خۆبەڕێوەبەری داوای هەڵوێست لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات

خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا گرەو لەسەر سیاسەتی قڕكردن و ئاوارەبوون و لەناوبردن دەكات و پشتیوانی لە چەتەكان دەكات، بۆ ئەوەش هێرشەکانی بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

سەبارەت بە هێرش و داگیركەرییەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، سەمەر عەبدوڵا بەرپرسی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری قامیشلۆ، ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ڕای گشتی خوێندەوە و ڕایانگەیاند، دەوڵەتی داگیركەری تورك بە فۆرم و سیاسەتی خۆی چوارچێوەیەكی نەرێنی لە دۆخی سووریادا دروست دەكات، چونكە ئەم دەوڵەتە گرەو لەسەر سیاسەتی قڕكردن و ئاوارەبوون و لەناوبردن دەكات و پشتیوانی لە چەتەكان دەكات.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە دوای شكستی پرۆژەی توركیا لە سووریا و لەدەستدانی كارتی بەكارهێنانی چەتەكان، ڕاستەوخۆ دەستی كرد بە دەستوەردان و شەڕێكی ترسناك دژی سووریاییەكان بە گشتی و دژی ناوچەكانمان بە تایبەتی، ئەو ناوچانەی، كە ڕەتیانكردەوە ملكەچبوونی توركیا و پیلانگێڕییەكەی بن.

 

باس لەوەش کراوە، ئەم دەوڵەتە بە بیانووی درۆ و بیانووی خاڵی لە لۆژیك، دوژمنایەتی بەرامبەر سووریا جێبەجێ دەكات، بەردەوامە لە هەوڵەكان بۆ تێكدانی بارودۆخەكە، توركیا ساڵانێكە ناوچەكانمان بۆردوومان دەكات و دەیكاتە ئامانج بۆ ئەوەی ئیرادەی خەڵك و پێكهاتەكانی تێكبدات، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لەگەڵ هاتنی چەتەكانی داعش دەستیكرد بە بەكارهێنانی جۆرەها چەكی كیمیاوی لە دژی ئێمە، بۆیە ئەم شەڕەی توركیا شەڕێكە لە دژی هەموو سوورییەكان بەبێ جیاوازی و شەڕی دوژمنایەتی ڕوونە بەرامبەر هەوڵەكان بۆ چارەسەر و سەقامگیری.

 

لە چواری ئەم مانگەوە توركیا بەبێ هیچ ڕێگرییەكی نێودەوڵەتی و تەنانەت ئەخلاقی، دامەزراوە گرنگەكان، شوێنە مەدەنییەكان، وێستگەكانی نەوت و كارەبا، نەخۆشخانەكان، وێستگەكانی ئاو و كامپەكانی كردووەتە ئامانج، توركیا بەبێ گوێدانە یاسا و پەیمانە نێودەوڵەتییەكان، زیاتر لە ٤٠ هێرشی ئاسمانی بە ٣٠ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ئەنجامدا.

 

ئەو شوێنانەی لەلایەن دەوڵەتی توركەوە كراونەتە ئامانج بریتین لە:

یەكەم:  كامپی حەسەكە و شوێنی نیشتەجێبوونەكانی دەوروبەری.

دووەم: وێستگەی حمما لە حەسەكە، كە ئاو دەدات بە حەسەكە و لادێكانی دەوروبەری، هەروەها وێستگەی ئاو لە گوندی ڕكبە لە نێوان حەسەكە و تەل تەمر.

سێیەم: بە ئامانجگرتنی بەنداوی جەل ئاغا، كە مەترسی ترسناكی دەبێت لە داهاتوودا.

چوارەم: گوندی تەل حەباش لە عامودا و گوندەكانی تەویلە و گوندەكانی دەردەرا لە تەل تەمر و تەل جومعە، كە زیانی گیانی لێكەوتەوە.

 

پێنجەم: شوێنە نەوتییەكان، لەوانە كاردەهۆڵ، ئقەوس و وێستگەی سیكركە، كە بووە هۆی ئەوەی لە ئەو شوێنانە لەكار بكەون، هەروەها وێستگەی سەعیدە، زەرابە و كێڵگەی عەودە لە تیربەسپیە.

شەشەم: دامەزراوەی غازی ڤیتاڵی سوید، وێستگەی پێدانی كارەبا لە بەنداوی ڕۆژئاوا لە شاری حەسەكە، هەروەها وێستگەی كارەبا لە قامیشلۆ، وێستگەی گواستنەوەی كارەبا لە تیربە سپییە و عامودە، كە كارەبای دەرباسیە دابین دەكات، ئەمەش بووە هۆی زیانێكی گەورە بە وێستگەكە و پچڕانی كارەبا لە ئالۆك.

 

حەوتەم: شوێنەكانی بیناسازی لە قامیشلۆ و كهربەوی، بۆردوومانكردنی ئاسمانی ڕومایال، جگە لە بە ئامانجگرتنی ناوچەی زیوانە لە شەهبا و هەشت گوندی شێروە و شەرا لە عەفرین، ناوچەكانی تەل ڕیفعەت، هەروەها  گوندەكانی عەین عیسا لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كرایە ئامانج.

هەروەها ئەم هێرشانە شەهید و برینداری لێكەوتەوە، بەو پێیەی ژمارەی سەرەتایی قوربانییەكان گەیشتە ١٥ كەس، كە هەشت كەسیان مەدەنی بوون و شەش كەسی دیكەیان لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بوون، هەروەها شەڕڤانێك لە هێزەكانی سوریای دیموكرات شەهید بوو.

 

هەروەها ڕاگەیەندرا، ئێمە لە وەزارەتی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆبەڕێوبەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دووپاتی دەكەینەوە، پێویستە هەموو هێزە نیشتمانییەكانی سووریا كاربكەن بۆ دەربڕینی هەڵوێستێكی ڕوون سەبارەت بەوەی توركیا دەیكات لە سووریا، هەروەها درك بەوە بكەن كە توركیا دەوڵەتێكی پیلانگێڕە دژی یەكگرتوویی سووریا و گەلەكەی و بڵاوكردنەوەی پڕۆژەی فیتنە و دابەشبوون.

 

 هەر بۆیە بانگەوازی پێویست بۆ هەبوونی هەڵوێستی ڕوون دەكەین، لە ناوخۆ و لەسەر ئاستی نیشتمانی و لە سەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هەموو دامودەزگاكانیەوە، نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنجومەنی ئاسایش، دەبێت ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و مرۆڤ درك بە مەترسییەكانی ئەم شەڕە بكەن.