێڕامانەکانی وەربگرین و بیکەینە هەوێنی بەهێزبوونی خۆمان.

 

"وەفاداری بۆ شەهیدانی پاریس"

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ڕوناهی حوسێن یادی شەهید (ئەڤین گۆیی) و شەهیدانی دووەمین کۆمەڵکوژی پاریسی کردەوە کە لە هەمان مانگدا شەهید کران، وەک درێژەپێدەری هەمان هێڵ و ڕێباز پێناسەی کردن و بەڵێنی نوێکردەوە کە تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان، لەسەر ڕێبازیان بەردەوام بن.