وەهبیە شەوکەت، نووسەری دیاری کورد کۆچی دوایی کرد
وەهبیە شەوکەت، نووسەری دیاری کورد کە خاوەنی ٣٧ پەرتوکە لە چەندین بواری کۆمەڵایەتی و ئازادی ژنان نووسیویەتی، ئەمڕۆ کۆچیی دوایی کرد.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٢٥ی کانوونی یەکەم، وەهبیە شەوکەت، نووسەری دیاری کورد، کە خاوەنی ٣٧ پەرتوکەو لە چەندین بواری کۆمەڵایەتی و ئازادی ژنان نووسیویەتی، کۆچی دوایی کرد.
وەهیبە شەوکەت کێیە؟
ناوی تەواوی وەهبیە شەوكەت محەمەدە، لە ١٤ی شوباتی١٩٤٤لە شارۆچكەی دوزخورماتوو لەدایك بووە، لەتەمەنی ١٦ ساڵیدا بووەتە ئەندامی حزبی شیوعی ئێراقی، زۆرترین كار و چالاكی لەناو كۆمەڵەی ئافرەتان و حزبی شوعیدا ئەنجام داوە.
لە ساڵی ١٩٩٦ چۆتە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندنی پزیشكی شەش ساڵ لە مۆسكۆ ماوەتەوە، پاشان لە ساڵی ١٩٧٣كۆلیژی تەواو کردووەو چووەتە بەریتانیا لەوێ راهێنانی پزیشكی تەواو کردووە و لە ساڵی ١٩٧٩گەڕاوەتەوە كوردستان.
لەساڵی ١٩٩١ بەهۆكاری باوەڕبوونی بە بیری ڕاستەقینەی ئازادی ژن و بەهێزی بیری نەتەوەیی، لە ماوەیەكی كورتدا ئاشنایەتی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان "پەکەکە"دا دروست کردووە، لە ساڵی ١٩٩٣لەسەر بانگهێشتنامەی پەکەکە شاخ و لە زەلێ بەشداری لەكۆنگرەی ژناندا کردووە.
جگە لە زمانی كوردی، شارەزایی لە زمانی عەرەبی و ڕووسی و توركی و ئینگلیزی و فەرەنسی هەبوو، چەند پەرتوکی لە ڕووسیەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی، بەنموونە پەرتوكی "میدیا"، لە گشتیدا ٣٧ پەرتوكی هەیە كە ١٧ پەرتوكیان چاپكراوە ئەوانەی تریان چاپ نەكراوە.
لە دوای چوار ساڵ مانەوەی لە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا لە ١١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ چووە كەنەدا، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٤ گەڕایەوە هەرێمی كوردستان و ماوەیەكی زۆر كاری پزیشكی کرد.
لە ساڵی ٢٠٢٠، لە پای کارو خەبات و بەرهەمەکانی خەڵاتی شەهید ساکینە جانزسی پێبەخشرا کە ساڵانە لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان دەبەخشرێت بە ژنێک.