ڤیان جاف ... ژنێک لە ئاگر دژ بە چەسانەوە و نادادی
ڤیان جاف، پێشەنگی ژنان لە تێکۆشان بۆ ئازادی و ئاشتی، ئەمڕۆ ١٦ ساڵ بەسەر چالاکییە گیانبازییەکەیدا تێدەپەڕێت، بەڵام بڵیسەی گیانی بووەتە تێکۆشان بۆ ژنانی باشوری کوردستان و تا ئەمڕۆ تینەکەی بەردەوامە و تا داهاتوو تەشەنە دەستێنێت.
تەوار پێنجوێنی
ناوەندی هەواڵ- لەیلا والی حسێن، ناسراو بە ڤیان جاف، ڤیان سۆران یاخود ڤیان کاروخ، لە ساڵی ١٩٨١ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، هەر لە سلێمانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی خوێندووە و یەکێک بووە لە خوێندکارە هەمیشە یەکەمەکان، ڤیان جاف لە تەمەنێکی کەمدا درک بە زوڵم و ستەمی سیستمی کۆمەڵایەتی و ئەقڵیەتی کۆنەپەرست بەرامبەر ژنان دەکات، کە بووەتە هۆکاری بێ ئیرادەکردنی ژن، هەر بۆیەش لە ساڵی ١٩٩٧دا دەستبەرداری خوێندن و ژیانی تاکەکەسی خۆی دەبێت و بەدوای خولیای ئازادی و تروسکایی تێکۆشاندا هەنگاودەنێت و دەبێتە یەکێک لە پێشەنگان و دەچێتە ڕیزەکانی گەریلای ئازادییەوە.
ڤیان جاف بە خۆپەروەردەکردن درک بە ڕاستینەی کۆمەڵگە دەکات
ڤیانی پێشەنگ لە ماوەی ١٠ خەبات و تێکۆشانیدا لە چیاکانی کوردستان بیری ئازادی فراوانتر دەبێت، وەک نووسەرێک سەبارەت بە کێشە و ئازادییەکانی ژنانی کورد دەنووسێت و بابەتی هزری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەوروژێنێت، تا دەچێت لە ڕێگەی خۆ پەروەردە کردنەوە درک بە ڕاستینەی کۆمەڵگا و کەسێتی ژن دەکات، دوای ساڵێک لە بەشداربوونی و لە ١٩٩٨دا بەشداری کۆنفرانسی باشوری کوردستان دەکات، لە ساڵی ٢٠٠٠یشدا بەشداری کۆنفرانسی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبێت لە کوێستانەکانی دۆڵە کۆکێ، بەردەوام سەرنجەکانی دەبێتە جێی بایەخ و زۆر بە ورد و قوڵییەوە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ژنان و خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد دەکات.
ڤیان جاف بەهۆی تێگەشتن و لێهاتووییەکەیەوە دەبێتەوە ئەندامی دامەزرێنەری پارتی چارەسەری دیموکراسی کوردستان و دواتر دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی پارتی ژنی ئازاد-پاژک، ڕۆڵێکی کاریگەر لە تێكۆشانی تەڤگەری ئازادی ژندا دەگێڕێت.
ههڵوێستی نشتیمانپەروەریەکەی سهرنجڕاكێش بوو، داخوازی بوو بچێت بۆ باكوری كوردستان و لهناو گهلی ئهم بەشهی كوردستان خهبات بكات و له بهرامبهر دوژمنێكی فاشیستی وهكو تورك شهڕ بكات و توڵهی ههڤاڵان و گهلهكهی بكاتهوه، وەک ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: له رۆح و حهقیقهتی ژندا شهڕ و توندۆتیژی نییه، ئهگهر هۆشیار بێت و له كۆیلایهتی ڕزگار بێت، دهتوانێت ببێته هۆكاری ڕاوهستاندنی شهڕهكان، دهتوانێت ببێته ماموستای ژیانێكی دادپهروهرانه و جوان، ههروهها یهكێتی نێوان كۆمهڵگهكان پێشدەخات.
لەو سۆنگەیەوە شۆڕشگێڕ ڤیان لەژێر ڕێنمایی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە دەڵێت "شۆڕشی باشوری کوردستان، شۆرشی ژنە"، ڕۆڵی مێژووی و بەرپرسیارێتی پێشەنگی ژنانی باشوری کوردستانی گێڕا، بووە نمونەی کچە کوردێکی ئازا و بە ئیرادە، خاوەن هەڵوێستی ڕادیکاڵانە بوو بەرامبەر ئەو زوڵم و ستەمەی لە ژنی کورد و گەلی کوردستان دەکرا، لە پێناو ئازادی و سەرفرازیدا لە تێکۆشانێکی بێ وچاندا بوو.
دوا نامەی ڤیان جاف بۆ خێزانەکەی
لە دوا نامەیدا کە پێشەنگ ڤیان جاف لە ١ی شوباتی ٢٠٠٦ و پێش چالاکییە گیانبازییەکەی بۆ خێزانەکەی نووسیوە، دەڵێت: ئیدی هەبوونی ژن لە دیاریکردنی چارەنووسی گەلەکەیدا وەکو ئینسانێک بە عەیب و لەکەدارکردنی نامووس مەزانن، ئیدی داوای پێوان و داب و نەریتە کۆنەپەرستەکانی کۆمەڵگا مەکەن و دان بنێن بەهەبوونی ژندا وەک مرۆڤێک، چونکە دان پێدانانی بە مرۆڤبوون و بە ئیرادەبوونی ژن، واتای بەمرۆڤبوونی گەل و کۆمەڵگایە، ئەگەرنا ئەوا لەژیاندا هەر نیمچە دەبن.
لە بەشێكی دیکەدا دەنووسێت: "لەپێناو بە دیهێنانی ژیانێکی بەختەوەردا ئامادەم گیانی خۆشم فیدا بکەم، پاداشتی منیش بۆ هەموو چاکەکانی ئێوە خیانەتکردن نابێت لە خوێنی شەهیدان، بەڵکو خاوەن دەرکەوتن و خۆفیداکردن دەبێت، ئەم چالاکییەی کە منیش ئەنجامی دەدەم لەپێناو بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی قڕکردنی گەلی کورد و گۆشەگیرکردنی سەرۆک ئاپۆیە لەپێناو ئازادی گەلەکەم و ئازادی ژنانی کوردە لەدەست زوڵم و زۆری و چەوساندنەوە، کە لەگیانم شیرینتر شتێ هەبوایە دەمدا، بەڵام لەم قۆناغەدا کە گەلی کورد بەره و سەرکەوتن دەچێت و لە هەرجێیەک لەسەر پێیه و مان دەگرێت و رێپێوان دەکات، بۆ کچێکی وەکو منیش گیانی خۆ بەختکردنیش بەکەم دەزانم و منیش وەک هەموو هەڤاڵانی دیکە خۆم بە قەرزاری گەل و ژنانی ئازارچەشتوو دەزانم".
ڤیان جاف لە شەوی ١ لەسەر ٢ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٦ لە هەرێمی هەفتانین لە باشوری کوردستان لە چالاکییەکی گیانبازیدا ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات، ئێستاش ڤیان بووەتە مانیفیستۆی شۆڕشگێڕی و کەسێتی ئازاد، گڕی جەستەی ڤیان جاف ئاگری تێکۆشانی ژنانی لە پێناو ئازادیدا بە تینتر کردووە و بووەتە ڕێبازی بەرخۆدانی تا سەرکەوتن.
ت.پ