تەژەئا: ئاشتی بە پێشەنگایەتی ژنان و ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان پێکدێت
تەژەئا سەبارەت بە یاسای چوارچێوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە دەست لە داخوازیی خۆیان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵناگرن.
ئامەد
بە پێشەنگایەتیی تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" لە هۆڵی کۆنفرانسی تاهیر ئەلچیی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەچوو. نوێنەرانی ژنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی شارەکە بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد. پانکارتی "ئێستا سەردەمی ژنە" دانرا.
"یاسای چوارچێوە دەبێتە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ"
ئایلا ئاکات ئاتا دەقی ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند: "جوگرافیای ئێمە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم سەردەمێکی مێژوویی نوێیە. پرسی کورد کە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە بە سیاسەتی نکۆڵێ، لەناوبردن و ئاسیمیلەکردندا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، لەمەودوا پێویستە بە ڕێبازی سیاسی و دیموکراتیک چارەسەر بکرێت کە ئەم چارەسەرە نابێت دوابخرێت. یاسای چوارچێوە کە چاوەڕوان دەکرێت بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە، پێویستە ببێتە یەکەم هەنگاوی ئەم سەردەمە مێژووییە. یاسای چوارچێوە کۆتایی نییە؛ بەڵکوو پێویستە ببێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێ کە پایە کۆمەڵایەتییەکان نیشان بدات و چارەسەریی دیموکراتیک، مافی ئاشتی و پرۆسەی گۆڕانکاری لە ڕێیەوە قسەی لەسەر بکرێت. وەکو تەژەئا ئێمە دەزانین کە ئاشتیی هەمیشەیی بە بنیادنانی ژیانێک لەسەر بنەمای ئازادیی ژنان دێتە دی. بەرپرسیارێتیی سەرەکیمانە کە ئاستەنگییە سیاسی و یاساییەکانی بەردەم بەشداریی ژنان لە سیاسەتی دیموکراتیک و گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیدا لەناوبەرین، ژیانێکی ڕێکخراو، ئازاد و یەکسان بۆ هەموو ژنان، گەلان و چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان مسۆگەر بکەین.
لە چارەسەرکردنی پرسی کورد و لەناوبردنی قەیرانە ناوچەییەکاندا پێویستە ستراتیژیی ئاشتیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و دیدگای ئازادیی ژن لەبەرچاو بگیرێت، ئەو هەمووارکردنەوە یاساییانەی ئەمڕۆ قسەیان لەسەر دەکرێت، پێویستە بەم ڕەوایەتییە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. مەرجەکانی ئازادیی کارکردن و ڕاگەیاندنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی ئەو بۆ مەبەستی بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە، مێژووییە. پێویستە لە یاسای چوارچێوەدا وەڵامێکی ڕوونی ڕۆڵی ئەو بدرێتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: وەکو تەژەئا، ئێمە جەخت لەو هێڵی تێکۆشانەمان دەکەینەوە کە ئازادیی ژن، داخوازیی ئازادیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و پێداگری لەسەر ئاشتی دەکاتە بنەما. ڕایدەگەیەنین کە پێداگرانە بەدواداچوون بۆ ئەو یاسایە و پرۆسەی جێبەجێکردنی دەکەین و بەم بەرپرسیارێتییە مێژووییە، تێکۆشانمان فراوان دەکەین.