بۆ بێسەروشوێن بووان گوڵی قەرنەفیل لە گۆڕەپانی گەلاتەسەرای دانرا

دایکانی شەممە، لە هەفتەی ٩٧١ی چالاکییەکانیاندا، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان بەرەو گەلاتەسەرای ڕێپێوانیان کرد.، ماسیدە ئۆجاک بە ناوی بەشداربووانی گەمارۆدراو، بۆ بێسەروشوێن بووان گوڵی قەرنەفیلی لە گۆڕەپانی گەلاتەسەرای دانا

ئیستەنبوڵ

 

دایکانی شەممە و کەسوکاری بێسەروشوێن بووان جارێکی دیکە پرسیاریان لە چارەنووسی کەسوکارە بێسەروشوێن بوو و  کوژراوەکانیان کرد و لە هەفتەی ٩٧١ی چالاکییەکانیاندا، گۆڕەپانی گەلاتەسەراییان بەجێنەهێشت.

 

دایکانی شەممە سەرەڕای هەموو بەربەستەکان و بڕیاری "پێشێلکاری" دادگای دەستوری، کە ئەنجامدانی چالاکییەکە قەدەغە دەکات، چالاکییەکانی خۆیان بەردەوامی پێدا و لە شەقامی ئیستیقلالەوە تا گۆڕەپانی گەلاتەسەرای بە هەڵگرتی گوڵی سوری قەرنەفیلەوە ڕێپێوانیان کرد.

 

چالاکییە جەماوەرییەکە لەلایەن پۆلیسی تورکەوە ڕێگری لێکرا و گەمارۆ درا، وێنەگرتنی ڕۆژنامەنووسانیش ئاستەنگ کرا، دایکانی شەممە کە چەند خولەکێک لەناو گەمارۆکەدا مابوونەوە، یەک بە یەک لە گەمارۆکە دەرهێنران.

 

گوڵی قەرنەفیل لە گەلاتەسەرای دانرا

ماسیدە ئۆجاک وەک نوێنەری هەموو دایکانی شەممە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پۆلیس، بە ناوی بەشداربووانەوە گوڵی قەرنەفیلی لە گۆڕەپانی گەلاتەسەرای دانا.