سودان زۆرترین ژمارەی منداڵانی ئاوارە لە جیهاندا تۆمار دەکات

سودان زۆترین ژمارەی منداڵانی ئاوارەی تێدایەو نزیکەی ٧٠٠ هەزار منداڵی خوار تەمەن ٥ ساڵیش بەدخۆراکن و مەترسی گیان لەدەستدانیان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" ، سودان زۆترین ژمارەی منداڵانی ئاوارەی هەیە لە جیهاندا،  نزیکەی سێ ملیۆن کەس بەزۆر ئاوارە بوون لەو کاتەی کە شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستیپێکردووەو ماوەی ٧ مانگە بەردەوامە.

 

دوو ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٩ی تشرینی یەکەم داوایان له لایەنەکانی شەڕی سودان کرد ئەو هێرشانه بوەستێنن که سەدان کەس بەهۆیەوە گیانیان له دەستدا و ملیۆنان کەسیش ئاواره بوون.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونسێف هۆشداری دەدەن لەوەی زیادبوونی جەنگ دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان لە ماڵەکانیان  ئاوارە ببن و بکەوتنە ناو مەترسی توندوتیژی و خراپ بەکارهێنان.

 

نزیکەی ٧٠٠ هەزار منداڵی خوار تەمەن ٥ ساڵ لە سودان بە دەست بەدخۆراکی دەناڵێنن و مەترسی گیان لەدەستدانیان لەسەرە ئەگەر نەتوانن چاودێرییان بۆ بکرێت، هەروەها ژمارەی ئەو خێزانانەی بەهۆی برسێتییەوە دەناڵێنن دوو هێندە زیادی کردووە، زیاتر لە ٩ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی ٦ ملیۆن کەسی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکە ئاوارە کردووە، ٨٠%ی نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە داخراون و زیاتر لە نیوەی دانیشتوان پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە بۆ مانەوەیان.

 

پێویستییەکی زۆر بە خزمەتگوزاری تەندروستی هەیە

ماندیپ ئۆبراین، نوێنەری یونیسێف لە سودان وتی: دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و خۆراک بۆ دایکان و منداڵانی تازە لەدایکبوو و منداڵان هێڵێکی ژیانە لە وڵاتێکدا کە نزیکەی ١٤ ملیۆن منداڵ بەپەلە پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە.

 

نیما سەید عەبد، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سودان ڕایگەیاند، چاودێری تەندروستی سەرەتایی لە دەرەوەی توانای ملیۆنان سودانییە لە کاتێکدا پێویستییەکی زۆریان پێی هەیە.

 

وەزارەتی تەندروستی سودان ڕایگەیاند ١٢٢ کەس لە وڵاتەکەدا بەهۆی کۆلێرا و نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە لە نێوان ١٥ی تەمووز تا ٢٧ی تشرینی یەکەم.

 

ڕوونیکردەوە، لە کاتێکدا سیستمی تەندروستی لەژێر فشارێکی زۆردایە بەهۆی هێرش و شەڕکردن، بەڵام ملیۆنان منداڵ تووشی جۆرەها نەخۆشی وەک کۆلێرا، سورێژە و مەلاریا دەبن.