کەرکوک، چالاکوانێکی سیاسی تیرۆر کرا
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک لەلایەن دوو ماتۆڕسوارەوە دەستڕێژی گولـلە لە چالاکوانێکی ژن کرا و تیرۆر کرا.
ناوەندی هەواڵ
پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ لە گەڕەکی سەرچناری شاری کەرکوک دوو ماتۆرسوار دەستڕێژی گولـلەیان لە ژنێکی چالاکوانی سیاسی کرد و بە هۆیەوە شەهید بوو.
بەپێی زانیارییەکان، دوو کەسی ماتۆڕسوار کە دەمووچاویان هەڵپێچاوە، تەقەیان لەو ژنە چالاکوانە کردووە و شەهیدبووە.
ئەو دوو کەسە هەشت گولـلەیان لەو ژنە چالاکوانە سیاسییە داوە و بەهۆیەوە دەستبەجێ شەهیدبووە، دوای ڕووداوەکەش تاوانبارەکان لە شوێنەکە هەڵهاتوون و تائێستاش دەستگیرنەکراون.
هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو ژنە چالاکوانی سیاسیی بووە و دەوترێت خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، لە ماوەی رابردوودا بۆ سەردانیکردنی رێکخراوەکانی ژنان، رووی لە باشووری کوردستان کردووە.
دوای رووداوەکە تەرمی ژنەکە گەیەندراونەتە پزیشکی دادی کەرکوک، پۆلیسی کەرکوکیش ڕایگەیاند، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە و بەپێی فەرمانی دادوەریش بڕیاری دەستگیرکردن بۆ تاوانباران دەرکراوە.