تولای حاتەم ئۆغولاری: کاردەکەین بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال
تولای حاتەم ئۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن پرۆژەیاسایەک ئاڕاستەی پەرلەمان بکەن بۆ ئەوەی ئەنفال وەک 'جینۆساید' بناسرێت.
ناوەندی هەواڵ
تولای حاتەم ئۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" لە کۆبوونەوەی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، دەربارەی پرسەکانی کۆمەڵکوژی ئەنفال، ڕووداوەکانی ئێران و پرۆسەی ئاشتیی قسەی کرد.
لە سەرەتای قسەکانییدا، بەڕێزدارییەوە قوربانیانی کۆمەڵکوژی 'ئەنفال'ـی یاد کردەوە و کارەساتەکەی وەک 'ڕۆژێکی ڕەش و کاریگەر' لە مێژووی کورداندا پێناسە کرد و وتی: بە سەدان هەزار کەس کۆمەڵکوژ کران و گوندەکان کران بە گۆڕستان. ئەم ئازارە بۆ هەمیشە لە بیرناکەین و داوای دادپەرەوەی دەکەین. ئەمساڵیش وەک هەموو ساڵەکانی دیکە، تا ئەوەی تورکیا خوشک-برایەتی نیشانی کوردان بدات، 'پرۆژەیاسایەکی کۆمەڵکوژی ئەنفال' پێشکەشی پەرلەمان دەکەین، تا ئەوەی وەک 'جینۆساید' پەسەند بکرێت.
لە درێژەی قسەکانیدا، هاوسەرۆکی دەم پارتی، سەرنجی خستەسەر ڕووداو و ئاڵۆزییەکانی ئێران و بە ئەرێنی باسی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست کرد و گوتی: "دەبێت ڕژێمی ئێران کۆتایی بە گوشاری سەر خەڵک و لەسێدارەدانی دەنگە ناڕازییەکان بهێنێت، دەبێت ئێران دیموکراتی ببێت، نادیموکراتیبوونی ئێران دەرفەت بۆ دەستوەردانی کۆڵۆنیاڵیستی دەڕەخسێنێت. وەک دەم پارتی لە دژی شەڕین.
دەربارەی پرۆسەی ئاشتی
تولای حاتەم ئۆغولاری ڕایگەیاند، هەڵسەنگاندنیان بۆ زۆرێک لە ڕووداو و قەیرانە هەنووکەییەکان لە کاتی کۆبوونەوەکەیاندا کردووە و وتی: لەسەر ئەم پرسانە بۆ بەهێزکردنی تێکۆشان هەڵسەنگاندنمان کردووە. پلانمان بۆ ئەو کارانە دانا کە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد دەتوانێت ئەنجامی بدات. زۆرێک لە زیندانیانی سیاسی وەک فیگەن یوکسداغ، سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئەکرەم ئیمامۆغڵو و جان ئاتالای بە شێوەیەکی نایاسایی لە زیندانەکاندان. جارێکی دیکە لێرەوە سڵاو لە زیندانیان دەکەین.
هەروەها عەلەوییەکان پشتگوێ دەخرێن. عەلەوییەکان دەیانەوێت بە فەرمی باوەڕەکەیان بناسرێت و هەموو مافەکانیان لە چوارچێوەی هاووڵاتیبوونی یەکساندا جێبەجێبکرێت. هەروەها ژنان دەکوژرێن و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بەڵام وەزارەتی خێزانی و کۆمەڵایەتی وەک ئەوەی بوونی نەبێت کاردەکات. لەلایەکی دیکەوە ئەم گەلە دەیەوێت سەپاندنی قەیوم کۆتایی پێبێت و هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
فشارەکانی سەر ئۆپۆزسیۆن کۆتایی پێبهێنن. ئەم فشارە کاریگەری نەرێنی لەسەر پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەبێت. دەبێت دەسەڵات گوێ لە گەل بگرێت و کۆتایی بە سەپاندن بهێنێت. بۆ ئەمەش لە خەباتەکانمان بەردەوام دەبین و چی دەبێت با ببێت دەست لە تێکۆشان هەڵناگرین.