نەورۆز لە قەندیل بە هەڵپەڕکێ و شادییەوە کۆتایی هات

ئەمڕۆ بە بەشدارانی هەزاران کەس جەژنی نەورۆز لە قەندیل بە پەیامی ئازادی بۆ ڕێبەر ئۆجالان و چارەسەری بۆ پرسی کورد پیرۆز کرا.

قەندیل

 

ئەمڕۆ لە قەندیل بە دروشمی “ئازادیی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئۆجالان، چارەسەریی سیاسیی بۆ دۆزی کورد” ئاهەنگی پیرۆزكردنی جەژنی نەورۆز، بە ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان، لە قەندیل دەستی پێ كرد و بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ کۆتایی پێهات.

 

هەزاران کەس لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵاتەوە، بۆ بەشداربوون لە پیرۆزکردنی ئاهەنگەکە ڕوویان لە بناری قەندیل کردبوو، بە هەڵپەرکێ و وتنەوەی درووشمەکانی “بژی سەرۆک ئاپۆ”، “بژی بەرخۆدانی ئیمرالی و گەریلا” بناری قەندیلیان پڕ کردبوو لە هاواری ئازادیی، ژنان و ژنانی گەنج بە جلوبەرگی کوردی ڕەنگاوڕەنگەکەوو سەرەڕای باران و سەرما لە پێشەوەی ئاهەنگەکەدا بوون.

 

لە ئاهەنگاکەدا پەیامی هەریەک لە کۆمیتەی ئامادەکار، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان-کەژەکە، کۆمیتەی ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان، تاکو زەردەشت باوکی شەهید هەڵمەت دێرەلووک پێشکەش کرا و چەندین پەیامی دیکە پێشکەشکران.

 

هەریەک لە هونەرمەندان فەوزی قڵج، هۆزان وڵات، هۆزان شەمدین، ئەندامانی تەڤچاندی ئەورووپا، میدیا حسێن، فرمێسک حافز، جاسم ساز، هەروەها گرووپە هونەرییەکانی ئاوازی چیا، گروپی وارگەی مەخموور، نیسار، چیای شنگال، گرووپی هەڵپەرکێی ڕۆژ، بە بەرهەمە هونەرییەکان جۆش و خڕۆشیان بە بەشداربووان بەخشی.

 

دواتر سوپرایزی هونەری ئاهەنگەکە ئاشکرا کرا و پێشوازی لە “گرووپی ئاوازی چیا”دەنگی چیا و گەریلا و کوردستان و شۆڕش کرا و بە شەش بەرهەمی شۆڕشگێڕی جۆش و خرۆشێکی گەورەیان بە ئاهەنگەکە بەخشی و لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشوازییەکی گەورەیان لێ کرا.

 

دواتر ژینا سەقزی، هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشکەشکردنی چەند گۆرانییەکی شاد، هەموو ئامادەبووانی هێنایە هەڵپەڕکێ.

 

لە کۆتاییشدا هەریەک لە گرووپی هونەری نیسار و ڕاڤین هەورامی چەند بەرهەمێکی هونەرییان پێشکەش کرد و بە ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ ئاهەنگی نەورۆزی ٢٧٢٤ی کوردی کۆتایی هات.