منداڵان بۆ بەدەستهێنانی بۆنە گرانبەهاکان کاریان پێدەکرێت

بۆنە گرانبەهاکانی جیهان بۆ دەستخستنی ماددە بنەڕەتییەکانی پیشەسازی، منداڵانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ لە کێڵگە گوڵەکانی میسردا بەکار دەهێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی هەواڵی بی بی سی لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەنجامی بەدواداچوونێکیان کە هاوینی ساڵی ڕابردوو ئەنجامیان داوە، بۆیان دەرکەوتووە، هەریەکە لە کۆمپانیاکانی لانکۆم و ئایرین بیوتی، ئەو گوڵە یاسەمینەی لە بەرهەمەکانیانیدا بەکاریان هێناوە لەلایەن منداڵانی خوار تەمەن ١٥ ساڵانەوە لە باخچە گوڵەکانی میسر کۆکراونەتەوە.

 

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە سەرجەم کۆمپانیا بەرهەمهێنە جیهانییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن، هیچ لێبووردن و چاوپۆشییەکیان نییە بەرامبەر کارکردنی منداڵان و قبوڵی ناکەن، لە ڕاپۆرتەکەی بی بی سی-دا هاتووە، کۆمپانیای لۆریال کە خاوەندارێتیی لە لانکۆم دەکات ڕایگەیاندووە، پابەندە بە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، کۆمپانیای ئیستی لاودەر، خاوەنی کۆمپانیای ئایرین بیوتی ڕایگەیاندووە، پەیوەندییان بە دابینکەرەکانییەوە کردووە.

 

ئەو گوڵە یاسەمینەی لە بەرهەمەکانی لانکۆم و ئیکات یاسەمینی ئایرین بیوتی بەکاردەهێنرێن، لە وڵاتی میسرەوە دابین دەکرێت، کە نیوەی گوڵی یاسەمینی جیهان لەو وڵاتەوە بەرهەم دێت، دەربارەی هۆکاری کارکردن بە منداڵان لەو پیشەسازییەدا، ئاماژە بەوە کراوە کۆمپانیا زەبەلاحە جیهانییەکان بودجەیەکی کەم بۆ دابینکەرە ناوخۆییەکانی میسر دیاری دەکەن، ئەوانیش بۆ ئەوەی مووچەی کەمتر بدەن بە کرێکارەکان منداڵان بەکاردەهێنن.

 

ئەو منداڵانە ڕۆژانە کاتژمێر ٠٣:٠٠ـی بەرەبەیان دەچنە نێو باخچەکانەوە بۆ ئەوەی دەست بە کۆکردنەوەی گوڵی یاسەمین بکەن، تا بەر لە هەڵهاتنی خۆر بتوانن یەک بۆ دوو کیلۆگرام لە گوڵەکە کۆبکەنەوە و گەرمای بەتینی ڕۆژ زیان بە تەندرووستییان نەگەیەنێت، منداڵەکان زۆربەیان تەمەنیان لەنێوان پێنج بۆ ١٥ ساڵاندایە، بۆ یەک ڕۆژی کارکردن بڕی یەک دۆلار و ٥٠ سەنتیان پێ دەدرێت.