توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنانی ئەفغانستان لەناو بێدەنگی و نەبوونی یاسادا بەردەوامە

تۆڕی بەشداری سیاسی ژنانی ئەفغانستان لە راگەیەندراوێکدا کە بۆ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بڵاویکردەوە، دووپاتیکردەوە، ئەوەی ژنان لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی دەبنەوە نوێنەرایەتی قەیرانێکی سیستماتیکی دەکات کە ڕەهەندی پێکهاتەیی و سیاسی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ٢٥ی تشرینی دووەم پیرۆزدەکرێت، کە ئەو ڕۆژە لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکرا بۆ یادی تیرۆرکردنی خوشکانی میرابال لە کۆماری دۆمینیکان لە ساڵی ١٩٦٠، کە بوونە سیمبولی خەبات دژ بە ستەمکاری و توندوتیژی.

 

ڕۆژی ٢٣ی تشرینی دووەم، کە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، تۆڕی بەشداری سیاسی ژنانی ئەفغانستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، توندوتیژی دژی ژنان لەم وڵاتەدا تەنها کێشەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو قەیرانێکی قووڵ و پێکهاتەییە کە کاریگەری لەسەر ژیانی ملیۆنان ژن هەبووە.

 

تییدا هاتووە:لە وڵاتێکدا کە جیاکاری و سنووردارکردن بووەتە سیاسەتی فەرمی، ژنانی ئەفغانستان ڕۆژانە ڕووبەڕووی جۆرە جیاوازەکانی بێبەشکردن و دوورخستنەوە و توندوتیژی دەبنەوە، ئەم توندوتیژییە شاراوە یان بەڕێکەوت نییە، بەڵکو ڕێکخراو و سیستماتیکییە، ژنانی ئەفغانی لە نەبوونی یاسا و دادپەروەری و پاراستنی پێویستدا بوونەتە قوربانی هەموو جۆرە توندوتیژییەک".

 

 

هەروەها تێیدا جەخت لەسەر پێویستی دڵنیابوون کراوەتەوە کە هیچ ژنێک بەهۆی ڕەگەزەکەیەوە مافی خوێندن و کارکردن و ئازادی و کەرامەت و ئاسایشی لێ بێبەش نەکرێت، بەو پێیەی ڕێگریکردن لە دەستگەیشتن بە خوێندن و کار لە ژناندا شێوازێکی ڕوونی توندوتیژییە لەسەر بنەمای ڕەگەزی، هەروەها چەوسانەوە، سڕینەوە و سنووردارکردنی ئازادیی جووڵە و ڕادەربڕین وەک نموونەی دیکەی توندوتیژیی پێکهاتەیی دژی ژنان وەبیردەهێنێتەوە.

 

تۆڕەکە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان کاتێک جێگیر دەبێت کە "بێدەنگی بشکێنرێت، هۆشیاری بەرزبکرێتەوە و هاودەنگی کۆمەڵایەتی بونیات بنرێت"، هەروەها خەبات بۆ مافەکانی ژنان تەنها ئەرکێک نییە بۆ ژنان، بەڵکو بەرپرسیارێتی هەموو مرۆڤێکە کە باوەڕی بە یەکسانی و دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ هەیە، بۆیە داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ دەکات کە پشتیوانی لە هەوڵەکانی ژنانی ئەفغانستان بکەن بۆ گەیشتن بە مافەکانیان.