وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو... ژنانی مەغریب لە سەرکردایەتی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دیجیتاڵی مەشق دەکەن

کۆتایی هاتنی وۆرکشۆپێکی مەشقیی کۆمەڵەی ژنانی مەغریب لە دار بەیزا لە چوارچێوەی بەرنامەی "بەشداری"، کە تایبەت بوو بە ئامادەکردنی بەشداربووان بۆ هەڵبژاردنەکان لە ڕێگەی مەشقی چڕ لە بواری سەرکردایەتی، پەیوەندی دیجیتاڵی و بەڕێوەبردنی بانگەشەدا.

حەنان حارت

مەغریب- خەدیجە ڕەباح، ڕێکخەری نیشتمانی کۆمەڵەی دیموکراتی ژنانی مەغریب، خوازیاری پتەوکردنی بەشداریی سیاسی ژنان بوو بە گواستنەوە لە داکۆکییەوە بۆ پاڵپشتیکردنی سەرکردەکانی ژنانی ناو پارتە سیاسییەکان، جەختی لەوە کردەوە، کە بەهێزکردنی ژنان بە توانای سەرکردایەتی و پەیوەندی دیجیتاڵی زۆر گرنگە بۆ ئامادەکاری هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

 

کۆمەڵەی دیموکراتی ژنانی مەغریب بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی هاوپشتی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و خێزان، ٢٢ی حوزەیران کۆتایی بە وۆرکشۆپی مەشقی نیشتمانی خۆی لە دار بەیزا هێنا، وۆرکشۆپەکە کە بەشێکە لە پرۆگرامی "مشاركة" "بەشداریکردن"، ئامانجی مەشقپکردنی زیاتر لە ٧٠٠ ژن و ژنی گەنج بوو لە سەرانسەری مەغریب بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی ژنان لە ژیانی سیاسی و پۆستەکانی بڕیاردان وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

 

ڕۆژی دووەمی وۆرکشۆپەکە تیشکی خستە سەر ئاشنا کردنی بەشداربووان بە سەرکردایەتی و ئامرازەکانی پەیوەندی سیاسی و دیجیتاڵی، بەهێزکردنیان بە لێهاتوویی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سیاسی و هێرشە ئەلیکترۆنیەکان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکاریانەی کە کەشی دیجیتاڵییان کردووە بە مەیدانێکی چارەنووسساز بۆ پەیوەندی سیاسی و کۆکردنەوەی هەڵبژاردن.

 

لە وۆرکشۆپەکاندا باس لە چەمکی سەرکردایەتی ژنان کرا وەک جۆرێک لە سەرکردایەتیکردن لەسەر بنەمای کاری گروپی و کراوەیی بەرامبەر بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان، توانای بەشداریکردنی لە پەرەپێدانی سیاسەتی گشتیدا کە زیاتر وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتیان بێت.

 

هەروەها مەشقەکە تەکنیکەکانی پەیوەندی سیاسی و دیجیتاڵی و پێشەکییەک بۆ کایەی سیاسی دیجیتاڵی و دروستکردنی ناوەڕۆکی سیاسی و بەڕێوەبردنی هەڵمەتی دیجیتاڵی و بەکارهێنانی شیکاری داتا و زیرەکی دەستکرد لە کاری سیاسیدا بۆ تێگەیشتن لە ڕەوتی بیروڕای گشتی و پەرەپێدانی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و پلاندانانی بانگەشەی هەڵبژاردن گرتەوە.

 

بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییە گەشەسەندووەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی کەشی دیجیتاڵی، وۆرکشۆپەکان کاتیان بۆ بابەتی بەڕێوەبردنی قەیرانە دیجیتاڵییەکان و هێرشە بەرپەرچدانەوەکان تەرخان کرد، کە تیشکیان خستە سەر ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی هەڵمەتی چەواشەکاری، زانیاری ناڕاست، هەراسانکردنی ئۆنلاین کە ژنان دەکەنە ئامانج لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، ئەمە جگە لە بەرزکردنەوەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی، پاراستنی زانیاری کەسی،  دەستەبەرکردنی هەژماری دیجیتاڵی.

 

 

لەو چوارچێوەیەدا، خەدیجە ڕەبا، ڕێکخەری نیشتمانی کۆمەڵەی دیموکراتی ژنانی مەغریب، دووپاتی کردەوە، کە لە دوای تاوتوێکردنی ڕەشنووسی یاسای بنچینە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لە مانگی ئابی ٢٠٢٥، کۆمەڵەکە سەرقاڵی هەڵمەتێکی داکۆکیکردن بووە بە ئامانجی بەهێزکردنی بەشداری سیاسی ژنان، ئەم هەڵمەتە تیشک دەخاتە سەر هەڵسەنگاندنی کاریگەریی یاساکانی هەڵبژاردن و چالاککردنی بنەمای یەکسانی ڕەگەزی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سیاسی، لەوانەش توندوتیژی دیجیتاڵی.

 

ڕوونیشیکردەوە، قۆناغی داکۆکیکردن بە سەرۆکایەتی بزووتنەوەی ژنان پێویستە قۆناغێکی نوێ بەدوای خۆیدا بهێنێت، کە تیشک بخرێتە سەر پاڵپشتیکردنی ژنان لەناو حزبە سیاسییەکان و کەرتەکانی ژنانی سەر بە خۆیان، کە ئەمەش وایان لێدەکات بەشداری بکەن لە گفتوگۆکان سەبارەت بە کاندیدکردن و پۆستە بەرپرسیارێتییەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرنامەی "مشاركة" "بەشداریکردن" نوێنەرایەتی قۆناغی دووەمی ئەم پرۆسەیە دەکات، ئامانجی تەیارکردنی ئەو ژنانەی کە خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکەن بە ئامرازی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی بانگەشەکان و گەیاندنی پەیامە سیاسییەکانیان لە ڕێگەی میدیای نەریتی و دیجیتاڵییەوە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە بەرزکردنەوەی بەشداری سیاسی ژنان تەنها بە دڵنیابوون لە ئامادەبوونی ژمارەیییان لەناو دامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو پەیوەستە بە تواناسازییان بۆ بەشداریکردنی کاریگەرانە لە بڕیاردان، هەروەها دیموکراتی و گەشەپێدان ناتوانرێت تەواو بێت بەبێ ئامادەبوونی ژنێکی کاریگەر کە توانای گۆڕینی پرسەکانی یەکسانی و مافە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی هەبێت بۆ سیاسەت و یاسایەکی گشتی کە وەڵامی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان بداتەوە.