تەعز بۆ پاڵپشتیکردنی ژنانی فەرمانبەری حکومەت پڕۆژەی کارتی تەندروستی دەستپێکرد
شاری تەعز بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سەختی ئابووری و نەبوونی بیمەی تەندروستی، پڕۆژەی کارتی تەندروستی بۆ ژنانی فەرمانبەری حکومەت دەستپێکردووە، بۆ کەمکردنەوەی بارگرانییە تەندروستی و داراییەکانیان لەڕێگەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بە داشکاندنی تا ٥٠٪.
رانیا عەبدوڵا
یەمەن-بەشداربووانی دەستپێکردنی پڕۆژەی کارتی تەندروستی بۆ ژنانی فەرمانبەر جەختیان لەوە کردەوە، کە بە لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی ئاستەنگە ئابوورییەکان و نەبوونی بیمەی تەندروستی، ئەو ژنانەی کە لە دامەزراوە حکومییەکانی یەمەن کاردەکەن، ڕووبەڕووی کێشەی بەرچاو دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری پزیشکی.
لە نێوان بارودۆخی ئابووری سەخت و دابەزینی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی، شاری تەعز لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن، لە ٣ی شوباتەوە پڕۆژەی کارتی تەندروستی بۆ ئەو ژنانە دەستپێکرد، کە لە دامەزراوە حکومییەکان کاردەکەن، ئامانجی پڕۆژەکە کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە تەندروستی و داراییانەیە کە قورسایی زۆری لەسەر ژنانی فەرمانبەر هەیە.
پرۆژەکە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی ژنان بە هەماهەنگی لەگەڵ نەخۆشخانەی گشتی "ثورة" جێبەجێ کراوە، قۆناغی یەکەمی خۆی بە دابەشکردنی ١٠٠ کارتی تەندروستی بەسەر ژنانی فەرمانبەردا دابەشکرد لە چەند فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکی حکومی، ئەم کارتانە ڕێگەیان پێدەدات بە داشکاندنی تا ٥٠٪ لە نەخۆشخانەی "ثورة" دەستیان بە خزمەتگوزاری پزیشکی گشتگیر بگات.
نەخۆشخانەی گشتی "ثورة" ستایشی ئەم دەستپێشخەرییەی کرد و بە پایەیەکی بنەڕەتی لە پاڵپشتیکردنی ژنانی فەرمانبەری زانی، زەینەب عەبدوڵا، فەرمانبەر ئاماژەی بەوەدا، کە کارتی تەندروستی نوێنەرایەتی دەستکەوتێکی بەرچاو دەکات لە ژێر ڕۆشنایی نەبوونی بیمەی تەندروستی و گرانی تێچووی چارەسەرکردن، هەروەها ژنانی فەرمانبەر زۆر پێویستیان بەم جۆرە دەستپێشخەرییانە هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بیمەی تەندروستی مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ژنانی فەرمانبەر، بەو پێیەی یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانیان، داوای لە دەسەڵاتە ناوخۆییەکان کرد هاوکاری ڕاستی بکەن لە چارەسەرکردنی دۆخی ژنانی فەرمانبەر و باشترکردنی بارودۆخی ژیان و تەندروستییان.
حەماس قائید، چالاکوان، گرنگی خستنەبازاڕی کارتی تەندروستیی دەربڕی و بە هەنگاوێکی ئەرێنی زانی، کە خزمەت بە ژنانی فەرمانبەر لە دامودەزگاکانی حکومەتدا دەکات، پێویستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر کردەوە، دیارترینیان باشترکردنی موچە و زیادکردنی دەرماڵەکان، بۆ ئەوەی هاوسەنگ بن لەگەڵ تێکچوونی بارودۆخی ئابووری.
نەجاح شامی، بەڕێوبەری بەشی گەشەپێدانی ژنان لە پارێزگای تەعز، ڕوونیکردەوە، کە ئەم دەستپێشخەرییە لە وەڵامی پێویستییەکی زۆردا بووە لەنێو ژنانی فەرمانبەردا، بەڵام کەمی موچە و بەرزی تێچووی چارەسەرکردن وایکردووە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی ببێتە ئاڵەنگارییەکی ڕۆژانە.
جەختی لەوەش کردەوە، کە پڕۆژەکە هەنگاوێکی بەرچاوە بەرەو دەستەبەرکردنی کەمترین ئاستی پاراستنی تەندروستی بۆ ژنانی فەرمانبەر، هەروەها ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتییە بۆ گەشەپێدانی ژنان و هەوڵەکانی بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا، هەروەها ئامانجی پڕۆژەکە بەدیهێنانی هاوپشتی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی ئازارەکانی ژنانی فەرمانبەرە، بیرۆکەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ نەخۆشخانەکان پەرەی پێدراوە بۆ پێشکەشکردنی داشکاندن تا ٥٠٪، لەگەڵ پلانی داهاتوو بۆ فراوانکردنی مەودای کارکردنی بۆ ئەوەی نەخۆشخانە و کلینیکەکانی دیکەش بگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشداریکردنی کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکان.
جەمیلە یەحیا، چالاکوانی سیاسی، کارتی تەندروستی بە هەنگاوێکی چارەنووسساز زانی بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی ژنانی فەرمانبەر لە نێو گەمارۆ و بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمکردنەوەی موچەدا، هەروەها پڕۆژەکەی بە دەستپێشخەرییەکی پێویست و بەپەلە لەم کاتەدا پێناسە کرد.