تەژەئا: لەیلا قاسم لەدژی ڕادەستبوون سیمبولی بەرخۆدانە
تەژەئا ساڵیادی شەهیدبوونی شۆڕشگێڕ و پێشەنگەکانی کورد لەیلا قاسمی بەرز ڕاگرت و سەرنجی بۆ هەڵوێستی لەیلا قاسم لە دژی ستەم ڕاکێشا و ئاماژەی بەوەدا کە لە خەباتی ئازادیدا بووەتە سیمبولی ئیرادەی گەلی کورد.
ناوەندی هەواڵ
لەیلا قاسم ١٢ی ئایاری ساڵی ١٩٧٤ لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە لەسێدارەدرا و لە مێژووی کوردستاندا وەک “بووکی کوردستان” و نەمری دۆزی ئازادی جێگەی خۆی گرتووە.
تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی لە هەژماری دیجیتاڵی میدیایی خۆی لە ساڵیادی شەهیدبوونی لەیلا قاسم بڵاوکردەوە.
"لەیلا قاسم لە یادەوەری بەرخۆدان لە دژی ستەم زیندووە"
لە راگەیاندراوەکەدا تەژەئا لەیلا قاسمی بە کچی گەلی کورد پێناسە کردووەو دەڵێت: لەیلا قاسم یەکێکە لە سیمبولەکانی ئیرادەی ڕادەستنەبوون لە خەباتی ئازادی گەلی کوردستان، هەڵوێستی ئەو تەنانەت لەسەر پەتی سێدارە، پاراستنی کەرامەتی گەلەکەی، لە یادەوەری بەرخۆدانی دژ بە ستەمدا دەژی. ئێمە لەیلا قاسم بە ڕێز و سوپاسەوە یاد دەکەینەوە. هەمیشە لە بەرخۆدانی ئێمەدا دەژی.