سنەتەری میترۆ: بكوژانی ڕۆژنامەنووسان ئازادن و نەدراونەتە دادگا

لە ڕۆژی جیهانی کۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سزای تاوانەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان، سەنتەری میترۆ دەڵێت: لە هەرێم بە هۆی وابەستەیی دەسەڵاتی دادوەری بە پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان، نەیانتوانیوە لێكۆڵینەوەی سەربەخۆو لە تیرۆری ڕۆژنامەنووسان بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ڕۆژی جیهانیی كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لە تاوانەكان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانە، بەو بۆنەیەوە سەنتەری میترۆ، بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: لە هەرێمی كوردستان بە هۆی وابەستەیی دەسەڵاتی دادوەری بە پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان، نەیانتوانیوە لێكۆڵینەوەی سەربەخۆو جدی لە تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسان بكات و كەیسە هەرە دیارەكان (سۆرانی مامەحەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، وەدات حسێن، عەبدولستار تاهیر شەریف) داخران بە بێ ئەوەی بكوژ یان پلان بۆ داڕێژری تاوان بدۆزێتەوە و بدرێتە دادگا.

 

لەم ڕۆژەدا سەنتەری میترۆ داوای سەرلەنوێ لێكۆڵینەوە لەو كەیسانە دەكات تا ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە.

میترۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، یۆنسكۆ دەڵێت “دەربازبوون لەسزا دەبێتە هۆی كوشتنی زیاتر و زۆرجار ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی ململانێكان و تێكچوونی سیستەمی یاسایی و دادوەری”، یونسكۆ ترسی ئەوەی هەیە كە دەربازبوون لە سزا زیان بە تەواوی كۆمەڵگەكان بگەیەنێت بە شاردنەوەی پێشێلكارییە جددیەكانی مافەكانی مرۆڤ و گەندەڵی و تاوان، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش داوا لە حكومەتەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاكان و هەموو ئەوانەی پابەندن بە پێشخستنی سەروەری یاساوە بەشداری لە هەوڵە جیهانییەكان بكەن بۆ كۆتاییهێنان بە دیداردەی دەربازبوون لە سزا.

 

كۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ساڵی ٢٠١٣، ڕۆژی ٢ـی تشرینی دووەمی وەك “ڕۆژی جیهانی بۆ كۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سزا بۆ تاوانەكانی دژی ڕۆژنامەنووسان” ناساند.

 

بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانیش بۆ پەروەردە و زانست و ڕۆشنبیری لە نێوان ساڵی (٢٠٢٥ بۆ ٢٠٢٦ ) ١٦٦ ڕۆژنامەنووس لە جیهاندا كوژراون لە كۆی حەوت حاڵەت شەش كەیسیان بێ ئەنجام بووە و بكوژان دەربازیان بووە لە سزا.

 

لە باشووری کوردستانیش، هەریەک لە ڕۆژنامەنووسان (عەبدولستار تاهیر شەریف، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، سۆرانی مامەحەمە، وەدات حسێن، شوکری زەینەدین، عەزیز کۆیلوئۆغڵو، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین) لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم یان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک شەهیدکراون، بەڵام تا ئیستا بکەران و بکوژرانی هیچ یەکێک لەو کەیسانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکراوە و بەسزای خۆیان نەگەیاندراون.