نەتەوەیەکگرتووەکان، تەواوی دانیشتووانی غەززە بەدەست قەیرانی خۆراکەوە دەناڵێنن

ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاوی كردەوە، تەواوی دانیشتووانی غەززە، كە نزیكەی دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار كەسن بەدەست قەیرانى خۆراكەوە دەناڵێنن.

ناوەندی هەواڵ

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی قەیرانەكانی غەززە و نەبوونی خۆراك لەو شارە لە تۆڕی كۆمەڵاییەتی ئێكس ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: لەگەڵ توندتربوونی ململانێكان و زیادبوونی شەڕ، قەیرانەكانی دابینكردنی خۆراك قورستر دەبێت، بەپێی داتای بەرنامەی خۆراكی جیهانی و دەزگاكانی دیكەی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە ناحكومییەكان تەواوی دانیشتووانی غەززە، كە نزیكەی دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار كەسە، بەدەست قەیرانى خۆراكەوە دەناڵێنن.

 

٢٦%ی دانیشتووانی غەززە خۆراکیان پێناگات

ئاماژە بەوەش كراوە، لە هەر پێنج كەسێكی برسی لە جیهان چواریان خەڵكی غەززەیە، لە ٢٦٪ی دانیشتووانی غەززە، كە دەكاتە ٥٧٦ هەزار و ٦٠٠ كەس پێداویستی خۆراکیان پێناگات، بەمەش ئەو كەسانە ڕووبەڕووی برسێتی و كارەسات بوونەتەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەكەدا، لە زاری بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بەرنامەی خۆراكی جیهانییەوە نووسیویەتی: پرۆگرامی خۆراكی جیهانی چەند هەفتەیەكە هۆشداری دەدات لەم كارەساتە، چونكە دۆخەكە نائومێدكەرەوە و كەس نییە لە برسێتی غەززە بپرسێتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەر شەڕ و ململانییەكانی غەززە بەردەوام بێت و توانای گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان بەم شێوەیە بێت، ئەوە لە ماوەی ٦ مانگی داهاتوودا مەترسی برسێتی لە كەرتی غەززە بەردەوام دەبێت.