نەرگس محەمەدی: زیندانی ئێڤین وەک گۆڕەپانی کوشتنە

نەرگس محەمەدی چالاکی مافی مرۆڤ، زیندانی سیاسی لە ئێڤین، وردەکاریی ڕووداوەکانی شەوی ١٥ی تشرینی یەکەمی ڕوون کردەوە کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە بەندی ٧ و ٨ی زیندانی ئێڤین و بەهۆیەوە ٨ زیندانی گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

نەرگس محەمەدی، چالاکی مافی مرۆڤ و زیندانی سیاسی لە زیندانی ئێڤین، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام یاداشتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی ڕووداوەکانی شەوی ١٥ی تشرینی یەکەم کرد کە ئاگر لە بەندی ٧ و ٨ی زیندانی ئێڤین کەوتەوە و بەهۆیەوە ٨ زیندانی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەک زیندانی بریندار بوون، داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد، "پێویستە گرنگی جدی بە بارودۆخی زیندانیان لە ئێران بدەن و ڕژێمی ئێران لە پاراستنی ژیان و تەندروستی زیندانیان بە بەرپرسیار بزانێت".

 

لە سەرەتای یاداشتەکەیدا، نەرگس محەمەدی ڕایگەیاند کە ڕۆژی شەممە ١٥ی تشرینی یەکەم سەرجەم ڕەوانەکردنەکان بۆ نەخۆشخانەی زیندان هەڵوەشاوەتەوە و وتی "زەنگی زیندان تا نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٣ جار لێدرا، کە ئەمەش جێگای سەرنجە، کاتژمێر ٩ی شەو، لەپڕ گوێمان لە دەنگی تەقە بوو لە ناوەوەی زیندانەکە، لە هەموو بەشەکانەوە دەنگی تەقینەوە بیناکە و پەنجەرەکانی هەژاند، دەنگی تەقە زیاتر لە دوو کاتژمێر بەردەوام بوو، هاواری زیندانییەکان کە دەیانوت 'مەرگ بۆ نادادپەروەرەکان' لە سەرانسەری زیندانەکەدا دەنگیان دایەوە."

 

نەرگس محەمەد وتیشی "تەقینەوە و تەقەی فیشەک و هاواری مەرگ و هاواری ترسناکی پاسەوانان لە سەرتاسەری بەندیخانەکەدا بیسترا، کاتێک بەڕێوەبەری ڕێکخراوی زیندانەکان و ٨ لە پاسەوانەکانی چوونە ناو زیندانەکە و بەڕێوەبەری ئاسایشی زیندان و هێزەکانی لەسەر دیواری حەوشەی زیندانەکە وەستابوون لەناکاو پاسەوانی دژە ئاژاوەگێڕی چووە ناو حەوشەکە و دەرگاکەی داخست."

لە وردەکارییەکانی دیکەی ئەو ڕووداوانەدا نەرگس ڕوونی کردووەتەوە، "هێزەکانی سەرکوت و پۆلیسی ئاژاوەگێڕان فەرمانی بەرپرسانیان جێبەجێ نەکرد وەک ئەوەی نەیانناسن، هێزە سەرکوتکەرەکان بەدەر لە یەکتر دەبوون و کۆنترۆڵیان نەدەکرد، هەروەها گوێیان بە فەرمانی بەرپرسانی زیندان و ڕێکخراوەکە نەدا، ،هێزە سەرکوتکەرەکان لە پشت زیندانی ژنانەوە گازی فرمێسکڕێژیان دەڕشت."

 

نەرگس محەمەدی ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەفتەیەک پێش ڕووداوەکە، جموجوڵ لە زیندانەکەدا هەبووە، دەرگای نێوان کۆریدۆری زیندانەکە و کۆریدۆری ستافەکە داخرابوو، هەروەها کونێکی تێدا دانرابوو بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە کار بکرێت و زیندانییەکان نەتوانن پێیبگەن، سێ ڕۆژ پێش ڕووداوەکە ئامێری ئاگرکوژێنەوە بە فەرمانی بەڕێوەبەری زیندانەکە لابراوە لە زیندان."

 

نەرگس محەمەدی، زیندانی ئێڤینی بە گۆڕەپانی شەڕ ناوبرد و نووسیویەتی "هێزە ئەمنی و سەربازییەکان گەمارۆی بەندیخانەکانیان دا، هەروەها بەندکراوان هەڕەشەی تەقەیان لێدەکرا، تەقینەوەی گەورە ڕوویاندا، هەواڵی کوژرانی دەیان زیندانی بیسترا، بەندکراوان بە توندی لێیاندرا، هێرش کرایەسەر شانە سیاسییەکان، گواسترانەوە بۆ شوێنی نادیار و زیاتر لە ٩٠٠ زیندانی گواسترانەوە لە ژێر بارودۆخی توندی ئەمنیدا."

 

نەرگس محەمەدی ئەوەشی خستووەتەڕوو، "نیگەرانی خۆم لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە دەردەبڕم و داوا لە دەسەڵاتدارانی مافی مرۆڤ، رێکخراوی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوە تایبەتەکانی مافی مرۆڤ، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ و یەکێتی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەکەم کە مەرجی زیندانیان بە جدی وەربگرن، حکومەتی ئێران بەرپرسیارە لە پاراستنی ژیان و تەندروستی ئەوان."

 

نەرگس محەمەدی نیگەرانی خۆی دوپاتکردەوە لە بەكارهێنانی سەرچاوەی ئەمنی و سەربازی لە ڕووداوە وەهمییەكان و هەلومەرجی هەنووكەیی بۆ خستنە مەترسی گیانی زیندانیان.