یەکێتی ژنانی ئەرمەنی لە دژی چەکی کیمیایی کاردانەوەیان هەیە

ئەندامانی یەکێتی ژنانی ئەرمەنی ئاماژە بەوەدەکەن کە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تاوانێکی جەنگییە و دەیانەوێت کۆمەڵکوژی هەڵەبجە دووبارە بکەنەوە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، لە چوار پارچەی کوردستان و جیهان کاردانەوەکان بەردەوامن، ئەندامانی یەکێتی ژنانی ئەرمەنی کانتۆنی حەسەکە دەربارەی بەکار‌هێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، قسەیان کرد و ئاماژەیان بەوەکرد کە دەیانەوێت کۆمەڵکوژی هەڵەبجە کە لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ دووبارە بکەنەوە، بەهۆیەوە ٥ هەزار کەس شەهید کرا.

 

مەخریک میخائیل بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بە تاوانێکی جەنگی دژ بە مرۆڤایەتی وەسف کرد و وتی: "ئەمڕۆ شەڕی جینۆساید لە دژی سروشت و ڕەگەز هەیە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی جەنگێکە لە دژی سروشت و مرۆڤ و ئاژەڵ، ئەو چەکە کیمیاییانەی فڕێ دەدرێنە ناو جوگرافیای کوردستان باڵانسی ژینگەیی جیهانی تێکدەدات، بەم شێوەیە دەیانەوێت هەموو بوونەوەرە زیندووەکان لەناوبەرن ئەم دۆخە خۆی دەریدەخات کە قەیرانێکی سەرەکی ژینگەیی و تەندروستی لە پێشە، ئێمە بە شکستهێنانی سوپای تورک ئەمە دیاری دەکەین".

 

دەیانەوێت مێژووی هەڵەبجە زیندوو بکەنەوە

مەخریک میخائیل، ئەندامی یەکێتی ژنانی ئەرمەنی، تیشکی خستە سەر کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە و وتی: "مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەسەر خاکی باشوری کوردستان کۆمەڵکوژی هەڵەبجەمان بیردەخاتەوە، ڕاستە ئەوان هەمان خەڵک نین، بەڵام ئەمڕۆ هەمان سیاسەتی قڕکردن ئەنجام دەدرێت، مێژووی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر پڕە لە جینۆسایدی گەل و هەمیشە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات ئەو سیاسەتەی کە پەیڕەو دەکرێت لەسەر بنەمای تەنیا یەک پێکهاتە نییە، هەموو پێکهاتەکان دەکرێنە ئامانج ئەو کۆمەڵکوژییەی بەسەر گەلی ئەرمەنیماندا هاتووە لەبیرناکەین، ئەگەر دوێنێ ئەرمەنی و سریانی و کورد و عەرەب بوون، ئەمڕۆ هێزە دەسەڵاتدارەکان بە شێوازی جیاواز بوون و بەرژەوەندی خۆیان لەسەر خوێن و جینۆسایدی ئەو خەڵکە دروست دەکەن، نابێت لە بەرامبەر ئەو سیاسەتانەدا بێدەنگ بین و بە یەک ڕۆح لەسەر بنەمای پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتی کار بکەین و لە کۆمەڵکوژی خۆمان زیندوو بکەینەوە".

 

"چەکی کیمیایی کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ژنان و منداڵان هەیە"

لوسناک کاڤۆریان، ئەندامی یەکێتی ژنانی ئەرمەنی ئاماژەی بەوەکرد کە کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر ژنان و منداڵان هەبووە و وتی: "دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانیدا بۆ سەر عەفرین و سەرێکانی چەکی کیمیایی بەکارهێنا، ژنان و منداڵان زۆرترین کاریگەریان بەرکەوت، تورکیا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی یاسا و پەیماننامەکانی نێودەوڵەتی ناناسێتەوە، ئەمڕۆ لەسەر خاکی باشوری کوردستان بەکاری دەهێنێت، چەکی کیمیایی کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ژنان و منداڵان هەیە بەتایبەتی ژنانی دووگیان چونکە منداڵەکانیان بەناچالاکی دەمێننەوە هەروەها بەکارهێنانی ئەو چەکانە کاریگەری لەسەر داهاتووی خەڵک هەیە، پێویستە فشارێکی ناوخۆیی سیاسی و کلتوری و میدیایی بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان سەبارەت بەو ڕووداوانەی کە ڕوودەدەن و تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە گەلان بکرێت، ئێمە وەک پێکهاتەکانی هەرێم دەتوانین بە یەکگرتوویی لەبەرامبەر سیاسەتی قڕکردن بوەستینەوە".