واژۆی دادپەروەری بۆ ڕۆژین کاباییش پێشکەشی وەزارەتی داد دەکرێت

ئەلچین کوردۆعلو، ئەندامی کۆمسیۆنی دادپەروەری بۆ ڕۆژین کاباییش، ڕایگەیاند کە داوای ئەوە دەکەن مۆبایلی ڕۆژین بکرێتەوە، خاوەنی نموونەکانی دی ئێن ئەی ئاشکرا بکرێن، تا دادپەروەری جێبەجێ نەکرێت، خەباتیان کۆتایی نایەت.

ناوەندی هەواڵ 

 

ڕۆژین کاباییش، خوێندکاری زانکۆی یوزونجویل، لە ٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٤ ون بوو و تەرمەکەی لە ١٥ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا دۆزرایەوە. کۆمسیۆنی دادپەروەری بۆ ڕۆژین کاباییش، کە بۆ ڕوونکردنەوەی مردنی گومانلێکراوی ئەو خەبات دەکات، لە مانگی ئازاردا دەستی بە کەمپینی کۆکردنەوەی واژۆ کرد و ٧٠ هەزار و ٥٠١ واژۆی کۆکردەوە. کۆمسیۆنەکە واژۆکان ڕادەستی یەکەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە نادیارەکانی وەزارەتی داد کرد. ئەندامی کۆمسیۆنەکە، ئەلچین کوردۆغلو، لەبارەی ئەم بابەتەوە لەگەڵ ئاژانسی ژن نیوز قسەی کرد.

 

هەموو بەڵگەکان نیشان دەدەن کە ڕۆژین خۆی نەکوشتووە

ئەلچین کوردۆغلو ئاماژەی بەوە کرد کە دوو ساڵە بۆ ڕوونکردنەوەی مردنی گومانلێکراوی ڕۆژین کاباییش خەبات دەکەن و وتی: بۆ ئەوەی داواکارییەکانمان بگەنە کۆمەڵگەیەکی فراوان، دەستمان بە کەمپینی کۆکردنەوەی واژۆ کرد. هەموو بەڵگەکان نیشان دەدەن کە ڕۆژین خۆی نەکوشتووە. ئێمە ئەمە بە کوشتن ناو دەبەین. داواکارییەکانمان هەن؛ دەبێت مۆبایلی ڕۆژین بکەوێتەوە، دادوەرێکی پسپۆڕ بۆ پەڕگەکە دابنرێت، هەموو پرۆسەکە بە ڕوونی ئاشکرا بکرێت و هەر کەسێک ناوی لە پەڕگەکەدا هاتووە، دادگایی بکرێت.

 

دەمانەوێت مردنە گومانلێکراوەکانی ژنان ڕوون بکرێنەوە

ئەلچین کوردۆغلو دەریخست کە ئامانجیان لەو کەمپینە ئەوە بووە خەڵک بکەنە هاوبەشی داواکارییەکانیان و  وتی واژۆ کۆکراوەکان ڕادەستی یەکەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە نادیارەکانی وەزارەتی داد کردووە و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەکەن.

 

ئەلچین کوردۆغلو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەمانەوێت مردنە گومانلێکراوەکانی ژنان ڕوون بکرێنەوە. لە ساڵی ٢٠٢٥دا ژمارەی مردنە گومانلێکراوەکانی ژنان لە ژمارەی کوژراوەکان زیاتر بوو. دەمانەوێت ئەم مردنانە ڕوون بکرێنەوە. سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت و تاوانەکانی دژی ژنانیش بەشێکن لە خەباتەکەمان. بەبێ ئەوەی چاوپۆشی لەم سیاسەتانەی شەڕی تایبەت بکەین، خەباتەکەمان بەردەوام دەکەین. ئێمە هەم بۆ ڕۆژین و هەم بۆ هەموو ژنانێکی دیکە خەبات دەکەین.

 

دەزانین لە مۆبایلەکەدا چی شاراوەتەوە

ئەلچین کوردۆغلو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: مۆبایلی ڕۆژین کاباییش لە ڕووی لێکۆڵینەوەوە گرنگە. سەرەڕای ئەوەی مۆبایلەکە نێردراوەتە ئیسپانیا و چین، هێشتا نەکراوەتەوە. دوو ساڵە مۆبایلەکە ناکرێتەوە. ئێمە دەزانین چی لە مۆبایلەکەدا شاراوەتەوە. دەبێت نموونەکانیدی ئێن ئەی و بەڵگەکانی دیکەش ئاشکرا بکرێن. کەسانێکی زۆر هەن کە پێویستە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. دەبێت لە هەموویان لێکۆڵینەوە بکرێت و دادگایی بکرێن. هەموو ئەو کەسانەی تاوانیان کردووە، دەبێت دادگایی بکرێن.

ئەلچین کوردۆغلو ڕایگەیاند کە تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، خەباتەکەیان بەردەوام دەبێت و وتی: ئامانجی یەکەمی ئێمە ٢٥ی تشرینی دووەمە. خەباتەکەمان بە هەمان هێز و بەهێزتر بەردەوام دەکەین. ئامانجمان ئەوەیە بە هێزێکی گەورەوە بچینە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم. لەو ڕۆژەدا بانگهێشتی هەموو ژنان دەکەین بۆ دەرچوونە سەر شەقامەکان.