ڕیتا کۆڵۆمبیا: نزیکەی ٩١٪ی ژنانی عێراق کار ناکەن

نوێنەری سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە دانیشتوانی عیراق ئاماژە بەوەدەکات ڕێژەی ئەو ژنانەی لە عێراق كار ناكەن، بۆ نزیکەی ٩١٪ بەرز بووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ


ڕیتا كۆڵۆمبیا نوێنەری سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە دانیشتوانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە كردووە، ژمارەی ئەو عیراقیانەی تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٦٥ ساڵە ٥٩٪ی دانیشتوان و زیاتریش پێكدەهێنن، ئەوەش واتای ئەوەیە كە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی عێراق دەتوانن كار بكەن.


ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی ئەو ژمارانەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی دانیشتوان ٤١ ملیۆن كەسن و پێیانوایە تا ساڵی ٢٠٣٠ دەگاتە ٥٠ ملیۆن، ئەگەر ڕێژەی گەشەی دانیشتوان وەك ئێستا ٢.٣٪ بەردەوام بێت، بەڵام بەپێی داتاكان گەشە بەرەو كەمبوونەوە دەچێت و عێراقیەكان بەرەو ئەوە دەچن كە بیر لە خستنەوەی نەوەی كەمتر بكەنەوە.
 

دەربارەی کارکردنی ژنانی عێراق، ڕیتا کۆڵۆمبیا ئەوەی ڕاگەیاندووە کە لە ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەی ئەو ژنانەی لە دەرەوەی بازاڕی كار بوون ٩٠.٨٪ بوون و تەنها ٩.٨٪كاردەكەن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ژمارەی ئەو ژنانەی لەناو بازاڕی كاردان زیاترن و دەگاتە ١٤٪.