ڕوانگەی سووری: پەرەسەندنی توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوەی خێڵەکی سووریا بەرەو ئاژاوەیەکی فراوانتر دەبات
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد، زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ کەس، کە ژن و منداڵیشی تێدایە لە شارە جیاوازەکانی سووریا کوژراون، هۆشداریشیدا لەوەی بەردەوامی ئەم پێشێلکاریانە بەتایبەتی ئەوانەی کە سروشتی خێڵەکییان هەیە، سووریا بەرەو ئاژاوەیەکی فرانتردەبات.
ناوەندی هەواڵ
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا توندوتیژی و کردەوەی تۆڵەسەندنەوە لە چەند ناوچەیەکی سووریادا پەرەی سەندووە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە لەلایەن گروپی جیهادی هەتەشەوە کۆنتڕۆڵکراون، ئەمەش لە کاتێکدایە هۆشدارییەکان بەردەوامبوونی گرژییەکان لەوانەیە وڵاتەکە بخاتە ناو ئاژاوەیەکی فراوانتر و کۆنتڕۆڵنەکراوەوە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژی ١٨ی تشرینی دووەم بڵاویکردەوە، لە ناو بۆشایی ئاسایشی و پەرەسەندنی توندوتیژی لە چەند شارێکی سووریا، شەپۆلێکی کردەوەی تۆڵەسەندنەوە و کوشتنی دەرەوەی دادوەری سەدان هاوڵاتی مەدەنی لە ناوچە جیاوازەکان کردۆتە ئامانج، ئەم پێشێلکارییانە بووەتە یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی قۆناغی ئێستا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، کە ژمارەیەکی زۆر لە قوربانیانی هەموو تەمەنەکان بەڵگەدارکراون، هەروەها بەرزبوونەوەی ڕوونی توندوتیژی بە پاڵنەری خێڵەکی لە زۆربەی کەیسەکاندا هەیە.
ئاماژە باوەڕپێکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەم پێشێلکارییانە تەنها لە ناوچەیەکی جوگرافیای تەسکدا قەتیس نەبوون، بەڵکو بۆ زۆربەی شارەکان درێژبوونەتەوە، بە پلەی جیاوازی توندی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، ڕاپۆرتەکانی مانگانەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردووەوە تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم، بەردەوامی شێوازێکی تاوانکاری سیستماتیکی ئاشکرا دەکەن، کە ڕەنگدانەوەی قووڵایی ئاژاوەی ئاسایشی و کوشتنی بەربڵاوی دەرەوەی دادگایە، کە لە دەرەوەی هەر چوارچێوەیەکی دادوەری یان چاودێری ئەنجام دەدرێن.
ڕوونیشیکردەوە، ژمارەی کوژراوان بەهۆی تاوانە خێڵەکیەکان و کوشتنی دەرەوەی دادگا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریاوە تا ١٨ی تشرینی دووەم گەیشتووەتە ١٣١٣ کەس، کە لەنێویاندا ژن و پیاو و منداڵ هەیە لە شارە جیاوازەکانەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی ترسناکانەی ژمارەی قوربانیانی کوشتنی دەرەوەی دادوەری و کردەوەی تۆڵەسەندنەوە، داوای لە دەزگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کرد کە ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەم خوێنڕشتنە بەردەوامە، جەختیشی لەوە کردەوە، کە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی بووەتە پێویستییەکی ڕەها لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی ئاژاوەی ئاسایشیی، هەروەها هۆشداریدا لە زیادبوونی زیاتری پێشێلکارییەکان ئەگەر ڕێوشوێنی ڕاستی و خێرا نەگیرێتەبەر.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دووپاتی کردەوە، کە بەردەوامبوونی پێشێلکارییەکان بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر بنەمای خێڵەکیە، هەڕەشەی نوقمکردنی وڵاتەکە دەکاتە بۆ ناو شەپۆلێکی فراوانتری توندوتیژی و ئاژاوەگێڕیی، وە دەرفەتەکانی ڕاستی بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری تێکدەدات.
هەروەها جەختی لە پێویستی کردنەوەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و ڕوون کردەوە بۆ ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون، دڵنیابوون لەوەی لێپرسینەوە لەوانە بکرێت کە بەرپرسن بەبێ گوێدانە پەیوەندی یان هەڵوێستەکانیان، هۆشداریشیدا کە پشتگوێخستنی ئەو پێشێلکاریانە دەبێتە هۆی تێکچوونی زیاتری دۆخی ئاسایشی و مرۆیی.