”تێکدانی گۆڕی شەهیدان هەوڵێکی بێهیوایە بۆ سڕینەوەی شکستی داعش و شکاندنی هێمای سەرکەوتن”

ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی کاتی سووریا شاهیدی پێشێلکارییە سەختەکانن، لەوانە تێکدانی گۆڕەکان و وێرانکردنی مەزارگەی شەهیدان، ئەم کارانە بەهۆی هێرشی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر بەها ئایینی و مرۆیی و نەتەوەییەکان شەرمەزارکردنی بەرفراوانی گشتی لێکەوتووەتەوە.

ئەسما محەمەد

قامیشلۆ- تێکدانی گۆڕەکان لەلایەن چەتەکانی هەتەشە لەو ناوچانەی کە ئێستا کۆنترۆڵیان کردووە، بە یەکێک لە پێشێلکارییە ڕەوشتی و مرۆییە ڕاستییەکان دادەنرێت، کە لە ناوەڕۆکی بەها ئایینی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکاندایە.

 

جەواهر عوسمان، بەڕێوەبەر لە لیژنەی کۆمەڵایەتی کۆنگرەی ستار دووپاتی کردەوە، کە هەڵدانەوەی گۆڕ و دەرهێنانی تەرمی شەهیدان لە تابووتەکانیان و گواستنەوەیان بۆ گۆڕستانەکانی تر، پێشێلکردنی ئاشکرای مافی شەهیدان و کەسوکارەکانیان پێکدەهێنێت، هەروەها هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر پیرۆزی مردووەکان و پیرۆزی گۆڕستانەکان، شەهیدەکان ئەوانەن کە ئەم خاکەیان پاراست و زۆرینەیان لە شەڕی داعشدا شەهید بوون، ئەمەش ڕاستییەکە کە هەموو جیهان شایەتحاڵییەتی و دەستکاریکردنی گۆڕەکانیان بێڕێزیکردنە بە قوربانیدانەکانیان و ئەو بەهایانەی کە بە خوێنی پاکیان بەرگریان لێدەکرد، هەوڵێکە بۆ شێواندنی هێماکانی خەبات دژی تیرۆر.

 

لە ڕوانگەی ئایینی و ڕەوشتییەوە ڕوونی کردەوە، کە هەموو ئایین و مەزهەبەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هەڵدانەوەی گۆڕ تاوانێکی ڕوونە دژی بنەماکانی ئایین و هێرشکردنە سەر پیرۆزی مردووەکان و بێڕێزیکردنە بە کۆی کۆمەڵگە، بەبێ گوێدانە پەیوەندییەکی ئایینی یان کولتووری، ئەو دیمەن و پێشێلکارییانە ناتوانرێت لەلایەن هیچ ویژدانێکی مرۆڤەوە قبوڵ بکرێن یان پاساویان بۆ بهێنرێتەوە.

 

جەواهر عوسمان ڕایگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت، کارەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ بیر دەهێنێتەوە، داعش گۆڕستان و شوێنە ئاینییەکانی لە سووریا و عێراق وێرانکرد، هەمان تاوان ئەمڕۆ بە شێوەیەکی نوێ، بە ناوی جیاوازەوە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام بە هەمان عەقڵیەتی توندڕەو کە نەگۆڕاوە، هەوڵدەدەن هەموو شوێنەواری شکستەکەیان لەسەر دەستی ئەو شەهیدانە بسڕنەوە تەنانەت بە تێکدانی گۆڕەکانیان و هێرشکردنە سەر ئەو بەهایانەبێت کە نوێنەرایەتیان دەکەن.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە حکومەتی کاتی لە ڕیزی ئەو سەرکردانەیە کە زۆرترین تێوەگلانیان هەیە لە ئەنجامدانی تاوانی سەخت دژی گەلی سووریا و عێراق، وتی: بوونی لە هەر بوارێکدا پەیوەست بووە بە زنجیرەیەک پێشێلکاریی سیستماتیکەوە، لەوانە کوشتن، ڕفاندن، بڕینی جەستەی مردوو، بڕینی کەزی ژنانی شەڕڤانان، ئەم پێشێلکارییانە ناتوانرێت جیابکرێنەوە لەو ئایدۆلۆژیایەی کە ئەم سەرکردانە پەسەندیان کردووە.

 

”ڕێبازەکە نەگۆڕاوە، بەڵکو بە شێوەی جیاواز نوێ دەکرێتەوە”

جەواهر عوسمان دەریخست کە ئەوان وەک ژن لە کۆنگرەی ستار، و خێزانی شەهیدان و وەک دایکانێک کە لە پێناو ئەم خاکەدا ئازیزانیان پێشکەش کرد، ئەم تیرۆرە ڕەتدەکەنەوە کە ڕژێمە دەوڵەتییەکان و وڵاتانی سەرمایەداری دروستیان کردووە، وتی: تێکدانی گۆڕی شەهیدان هێڵێکی سوورە کە ناتوانرێت تێپەڕێنرێت، ئەم کارانە لە بەردەوامبوونمان لە داواکردنی دادپەروەری و لێپرسینەوە لە بەرپرسان دواناکەوێت.

 

ڕوونیشیکردەوە، بێدەنگی ئەو ڕێکخراوانەی بانگەشەی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن، بێدەنگی دەوڵەتانی کەفیل، سەرەڕای بەڵگەنامەکردنی ئەو پێشێلکاریانە و بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، شەرعیەت بە تیرۆر دەدات و دەرگای پێشێلکاریی زیاتر دەکاتەوە، هاوکات ئازاری کەسوکاری شەهیدان زیاتر دەکات، لەکاتێکدا چارەنووسی ژمارەیەک زیندانی و تەرمی شەڕڤانانی ژن و پیاو نادیارە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەم پراکتیزانە پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەو ڕێبازەی لەسەر بنەمای تیرۆر دامەزراوە، نەگۆڕاوە، بەڵکو بە شێوەی جیاواز نوێکراوەتەوە، دیمەنەکانی بڕینی تەرم و تێکدانی گۆڕ، تاڵانکردنی موڵک و ماڵی مەدەنی و کوشتنی زیندانییەکان دووبارە دەبنەوە، کە ئەمەش کردەوەگەلێکە بەستراوەتەوە بە هەمان عەقڵیەتی توندڕەوەوە کە داعش پێی ناسرابوو.

 

جەواهر عوسمان، بەڕێوەبەری لیژنەی کۆمەڵایەتی کۆنگرەی ستار، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بە مامەڵەکانی لەگەڵ ئەو قەوارانەدا بچێتەوە و پراکتیزەکانیان ئاشکرا بکات و لەگەڵ گەلێک بوەستێت کە خەبات دەکات بۆ سووریایەکی دیموکراتیک و ناناوەندی کە تێیدا ڕێز لە شکۆمەندی مرۆڤ بگیرێت، چ لە ژیان و چ لە مردندا.