تورکیا ١٠ ژن دەستگیردەکات کە بەشداری ڕێپێوانیان کردبوو
ژنان لە تورکیا بە بۆنەی ٨ی مارسەوە ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا و هێزە ئەمنیەکان ژمارەیەک ژنیان دەستگیرکرد.
ناوەندی هەواڵ
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە لە تورکیا ڕێپێوانێک ئەنجام درا لەلایەن ژنانەوە، لە دوای ڕێپێوانەکە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هەندێک لەو ژنانەی بەشداریان کردبوو لە ڕێپێوانەکەدا، ژمارەی ئەو ژنانەی دەستگیرکران بریتیبوون لە ١٠ ژن و گواسترانەوە بۆ دادگای ئەستەنبوڵ.
ڕێپێوانەکە ڕۆژی دوو شەممە ٨ی مارس بەڕێوەچوو لە مەیدانی تەقسیم لە ئەستەنبوڵدا بە دروشمی "کاری سەلامەت، ژیانێکی بێ توندوتیژی، تێکۆشانی بە کۆمەڵ" بۆ داواکردنی مافە لەدەستچووەکانیان، چالاکوانان ناڕەزاییان دەردەبڕی لە دژی دەسەڵات کە بکەرانی توندوتیژی بە سزا ناگەیەنن و هەر زوو هێزە ئەمنیەکان دەروازەی مەیدانی تەقسیمیان داخست.
چالاکوانەکان بریتی بوون لە چالاکانی مافی مرۆڤ نێعمەت تایەری گۆلۆ، ئەبرو سیرت، مەروە بتاش، زەینەب چاقەر، سەدەف عوزێر، پەلین شاهین، بەسرە ئیش سوور، ئیلک نۆڕ بیرۆل و دیڤریم چاپەر.
لە تورکیا ساڵانە چەندین ژن دەستگیر دەکرێن بەهۆی ئەوەی چالاکی دەکەن و داوای مافەکانیان دەکەن، ساڵی پار نزیکەی ٣٤ ژن دەستگیرکران، وە لە ساڵی ٢٠١٦ دا لەکاتی ڕێپێوانێک کە تایبەت بوو بە ڕۆژی جیهانی ژنان ژمارەیەک ژن دەستگیر کران. پۆلیسی تورکیا بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو چالاکی و ڕێپێوانانە گازی فرمێسک ڕێژ بەکاردەهێنێت.
لە زیندانەکانی تورکیادا نزیکەی ١٧ هەزار ژن زیندانی کراون
تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان تیایدا ئەنجام دەدرێت هەر بۆیە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٣٠٠ ژن بە هۆکاری جیاجیا کوژراون هەروەها لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ تا ئێستا ٦٧ ژن کوژراون، لە نێوان ساڵی ٢٠١٣ بۆ ٢٠٢٠ دا ٩٦٥ ژن لەسەر کارەکانیان ژیانیان لەدەست داوە.
ت.پ