"توندوتیژی و کوشتنەکان بە ناوی شەرەفەوە پەردەپۆش دەکرێن"
بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، لە ئەنجامی خۆبەڕێکخستنی ژنانەوە بەدەستدێت، پێویستە ژنان دژ بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و توندوتیژیی لە ماڵەکانیاندا بوەستنەوە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- توندوتیژی دژ بە ژنان بەردەوامی هەیە، ژنان لە ناو خێزان و شوێنی کارەکانیاندا ڕوبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هەروەها ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالارییەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەنگی خواردوەتەوە، توندوتیژییەکان بەرەوکوشتنی ژنان دەبات، ژنان لە ناو ماڵاکانیاندا توندوتیژییان بە رامبەر ئەنجامدەدەرێت و پاشان دەشاردرێتەوە، کە خۆی لە چەندین جۆردا دەبینێتەوە، توندوتیژییەکان هەموو جۆرەکانی دەستدرێژی دەگرێتەوە، کە زۆرجار ئەندامانی خێزان و بەتایبەت ژنان و منداڵان تووشی دەبن، لەوانە توندوتیژیی جەستەیی، توندوتیژیی دەروونی، توندوتیژیی سێکسی وتوندوتیژیی ئابووری، بۆیە خۆ بەڕێکخستنکردنی ژنان توندوتیژییەکان بەرەوکەمبونەوە دەبات.
"توندوتیژییەکان بۆ پەروەردەنەکردنی تاک دەگەڕێتەوە"
تریفە ناسیح، بەرپرسی پەیوەندیەکانی پارتی سەوز و چالاکوانی ژنان، ئاماژەی بەوەدا، کوشتنەکانی ژنان بۆ نا هۆشیاری کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە، بەجۆرێک کوشتنەکانی ژنان لە نزمی ئاستی هۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگەوە سەچاوە دەگرێت، هۆشیارنەکردنەوەی خێزانەکان توندوتیژی دژ بە ژنانی لێ دەکەوێتەوە، کوشتن و توندوتیژییەکان زیاتر لە ناو خێزانەکانەوە سەرچاوە دەگرن، کە کوشتنەکان بە ناوی شەرەفەوە پەردەپۆش دەکرێت، ئەقڵیەتی پیاوسالاری ژنان بە شەرەفی خۆیاندەزانن، لە کاتێکدا هەر مرۆڤێک لە شەرەفی خۆی بەرپرسە، هەرچەندە خێزانەکان لە ڕێگەی پەردەپۆشکردنی کوشتنەکانەوە هەوڵ بۆ پاراستنی نێرێک لە خێزانەکەدا دەدەن، تا پیاوان نەچنە زیندانەکان و پاشان خێزانەکەیان لە کۆمەڵگەدا ڕوبەڕووی شەرمەزاری نەبێتەوە، بۆیە هەوڵی پەردەپۆشکردنی دەدرێت، هەروەها لە ڕێگەی دادگاکانیشەوە پەردەپۆش دەکرێت، کاتیک کەیسێکی کوشتن دەبرێتە دادگاکان خێزانەکان بە سوڵحی عەشایەری یان لێخۆشبوون کەیسەکە کۆتایی پێ دەهێنن.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کوشتنەکانی ژنان ناکرێت پەردەپۆش بکرێت، ئەگەر لە خێزانەکانەوە پەروەردەی دروست هەبێت، کار بە کوشتنی ژنێک لە خێزان یان دەرەوەی خێزان ناگات، هەروەها ئیمە خۆمانین ڕێگە بە کوشتنەکان دەدەین، چونکە پەروەردەنەکردنی تاکێک بۆ کۆمەڵگە کوشتن و توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە.
"ژنان لە یاساکانی توندوتژی دژ بە ژنان هۆشیار بکرێنەوە"
ڤیان محەمەد حسێن، پارێزەری ڕاوێژکار، وتی: کەیسەکانی کوشتن و توندوتیژییەکان بەردەوام ڕوو لە دادگاکان دەکەن، هەروەها یاسا بۆ کەیسەکان ڕێگە بە سوڵحی عەشایەری نادات، سوڵحی عەشایەری بۆ دەرەوەی یاسایە و هەڵقوڵاوی دابونەریتی کۆمەڵگەی پیاوسالارییە، بە جۆرێک کەیسەکە لە دەرەوەی دادگا و یاسا لە لایەن دوو بنەماڵەوە دانیستنی لەسەر ئەنجام دەدرێت، پاشانیش لە ڕێگەی پاشەکشێ لە کەیسەکە لە دادگادا لێخۆشبوون لە تاوانبار ئەنجامدەدەن، لێرەدا داگا تەنها مافی گشتییەکەی بەسەردا جێبەجێدەکات، هەروەها لە ماددەی ٤٠٦ی سزادانی عێراقیدا، کوشتنەکان تێیدا ڕوبەڕووی یاسا دەکرێنەوە، یاساکەش تەنها تایبەت نیە بە کوشتنی ژنانەوە، بەڵکو بۆ هەموو جۆرەکانی کوشتنە، بەڵام لە ڕێگەی ماددەی ٤٠٦ی عێراقییەوە تاوانبار سزایی بەسەردا دەسەپێندرێتم هەروەها بە گوێرە ئەنجامدانی تاوانەکە سزای تاوانبار دەدرێت.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا جەختی لەوەکردەوە، پێویستە ژنان لە بەرامبەر توندوتیژییەکان بێدەنگ نەبن و ڕوو لە دادگاکان بکەن، تا بتوانن مافی خۆیان وەربگرنەوە، وشەی شەرمکردن لە کاتی ئەنجامدانی توندوتیژی و کوشتندا با لە بیری ژناندا نەمێنێت، هەروەها لەو تاوانانەی بەرامبەریان ئەنجامدەدرێت بێدەنگ نەبن، ئێستا وەک سەردەمانی زوو نەماوە، بێگومان یاساکان مافەکانیان دەداتەوە، هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، لە هەرێمی کوردستان چەندین ڕێکخراوی ژنانمان هەیە، کە دەتوانن لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینارەکانیانەوە هەوڵی بەردەوام هۆشیارکردنەوەی ژنان بدەن، هەروەها لە ڕێگەی هێنانی چەندین پارێزەر و کەسی بەتواناوە بتواندرێت هۆشیاری بە ژنان بدرێت، تا هۆشیاربن بەرامبەرمافی خۆیان لە دادگادا.