دایکێک و کوڕەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چادردا گیانیان لەدەستدا

دوای بوومەلەرزەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دایکێک و کوڕەکەی کە بۆ پاراستنی گیانیان چووبوونە ناو چادر، بەهۆی گازەوە خنکان.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٤ی شوبات، ژنێکی تەمەن ٨٠ ساڵ و کوڕە ٥٥ ساڵانەکەی کەلەدوای وێرانبوونی ماڵەکەیان بەهۆی بوومەلەرزەی شاری خۆی لە پاریزگای ورمێ ناچاربوون لە چادرێکدا بمێننەوە، بەهۆی بەکارهێنانی خەڵوز بۆ گەرمکردنی ناو چادرەکە گاز لێی داون و گیانیان لەدەستدا.

 

بەڕێوەبەری ڕووداو و فریاکەوتنی تەندروستی پارێزگای ورمێ، ئاماژەی بە ژەهراوی بوونی زیاتر لە  ١٠٠هاوڵاتی دیکەی ناو چادرەکان کرد کە ئەوانیش بەهۆی ئامێرەکانی گەرمکەرەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.

 

شەوی ٢٨ی کانوونی دووەم، لە شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩  پلەی ڕێختەر روویدا، بووە هۆی زیانگەیاندن بە نزیکەی چوار هەزار خانوو، هەروەها  زیاتر لە هەزار کەس برینداربوون و سێ کەسیش گیانیان لەدەستدا.