باشووری کوردستان؛ تازەگەری بۆ دوژمن و سیمای بەعس بۆ گەل

لە باشووری کوردستان دوای ٣٢ ساڵ دەسەڵاتداری کوردی، ئێستاش هەندێک لە دامودەزگا فەرمییەکان هەر بیناکانی سەردەمی ڕژێمی بەعسن، بەڵام بونیادنانی بینا و پڕۆژە گەورەکان بۆ دوژمنانی کوردە و دەبێتە موڵکیشیان.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ- لە باشووری کوردستان کە پێش ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١، بینا حکومییەکان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دروستکراوی دەستی ڕژیمی بەعس بوون و لە ساڵانی پەنجاکان تا هەشتاکان ژمارەیەک کارگە و پڕۆژەی ڕێگاوبان دروستکران، کە تا ئێستاش بەشێکیان نۆژەن نەکراونەتەوە و ئەگەریش کرابن، وەک پێویست نەبوون، لەماوەی ٣٢ ساڵەی حکومڕانی دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمی کوردستان، نەتواندراوە سیمای بەعس لەبەرچاوی ئەم گەلە ستەملێکراوە لاببرێت، بەڵام بەناوی پڕۆژەوە دەیان وەبەرهێنەر کە دوژمنی گەلن، هێنراونەتە ناو خاکی باشوور و بوونەتە خاوەنی پڕۆژە و بەشێک لەم خاکە.

 

دوو کارگەی کۆن لە سلێمانی

-کارگەی جگەرەی سلێمانی، ساڵی ١٩٥٦ لەلایەن وەزارەتی ئابووری عێراق لە سەردەمی ڕژێمی بەعس دروستکراوە، یەکێکە لە سیمبولەکانی شارەکە و سەرچاوەی کار و بژێوی بەشێکی زۆر لە خەڵک بووە، دەکەوێتە ناوەندی شار و ئەم جێگایە ھەتا ئێستا وەک خۆی ماوە.

 

دوای ڕاپەڕینەكەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ی گەلی كورد، كارگەی جگەرەی سلێمانی تا ساڵی ٢٠٠٣ لە کار بەردەوام بوو، دواتر بەرهەمهێنان تێیدا ڕاگیرا، ئەویش بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی دەرەكی، دواجار لە ساڵی ٢٠٠٤ بە تەواوی كاركردن تیایدا وەستا و ئەو فەرمانبەر و كارمەندانەشی کاریان تێدا دەكرد، هەندێكیان دابەشكران بەسەر فەرمانگەكانی تری حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، هەندێکیشیان خانەنشین کران.

 

شوێنێک لە ناو جەرگەی شار و پانتاییەکی زۆر، هەرچەندە چالاکی چاند و هونەر و کولتووریی تیادا نمایش دەکرێت، بەڵام لەبەر نۆژەن نەکردنەوەی، دەکرێت بڵێین ژێردەستی ڕژێمێکی قڕکەر لەپێش چاوی گەل ماوەتەوە.

 

ــ كارگەی چیمەنتۆ لە سلێمانی، دامەزراندنی ئەو كارگەیەش لە ساڵانی ١٩٥٠دا وەرچەرخانێكی گرنگ بوو بۆ سنورەكە لە ڕووی هەلی كارەوە، زیاتر لە ١٥٠ كەس دامەزراون لە كارگەكەدا، لە ڕووی ئابوورییەوە، بۆ بنیادنانی كارگە و تەلاری تر لە شاری سلێمانی و دەوروبەری، لە ڕووی پیشەییەوە، زۆر كەس لەو كارگەیەوە فێری دروستكردنی چیمەتنۆ و كارە تەكنیكییەكانی بوون، لە ڕووی بازرگانیشەوە، بەرهەمەکانی دەنێردرایە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، هەندێكجاریش بۆ دەرەوەی وڵات، هەروەها هاوكار بووە بۆ بەرەوپێشچوونی شارستانییەت لە ناوچەکەدا.
 

هەرچەندە لە ئێستادا ئەم کارگەیە بەردەوامە لە کارکردن و بڕێک چیمەنتۆ لە کاتی دروستکردنی بیناو خانوو بۆ هاوڵاتیان لەبەرامبەر بڕێک دینار دابین دەکات، بەڵام ئەو بینایەی وەک دامەزراوەیەکی حکومی مامەڵەی هاوڵاتیانی تیادا دەکرێت و هێشتا بینا کۆنەکەی سەردەمی بەعسە و هیچ نۆژەنکردنەوەیەکی بۆ نەکراوە.


بەدەر لەو دوو کارگەیە تائێستاش سلێمانی یەك شەقامی ٦٠ مەتری هەیە كە كاتی خۆی ڕژێمی بەعس لە ساڵی هەشتاكاندا دروستی كردووە، هەرچەندە جاروبار قیرتاوکردن و سەوزکردنی بۆ ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەم نۆژەنکردنەوەیش وەک پێویست نییە.

 

هەر لە سلێمانی سێ باڵەخانە هەن شوقەن و شوێنی نیشتوجێبوونی نزیکەی ١٠٠ ماڵە، ئەوانیش شوقەکانی تەکیە ڕووتە لای سەرکارێز، سەید حەسەن لە سابونکەران، قامیشان لە گەڕەکی کانی ئاسکان، کە لە ساڵانی حەفتاکان دروستکراون، ئێستا زۆرینەیان کۆن بوون، بەشێک لە شوقەکانی بۆ ژیان گونجاو نین، ئەوەندە کۆنن ئەو کەرەستانە دەرکەوتوون کە باڵەخانەکانی پێ دروست کراون.

 

بەناوی پڕۆژەوە خاکی باشوور داگیر دەکرێت

بەناوی وەبەرهێنان و دروستکردنی پڕۆژە بۆ گەشەی ئابووری، کە زۆرینەیان لەلایەن کەسانی دیار و هونەرمەندانی بیانییەوە لە باشووری کوردستان ئەنجام دراون، دوژمن هێندراونەتە ناو خاکی باشوورە و بە شانازییەوە دەیخەنە بەردەم گەل، ئەو کەسانەی دوژمنی سەرسەختی گەل و نەتەوەی کوردن، لە نمونەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، مافی وەبەرهێنان و پڕۆژەیان پیدەدرێت و لەڕێگەی ئەو پڕۆژانەوە دووبارە خەڵک دەچەوسێندرێنەوە، خەڵك لە خاک و وڵاتی خۆیدا ناچار دەکرێت لە بیناو پرۆژە بازرگانییەکانی کەسانی بیانی نیشتەجێ ببێت، لە کاتێکدا دەبوو گەل خاوەنی خاک و پڕۆژەی خۆی بێت و خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت.

 

بەپێی داتای یەکێتى هاوردە و ناردنکارانى هەرێمی کوردستان کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ بڵاوی کردووەتەوە، تورکیا لە ٣٤٪ی کۆمپانیا بیانییەکانى هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت و ئێرانیش دووەمە، کە لە ١٠٪ی کارگەکانی هەرێم پێکدەهێنێت، بەم شێوەیە دەبینین دەسەڵاتی کوردی دوای ٣٢ ساڵ لەبری پەرەدان بە کارگەی ناوخۆیی و بەرهەمی ناوخۆیی، ڕێگەی بۆ هەردوو وڵاتی تورک و ئێران کردووەتەوە خاوەنی زۆرترین کارگە بن لێرە، لە کاتێکدا دەبوو کارگەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس نۆژەنکاتەوە، یاخود خۆی دامەزرێنەری کارگە بێت و پڕۆژە پێشکەش بە گەل بکات.