پارتی چەپی سەوز و هەدەپە هەڵوێستی خۆیان بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕاگەیاند

پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان – هەدەپە ڕایگەیاند، ڕۆژی ٢٨ی ئایار دەچنە سەر سندوقەكنی دەنگدان و لە دژی دەسەڵاتداری ئەردۆغان دەنگ دەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکای هەدەپە و مەتحەت سنجار، وتەبێژی پارتی چەپی سەوز ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆیان لەبارەی خولی دوەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ڕاگەیاندو ئاماژەیان بەوەکرد لە دژی دەسەڵاتداری ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دەنگ دەدەن.

 

پەروین بوڵدان لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، لەبەردەم تێگەیشتن و پێکهاتەیەکی تۆتالیتاری و لایەنگری دەسەڵاتداین کە وردە وردە لە ماوەی ٢١ ساڵدا سیستمێکی تاک کەسی بنیات ناوە، هەر بۆیە هەڵبژاردنی خولی دووەم ڕیفراندۆمێکە لە نێوان ئەوانەی پشتیوانی لە گۆڕینی دیموکراسی دەکەن بەرامبەر بە سیستم و ئەوانەی دەیانەوێت ئەم دەسەڵاتە بپارێزن.

 

ئەوەشی خستەڕوو، تەنها بنەماکانی دیموکراسی و دادپەروەری و ئازادی دەتوانن لە دژی سیاسەتەکانی هاوپەیمانی گەل بوەستن، ئەو دەسەڵاتە ئەهریمەنییەی ئێستا کە ئەردۆغان و هاوکارەکانی دروستیان کردصوە، ڕەگی ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەیە کە ئەزمونی دەکەن

 

"ئامانجمان بونیادنانی دیموکراسی و دادپەروەرییە"

وتیشی: ئەوەی لە هەڵبژاردنی ٢٨ی ئایاردا دەنگی لەسەر دەدرێت ئەوەیە کە ئایا ئەم دەسەڵاتە ئەهریمەنییە بەردەوام دەبێت یان نا؟ ئامانجمان بونیاينانی دەسەڵاتێکی ئازاد و دیموکراسی و دادپەروەر و دور لە هەڵاواردنە، کە خەڵک بتوانن بەشداری حکومەت بکەن، پێویستە جارێکی تر ئەوە ڕابگەیەنین کە ڕوونە ڕژێمی ئەردۆغان ناتوانێت ئەو چاوەڕوانی و داواکاریانە بەدیبهێنێت، لە ئایندەدا گەورەترین بەربەست لەبەردەم بەدیهێنانی ئەو داواکاریانە دیسان ئەردۆغان و خودی ئەم دەسەڵاتە دەبێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەشی وت: ئەردۆغان هەرگیز بۆ ئێمە بژاردە نییە و تاکە بژاردە گۆڕینی ئەو و ئەو حکومەتەیە کە نوێنەرایەتی دەکات، ئێمە ئەو هیوایە بەرزدەکەینەوە کە بتوانین پێکەوە لەگەڵ ملیۆنان کەس لە ٢٨ی ئایاردا سەرکەوتو بین، هەروەها بتوانین ڕەوتی مێژوو بە ئاڕاستەی گۆڕانکاری دیموکراسیدا بگۆڕین".